کوردستانی
هۆشداری لە وشكبوونی دەریاچەكان و كەمبوونەوەی ئاو دەدرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
رۆژنامەنوسێك هۆشداری جدی دەداتە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم لەبارەی وشكبوونی دەریاچەكان و كەمبوونەوەی ئاو لە شارەكانی هەرێم و دەڵێت"ناكرێت چاوەڕێی دوا چۆڕی ئاو بین و دواتر بڵێین، ئەرەوەڵا نەما".
كاروان شێخ عوسمان، رۆژنامەنوسی دیاری شاری سلێمانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی"لە ئێستاوە مەترسی و كێشەی كەمئاوی لە شار و شارۆچكەكاندا دەستیپێكردووە و ئەوەی لە دەریاچەی دوكان و حەوزی سەرچنار و رووبار و چۆمەكاندا دەبینرێت لە مێژووی پڕبوونی ئەو دەریاچەیەو مێژووی كەش و هەوای ناوچەكەشدا بەمجۆرە نەبووە".
دەشڵێت"نازام سوود و قازانجی ئەوە لە چیدایە كە لێپرسراوانی ئەو بوارە دان بە راستییەكاندا نانێن و زوو،زوو دەڵێن، هیچ كێشەیەكی كەمئاویمان نیە، خۆ ئەگەر ئێستا هیچ كێشەیەك نەبێت، بەڵام ئەی لە مانگە گەرمەكانی شەش تا نۆ یاخود تا وادەی نادیاری بارانبارین چی دەڵێن؟".
ئەو رۆژنامەنوسە رووی دەمی دەكاتە بەرپرسانی هەرێم و دەپرسێت"ئەم جۆرە بەكارهێنانەی ئاو لەلایەن هاوڵاتییانەوە دەبینن كە بەشێكیان بەهەدەر و بەفیڕۆی دەدەن، بۆچی سزاكان قورس ناكەن؟".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە"ناكرێت پشت لە مەترسی كەمبوونەوەی ئاو بكەین و چاوەڕێی دواچۆڕ بین و دواتر بڵێین، ئەرەوەڵا نەما، بەڵكو ئەم حاڵەتە پێویستی بە لیژنەی باڵای چەند لایەنێكە بۆئەوەی بەجۆرێك مامەڵە بە ئاوەوە بكرێت كە تا كۆتایی وەرزی هاوین بێئاو نەبین".
ئ پ
بیروڕا



