ئەدەب و هونەر

رۆچوونە نێو دەقێکی شاعیر (کەژاڵ نوری)

مەودا میدیا - سلێمانی |


رۆچوونە نێو دەقێکی شاعیر (کەژاڵ نوری)
رەنگین مەلا سەمەد

پێشئەوەی بچینە سەر لێکدانەوەی وشە، دەستەواژە و رستە جوان و دانسقە ئەدەبییەکانی ژنە شاعیر (کەژاڵ نوری)، دەبێت هەندێک لەبارەی شێواز و مەیل و خووی بەرانبەر بە دەربڕینی هەستەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردنییەوە بدوێین.
شاعیر لەگەڵ ئەوەی خاوەن هەستێکی تەواو تەڕ و تژییە لە بزواندن، بوێریشە، بەجۆرێک بوێرییەکەی پانتایی باڵای رەگەزی بەرانبەر دادەپۆشێ و نوقمی ئەوینێکی راستەقینەی دەکات، یاخییە لە هەموو ئەو دابونەریتە چەقبەستووانەی لە چوارچێوەیەکدا دەخوولێنەوە و هەزاران ژنی بە پێخاوسی، لەڕێی دەربڕینی هەستە بزوێنەر و جوڵێنەرەکانییەوە کردووەتە قوربانی.
شیعرنووسینی کەژاڵ نوری ئیلهامێکی سرووشتیی تەنراوە لە هەست و سۆز، نەک ئەزموونێکی پێکهێنەر و پێکەوەنراو، شیعرەکانی ئەو لە خەیاڵدانێکی پڕ لە رامان و هزرێکی زیتەڵەی ژیر و دەروونێکی تەواو رەهاوە دێتە بوون و خوێندنەوەیان سەرنج و مەیل و ناخیشت بەرەو لای هەموو جوانییەکانی نووسین و ئەدەب پەلکێشدەکات.

کەژاڵ نوری خاوەن شێوازێکی تایبەتە لە دەربڕین و نووسیندا، سڵناکاتەوە، بوێرە، هەستەکانی بۆ دەربڕینی ئەوین و گوزارشت لێی، پەنهان ناکات. ئازا و ئازادە لە دەربڕینی واقع و مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکانی چواردەوردا.
بەرانبەر نادادی و ناڕاستیش، دەنگێکی زبر و قەڵەمێکی تیژ و کەسایەتییەکی شەڵاڵە لە داکۆکیی.
ئەو! هەموو دەم و کات و سات و هەموو بەرکەوتنێک هەوێنی لەدایکبوونی (وشە تازە و نەوتراو نەبینراوەکان)ە، فەرهەنگێکی تایبەتە لە وشە، ئەو بە نووسینەکانی، لەنێو دنیایەکی دوور لە فانتازیا، وێنەکان واقعییانە نمایش دەکات.
نووسین لای کەژاڵ نوری، هاوشێوەی چاخواردنەوە و قاوە خواردنەوەیە و بووەتە بەشێکی گرنگ و تەواوی ژیانی داگیرکردووە. ئەو بەجۆرێک لەگەڵ نووسین ئاشنایە، کە ئامادەیە لەبەردەم دەقەکانیدا کڕنووشی وابەستەبوون بنوێنێت. هەردەم دەنووسێت و بێزار نابێت، ئەو تەنانەت شیعری ئیرۆتیک دێنێتە بوون و شەڕی بوێری و هاتنە مەیدان بۆ بردنەوە لەگەڵ رەگەزی بەرانبەردا دەکات.
تازەترین شیعریشی کە هەموو ژنە شاعیرێک بوێری ئەوە ناکات دەستی بۆ ببات و قەڵەم بۆ نووسینەوەی هەڵگرێت، شیعرێکی تەواو ئیرۆتیکە بەناوی (نیمیت و هەیت)ە.
کاتێک پیت و دێڕەکانی ئەم شیعرە دەخوێنیتەوە، لەش موچوڕکە و چاوەکان فرمێسکیان پیادێت و لێوەکان ئاڵ و پەنجەکان لەرزین و دڵەکان ترپە و ناخەکان خورپەی ئەوین و جەستەکانیش تەز و چێژیان پیادێت.

لە سەرەتاوە شاعیر ‌بەو جۆرە باسی ئەوینەکەی دەکات کە بەجۆرێک هزر و هۆشی داگیرکردووە بێئاگا لەوەی خودی خۆی بناسێتەوە و بزانێت کە کێیە، دوورە لێی، بەڵام بەجۆرێک تێکەڵی بووە، کە ئاگادارە لە ترپەی دڵ و هەناسەدانی، لە مەیداندا نییە! بەڵام هەموو خوو و مامەڵە و رەوتارێکی ئەوە، بە چاوەکانی بوونی نایبینێت وەکو عاشقێک، بەڵام هەموو بەری بەیانێک هاوشێوەی کزە بایەکی فێنک و ئارام خۆی لە تاڵە قژەکانی دەئاڵێنێ و بە نەرمە ئەوینێکەوە خۆی بە یاریکردن لەگەڵ یارەکەیەوە سەرگەرمدەکا.ت
ئەو بە ئەوینەکەی دەڵێت هەرگیز وابەستەت ناکەم بە خۆمەوە، بەڵام لەبیریشت ناکەم و قەت کۆن نابیت لە یادگەم بەم جۆرە:

مێشکم پڕبووە لە تۆ و
خاڵی لە ناسینەوەی خۆم
دووریت و لە مندا هەناسە دەدەیت.
نیمیت و هەموو شتێکم بووە بە تۆ
ناتبینم و بەیانیان  وەک کزەبایەکی فێنک
لەگەڵ سەرتاڵەکانی قژمدا،
خەریکی یاریکردنیت
ناتگرم و شەوانە وەکو چەند دڵۆپێک،
رۆنی دژەپیریی
دەتڕژێنمە سەر پێستی لەشم،
 تا یادت بپارێزم، لە کۆن بوون.


ئەو خەیاڵی پێکەوەبوونی خۆی و ئەوینەکەی هاوشێوەی خەونێک باسدەکات کە چۆن دوو ئەوین هەڵوەدای یەکدی دەکەن و دەیانەوێت تاسووقی یەکدی بە باوەش و ماچ و رامووسان و یەکتر گەوزاندنەوە بشکێنن، ئەو خەونەش‌ بۆ ئەمی ژن راچڵەکین و دۆڕانە و بۆ ئەوی یاریش بردنەوە و چێژی یاریکردنی عەشق و ئەوین و دەستبازییە بەوەی، بەم کردەوە بزوێنەرانە سەرنجی ئەو بۆ ئەبەد رادەکێشێت و شوێن پەنجە و دەستبازییەکانی بەسەر گەردن و مەمک و جەستەیەوە دەبنە یاد و یادەوەرییەکی خۆش و پڕاوپڕ لە چێژو مەستبوون و شێتی، هەروەک بەم جۆرە کە دەڵێت:

ئەمشەو لە خەونمدا،
لە باوەشتدا بووم و پێشبڕکێی،
 زۆرترین ماچکەرمان دەکرد
من دۆڕاندم و لە پڕ راچڵەکام
بینیم هەردوو لێوت وەک توێژاڵ
بەسەر زمانمەوە جێمابوون
نووستمەوە،
لە باخێکدا خەریکی هەنار رنین بوویت
کە سەیری سەبەکەتەکەتم کرد،
هەموو ستیانەکانمی تیابوو
راچڵەکام و بینیم زمانت وەک گوڵەهەنار
لەجێی گۆپکەی مەمکم رووا بوو
لێک دوورکەوتووینەتەوە و کەچی،
بمەوێ بۆ هەرجێیەک بڕۆم،
پێڵاوەکانم شەق دەبن لەپێمدا و
کە سەیر دەکەم،
ژمارەی قەبارەی پێیەکانی تۆم کڕیووە.
نەک هی خۆم.


پاشان دەکەوێتە گازندە و دەڵێت لە یەک شوێنێن، بەڵام بەجۆرێک خۆت ونکردووە تەنانەت بە تێلیسکۆبەکەی جەیمیش وێبیش ناتوانم بەدواتدا بگەڕێم و لەو ونبوونەدا بتدۆزمەوە، راستە دیارنیت، بەڵام جێگەت دڵە، هاوشێوەی خوێن بە دەمارەکانمدا هەڵواسراوی وەک ئەو نەخۆشەی کە هەڵگری تالاسیمایە و پێویستی پێیەتی، لە رۆحتدام، بەڵام تۆ هەست بە گەورەیی بێ منی ناکەیت، لەچاوەکانمدایت، بەڵام نیگا و رووخسارت نابینم، لەگەڵ هاتنی بەیانیانیش وەکو سپرای لە پرچم دەتئاڵێنم.

لێرەوە گلەییەکانی ژنە شاعیر کەژاڵ نوری لەوپەڕی نائومێدبوون لە بوونی یارەکەی و هەستنەکردن بەو جوانییەی دێتە بوون و هەڵدەکشێت، بەوەی یارەکەی هاوشێوەی دڵۆپە ئارەقێک کە دەڕژێ بەسەر شان و ملیدا بە ناچاری و بێ ویستی خۆی بە پارچە کلێنسێک دەیسڕێت و فڕێی دەدات، بە لۆچیی سەر ملی بەساڵاچوویەک دەیچوێنێ و پێیوایە دەنگێکی هەبووی بێکەڵکە و پێوەی نووساوە، هەوەک بەم جۆرەی باسی دەکات و دەڵێت:

لەسەر زەوییەکین کەچی ئەوەندە نادیاریت
بە تەلیسکۆبەکەی جەیمس وێبیش بۆت بگەڕێم
لەسەر هیچ هەسارەیەک ناتدۆزمەوە
لە دڵمدایت و نەک ناسوڕێیتەوە بە گیانمدا
دەڵێی بە بوتڵێ خوێنەوە بەخشیوومی،
بە تووشبوویەکی نەخۆشیی سالاسیما
لە رۆحتدام و کەچی هەست،
 بە زەخمی "بێ خۆت" ی من ناکەیت
لە چاومدایت و نیگایەکت نابینم، سەیرم کات
بەیانیان وەکو سپرای قژ،
 ئەتدەم لە پرچم و کەچی،
ناگەیت بە ئێوارە و تک تک،
وەکو دڵۆپەی ئارەقە،
دەڕژێی بەسەر شان و ملمدا و، بە ناچاری،
بە پارچە کلێنسێک دەتسڕم و فڕێت دەدەم.
وەکو لۆچێکی پیریی بە ملمەوە نووساویت و
کە قسە دەکەم،
ڤۆلیومی دەنگی تۆ دەگاتە گوێی خەڵکی،
نەک هی من.


لەکۆتاییشدا شاعیر کەژاڵ نوری باسی هۆگربوون و پەیوەستبوونی یەکەم دەمی خۆی و ئەوینەکەی دەکات و پێیوایە لە وەسفی ئەوینەکەیاندا خۆی هاوشێوەی کەسێکی رووت لەنێو کۆڵان و یارەکەشی پڕ بەرگ لە وەسف و ئەوینە، باسی بینینی ناخیشی دەکات کاتێک دەچێتە بەر ئاوێنە، بە بەرکەوتن و بینینی برین و ئاهی ناخی ئەم، رەنگی رووخساری ئەوی ئەویندار قاوەیی هەڵدەگەڕێ و چێژی ماچی پڕ لەزەتی ئەودەمی سەردەمی ئەویندارییان تاڵ دەبێ، بە سوراو و جوانکاری ئەویش، هەستی یار دەجوڵێ و دەیبزوێنێ، لەناو یاردا تواوەتەوە کەچی هەست بەبوونی ناکات، دواتر دەکەوێتە لۆمە و گلەیی و پێی دەڵێ بەجۆرێک نزیکم لێت کە دەستم لێ نادەیت، لەپێناو ئەو عەشقە دەکەوێتە قسەکردن لەگەڵ خۆو ئەویش جۆرێک باسی لێوە دەکات خۆی بە دنیا و ئەویش بە قیامەت دەچوێنێ و پێیوایە هێندەی دنیا و قیامەت دوورن لە یەکەوە و ناشزانێت هاتن و جێهێشتنی یارەکەی کامیان یەکەمجار بووە. هەروەک بەم جۆرە دەڵێت:

بەشێوەیەک بە باڵای تۆدا ئاڵاوم
کە دەچمە دەرەوە تەنیا تۆ دەگۆڕم و لە کۆڵان،
 دەبینم خۆم، بە رووتی هاتووم
کە دەچمە بەر ئاوێنەکەم و
 هەڵمی ئاهێکمی بەرەکەوێ
رووخسارت رەنگی قاوەکەی من دەگرێت و،
ماچی ناودەمت  تاڵ دەبێ
سوراو دەکەم، 
کوڵمەکانت دەبنە ئەتڵەسی پەمەیی
برۆم چاک دەکەم،
ریش و سمێڵی تۆش دەبنە ساکسۆکی.
لە تۆدام و هەستم پێناکەیت،
 لە مندایت و لەمسم ناکەیت
ئەوەندە نزیکیت لێمەوە دووریت،
دەڵێی دنیا و قیامەتین
ئەوەندە عاشقانە رقم لێتە!
دەڵێی یوسف و زوڵەیخاین
هی من نیت و شەڕی بوونت،
 بە هەموو ژنێک دەفرۆشم
هی تۆم و دەستم دەخەیتە، 
دەست هەموو پیاوێکەوە و
خۆت نا.
بەجێم دێڵی،
تا بزانیت وەکو شوێن پێ دووات دەکەوم؟
جێت ناهێڵم
 تا بزانم وەکو رێبەر پێشمەکەوی؟
نیت و کەچی وەک فەلسەفەی بوونگەرایی
نازانم کەی بیرکردنت،
 کۆتایی دێ؟
هەیت و کەچی وەکو مریشک و هێلکەکە،
ئێستاش نەمزانی رۆیشتنت لە پێشدا بوو
یان هاتنت؟
ئەی بە قوربان!!

ر.س
Qaiwan
Qaiwan