هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

ی.ن.ک و پ.د.ک هاوبەش نین لە هەڵەی مێژوویی و دروستکردنی کۆسپ


ئەوەندەی پێتان کرا لەناو خودی یەکێتیدا هەنگاوی لاوازکردنی حزبەکەتان نا، کە لێشی چوونە دەرەوە ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان لەگەڵ پارتی بیکەنە شەریکە بەشی گەندەڵی و نادادی و دروستکەری ئەم دۆخەی ئێستا هاتۆتە پێش! بە حساب ناڕەزاییەکانتان لە نەوەستانەوەی یەکێتی بوو بە رووی پارتیدا، کەچی خاوبوونەوەیەک زاڵ بوو بەسەر هزری بەناو سیاسەتاندا، بەجۆرێک ئێستا هەر کە باسی گەندەڵییەک، تاوانێک یان هەڵەیەکی کوشندە تا دەگات بە هەموو کەمتەرخەمییەکان دەکەن، وێڕای ناوی پارتی، ناوی یەكیتیشی تێدەکەن، ئەمەش نادادییەکی گەورەیە و هەڵسەنگاندنێکی بێمانایە، کە پێشتان دەڵێن ئەمە ناڕاستە، دەڵێن ئێمە گلەیی لە یەکێتی زیاتر دەکەین، چونکە ئەوان رێگەیان دا پارتی وا بکات.

یەکێک لە چالاکوانەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی ساڵی 2013 کە چووە ناو پەرلەمانیشەوە لەسەر حسابی بوختان و ناو و ناتۆرە و چەواشەکردنی خەڵک، لەکاتی سەردانی ئەردۆغاندا بۆ هەولێر دەڵێت: (ئەم دوو فاقیی و ناڕوونییانە لە هەڵوێستی یەکێتیدا دوو هێندەی هەڵوێستەکانی پارتی مەترسی هەیە لەسەر دیموکراسیەت و رای جیاواز ، مامەڵەکردن لەگەڵ پارتێکی دیکتاتۆری خۆسەپێنی رۆشن( مەبەستی پارتییە) زۆر ئاسانترە لە مامەڵەکردن لەگەڵ حزبێکی دیموکراتی، دیکتاتۆری، نیشتمانپەروەری خۆسەپێنی، چەپی، سەلەفی).

یەکەم جێی داخە کە کەسانی لەم جۆرە دەم لە سیاسەت وەردەدەن، چونکە باشی لێ تێناگەن، تۆ کە بڵێیت نیشتمان پەروەرە، ئیتر چۆن دیکتاتۆرە؟ ئەگەر خۆسەپێنە چۆن دیموکراسییە؟ ئەگەر چەپە چۆن سەلەفییە؟.
ئەمەریکییەکان دەیگێڕنەوە کاتێک دەچنە کۆبوونەوەیەکەوە لەگەڵ سەرۆک مام جەلال، دەبینن نوێنەری هەموو لایەنە نەیارەکان لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدارن، ئەوان بەوە سەریان دەسوڕمێت کە سەرۆک مام جەلال بە چ توانایەک توانیویەتی ئەم هەموو ئاڕاستە جیاوازانە کۆبکاتەوە؟ ئەمە سیاسەتی حەکیمانەی مام جەلال بوو، ئێستاش یەکێتی پەیڕەوی دەکات.

بەوجۆرە کەسانە دەڵێم، ئێوە کام دیموکراسیتان کردۆتە ئامانج و دەتانەوێت لەسەری کار بکەن؟ ئەی کێ بوو بەرسەرای سلێمانی کردە شوێنی نوێژی هەموو لایەنە ئیسلامییەکان و پێشەنگیی دەکردن؟.
دەزانن لە هەر وڵاتێکی ئەوروپی کە ئەسڵەن کۆمەڵگەی ئیسلامیی نین، بەڵام ژمارەی مزگەوت و کۆمەڵە ئیسلامییە جۆراوجۆرەکان لە زۆرێك لە شارەکان، لە ژمارەی کڵێساکان زیاترن، خۆ ئەوانیش سیستمی دیموکراسی و هێڵە باشەکانی بەرەی خەڵک پەیڕەو دەکەن؟.

هەمووان دەزانن ئەو ئازادییە پڕ مانا و ناوەرۆکەی لە دەڤەری ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەبووە و هەیە، لە هیچ کونجێکی دەڤەری ژێر دەسەڵاتی پارتیدا نییە، ئەو باسانەی پەیوەستە بە گەندەڵی و دزینی نەوتەوە، کەسێک لێی بەرپرسە کە وەزیری سامانە سروشتییەکان بووە و هەمووی بەئاگاداری پارتی دیموراتی کوردستان کراوە، ئەوەی بڕیاری ریفراندۆمی دا و ئێمەی گەڕاندەوە بۆ دواوە، بەجۆرێک دەبێت پێیەکمان لە بەغدا بێت و یەک لە هەرێم بۆ بەدەستهێنانی مووچەی مانگانە، پێشتریش بودجەی ساڵێکمان وەردەگرت! یەکێتی نەبوو!، کێ داعشی هێنا؟ خۆتان دەزانن.، ئەی کێ زۆرتیرین قوربانیی بەرەنگاربوونەوەی داعشی دا، ئەمەش دەزانن، کێ داوای کرد یاسای هەڵبژاردنی هەرێم هەموار بکرێتەوە و کێ رەتی کردەوە؟ کێ دەرگای پەرلەمانی بۆ ماوەی دوو ساڵ داخست و ئێوەش نوتقتان نەما؟.
ئێستا کێیە لە هەڵبژاردن خۆی دەدزێتەوە چونکە دەزانێت رێگەی تەزویر بڕاوە و بەهەقی خۆی ئەوەی هەیبوو نایهێنێتەوە؟.

ئەوەی هەولێری بە سوور رۆشن کرد زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی ئاسایشی سلێمانی رێگەی نەدابێت چەند کەسێک خۆپیشاندان بکەن لە دژی هاتنی ئەردۆغان، ئەمە شتێکی ئەمنییە نەک هەڵوێستی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو لێدوانە کورتەی سەرۆکی یەکێتی پافڵ جەلال تاڵەبانی وەڵامە بۆ ئەو سەردانە نەک رێگەدان و نەدان بە چەند کەسێک خۆپیشاندان بکەن.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan