کوردستانی

لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتییان

مەودا میدیا - سلێمانی |


لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتییان


مەودا میدیا-
بەیانی ئەمڕۆ لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان لە بەشێك لە بازاڕەكانی شاری سلێمانی ئەنجامدا. 

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند"مەبەست لەو هەڵمەتەی ئەمڕۆیان بۆئەوەیە بزانن تاچەند مەرج و رێنماییەكانی تەندرووستی و ڤێتێرنەری لەلایەن فرۆشیاران و دووكانداران بە تایبەت گۆشتفرۆشانەوە جێبەجێدەكرێت بۆئەوەی هەموولایەك دووربن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون". 

وتیشی"زۆربەی ئەو شوێنانەی سەردانیان كردوون رێنماییەكانیان جێبەجێكردووە و بە رادەیەكی زۆر باش پابەند بوون بەو مەرج و رێنماییە تەندرووستی و ڤێتێنەرییانەی كە پێشتر بۆیان دەركراوە لەگەڵ ئەوەشدا هەموو گۆشتفرۆشان خاوەنی مۆڵەتی تەندروستی و یاسایی بوون".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد"هەموو هاوڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە كە هەموو ئەو ئاژەڵانەی سەردەبڕدرێن پێشتر لە كوشتارگەكان پشكنینیان بۆ دەكرێت و دوای سەربڕینیشیان مۆر دەكرێن بۆئەوەی دڵنیایی بدرێت لە پاكوخاوێنییان". 

داواشی لە هاوڵاتییان كرد كە بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان و دووربوونیان لە هەر نەخۆشی و پەتایەك بە هیچ شێوەیەك بیر لەوە نەكەنەوە كە ئاژەڵ لە دەرەوەی كوشتارگەكان سەرببڕن یاخود گۆشتی ئاژەڵ لەسەر شەقامەكان بكڕن.  
ئ پ 


Qaiwan
Qaiwan