کوردستانی
کارەبای 24 کاتژمێری بارگرانییەکی ترە بۆ هاوڵاتییان
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد پڕۆژەی رووناکی بەو نرخە و شێوازی ئێستا دەبێتە تاریکی بۆ هاوڵاتییان و بۆ کۆمپانیایەکی دیاریکراو و بەشێک لە بەرپرسانیش دەبێتەهۆی دەوڵەمەندبوون.
مستەفا عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "حکومەتی هەرێم تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە گرفتی کارەبا و سووتمەنی چارەسەر بکات بۆ ئەوەی هاوڵاتییان بۆ گەرمکردنەوە و فێنکردنەوەی خۆیان بەکاریبهێنن لە کاتێکدا گوزەرانی مووچەخۆران و هاوڵاتییان لەوپەڕی خراپیدایە، چۆن دەکرێت پارەی کارەبایان لەسەر زیادبکرێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "پڕۆژەی رووناکی یان کارەبای 24 کاتژمێری تەنها بۆ خەڵەتاندنی هاوڵاتییانە، ئەرکی حکومەتە کارەبا و خزمەتگوزاریییەکانی تر بۆ خەڵک دابین بکات نەک بازرگانی بەسەر هاوڵاتییانی خۆیەوە بکات بە بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا لە 18 دینارەوە بۆ 72 دینار، کە کارپێکردنی تەنها چەند گڵۆپێکی چەند واتی مانگانە 40 بۆ 50 هەزار دینار پارەی کارەبات بۆ دێتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو "لەئێستادا هاوڵاتییان کاروباری ناو ماڵەکانیان لەو چەند کاتژمێرەدا جێبەجێ دەکەن کە کارەبای نیشتمانی هەیە، بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی کارەبا لەچوارچێوەی کارەبای 24 کاتژمێری ئەگەر کەسێک 158 کیلۆوات کە دەکاتە یەک ئەمپێر بەکاربهێنێت مانگانە 11 هەزار و 500 دیناری بۆ دێتەوە، هەر ماڵێک بە لایەنی کەمەوە مانگانە پێویستی بە 10 ئەمپێر هەیە کە دەکاتە 243 هەزار دینار، کە خۆیان بڵاویانکردووەتەوە".
باسی لەوەشکرد "پێویستە حکومەت پێداچوونەوە بە نرخی کارەبای 24 کاتژمێریدا بکات هەرچەند دەسەڵاتدارانی هەرێم متمانەیان لای هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان نەماوە، بۆیە پێویستە پڕۆژەی رووناکی ببرێتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بکرێت لەبەرژەوەندی خەڵک بڕیاری لەسەر بدرێت ئەوکات ئاڕاستەی حکومەت بکرێتەوە، بەڵام حکومەتی ئێستا دووساڵە بەسەرچووەو متمانە پێدراونییە".
ب ح
بیروڕا



