ئابووری

نرخی زێڕ بە بەرزی مایەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


نرخی زێڕ بە بەرزی مایەوە


پاش داخستنی بازاڕەكان لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا، نرخی زێڕ بە بەرزی مایەوە و هیچ دابەزینێكی بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر نەكرد.

نرخی یەك ئۆنسە زێڕ رۆژی هەینی پاش داخستنی بازاڕەكان لە 3,327 دۆلاردا مایەوە، بەپێی وتەی شارەزایانیش ئەم هەفتەیە چەند هۆكارێك ئاراستەی زێڕ دیاریدەكەن كە گرنگترینیان پەیوەندییەكانی ئەمریكا و چینە. 

پێشڕەو محەمەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند"چەند هۆكارێك وایان كردووە كە نرخی زێڕ بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوە كردووە لەوانەش، دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەكانی دیكە و ناكۆكییەكانی نێوان چین و ئەمریكا كە گەورەترین دوو زلهێزی ئابووری جیهانن".

وتیشی"بۆ ئەم هەفتەیە ئەنجامی دانیشتنی نێوان چین و ئەمریكا لەسەر كاروباری بازرگانیی نێوانیان ئاراستەی زێڕ یەكلایی دەكاتەوە، كە ئەگەر ئەرێنی بێت ئەوا دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی زێڕ، بەڵام بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ و رەنگە لوتكەیەكی نوێش ببینێت". 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد"پێویستە ئەو كەسانەی مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی زێڕ دەكەن پەلە نەكەن لە مامەڵەكردن و سەیری ئەنجامەكانی گفتوگۆی نێوان چین و ئەمریكا بكەن، چونكە ئەوە ئاراستەی بازاڕ دیاریدەكات".
ئ پ 

Qaiwan
Qaiwan