د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

زمانی دووەم و کاریگەریی لەسەر کەسایەتی

زیاتر لە حەوت هەزار زمان هەیە لە دنیادا و مرۆڤ قسەیانپێ دەکات. هەندێک لەو زمانانە نزیکن لە یەک و هەندێکیان زۆر جیاوازن. هەندێک لە چەند شوێنێک ئاخافتنی پێ دەکرێت بە دیالێکتی جیاواز و لە جوگرافیای جیاجیادا. بەهۆی تێکەڵبوونی گەلان و ئاسان بڕینی سنوورەکان و جیهانگیرییەوە، زۆر کەس هەن کە لە زمانێک زیاتر دەزانن و قسەی پێ دەکەن.

توێژینەوە زۆرن دەربارەی کاریگەریی زمانی دووەم لەسەر شێوەی لێدوان، بیرکردنەوە، رادەربڕین، بڕیاردان و گۆڕانکاریبەسەر کەسایەتی ئەو کەسەدا دێت کاتێک بەو زمانە دەدوێت.

لێرەدا باس لەو کەسانە نییە کە دوو زمانی دایکیان هەیە و لە ماڵدا هەر لە لەدایکبوونەوە بە دوو زمان دەئاخفن، یاخود ئەو منداڵانەی زمانی دووەم لە تەمەنێکی زوودا فێر دەبن.

ئەم کاریگەرییانە کەمتر هەستی پێ دەکرێت گەر هاتوو هەردوو زمان لە یەک نزیک بوون، وەک ریشەی زمانەکە(کوردی و فارسی)، یاخود دوو ریشەی جیا بوون، بەڵام کاریگەریی رۆشنبیرییان زۆر بووە لەسەر یەکتر (زمانی عەرەبی بەسەر کوردیی باشوور)دا.

فێربوونی زمانی دووەم، جیاوازە لەگەڵ زمانی دایک. زمانی دایک لە ژینگەیەکی سۆزداری و هەستیاری و بەبێ ماندووبوون فێری دەبیت و ئەو فێربوونە ئاساییانە لەگەڵ کارەکتەر و کەسایەتییەکە گەشە دەکات. زمانی دووەم، چ بە حەز بێت، چ بە ناچاری فێری ببیت؛ ژینگەی فێربوونەکە (لە قوتابخانە، لە وڵاتی دووەم لە کاتی ئاوارەبووندا) زۆر جیاوازە لەگەڵ ژینگەی ماڵ و لە باوەشی دایک و باوکدا.فێربوونی زمانی دووەم، بە پێویستی و بە ماندبوون و کۆششە، لە سیستمێکی عەقڵانی و زانیاریدایە، دوورە لە سۆز، پێویستی بە بیرکردنەوەی قووڵ و لێکدانەوەی وشە وداڕشتنی رستە هەیە.

رەنگبێ وا بیر بکەینەوە کاتێک بریارێک دەدەین، هەر بەهەمان شێوە بێت، جا بە زمانی دایک بێت یاخود بە زمانی دووەم، بەڵام بەپێی توێژینەوەکان؛ بە هەمان شێوە نییە. کاتێک بە زمانی دووەم بڕیار دەدەین، کەمتر گوێ بە مەترسی دەدەین و سەرکێشیی زیاتر دەکەین و ترسی زیانمان کەمترە و سۆز کەمتر کاریگەریی هەیە.

ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کاتێک فێری زمانی دووەم دەبین، تەنیا زمانەکە فێر نابین، بەڵکوو گۆڕانکارییش بەسەر بیرکردنەوەماندا دێت؛ تێڕوانینمان بەشێوەیەکی تر بۆ دروست دەبێت، سنووری بیرکردنەوەکان دەگۆڕێن، شێوەی پەیوەندییەکان جیاوازن، بەهاکان جیاوازن... ئەم گۆڕانکارییە لە قووڵایی کەسێتیی کەسەکەدا ناگۆڕێت، بەڵکوو لە شێوەی دەربڕینیدا دەبێت، ئەمەش بەهۆی جۆری تێگەیشتن و زمانەوانییەکەیە.

هەندێک زمان گرنگیی زیاتر بە رێزگرتن دەدات، وەک زمانی فارسی و ژاپۆنی، وشەی رێزگرتن و گەورە و بچووکی،گرنگیی تایبەتی هەیە و ئەم گرنگییە کەمتر لە زمانی فەرەنسیدا بەدی دەکرێت.

هەندێک زمان نێر و مێی تێدایە و هەندێک جار ئەو نێر ومێییە جیاوازن، بۆ نموونە؛ لە زمانی فەرەنسی و ئیسپانیدامانگ مێییە و رۆژ نێرە، کەچی لە زمانی ئەڵمانیدابەپێچەوانەوەیە. هەرچەندە لە کوردیی سۆرانیدا نێر و مێمان نییە، بەڵام لێکچوواندنمان هەیە، بۆ نموونە؛ تەنیا کچ بە مانگ دەشوبهێنین. ئەمە وا لە زمانەکە دەکات شێوەی جێندەرییتێدا بەدی بکرێت.

هەندێک زمان تووڕە و رەقیی پێوە دیارە و هەندێکی تر زیاتر میوزیکییە و نەرمیی پێوە دیارە، وەکوو زمانی کۆری و فەرەنسی، تەنانەت لە یەک زمان بە دوو دیالێکتی جیاواز ئەمە بەدی دەکرێت، بۆ نموونە؛ عەرەبێکی مەغریب لەگەڵ عەرەبێکی لوبنان گەر بە جڵفی بدوێن، شێوەی ئاخافتنی یەکەم رەق و دووەم ناسکە. ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر شێوەی دەربڕینی کەسەکە هەیە و بە دوو کارەکتەری جیا دیار دەبن.

جیاوازی لە بەهاکاندا، بەهای کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی،سێکسی، زانیاری و رۆشنبیری... بە هەندێک زمان ئازادییتەواوت هەیە لە هەندێک بوار بدوێیت، بەڵام لە زمانێکی ترداکۆتوبەندە. ئەمە کۆمەڵگەکەیە وا لە هەمان مرۆڤ دەکات بە زمانێک ئازاد بێت و بە زمانەکەی تر بە پێچوپەنا بدوێت.

لە کۆتاییدا، زمانی دووەم مرۆڤی دووەم دروست ناکات، بەڵام لایەنە جیاوازەکانی کارەکتەرەکە نیشان دەدات و توانای خۆگونجاندنی مێشک دەردەخات لە ژینگە جیاکاندا.

ر.س



Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan