کوردستانی

پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من رەتدەکرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من رەتدەکرێتەوە
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/5/28، نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی  جارێکی تر پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من-یان رەتکردەوەو پەیامێکیشیان ئاڕستەی سەرجەم چین و توێژەکان کرد و ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییش دووپاتیکردەوە کە بەرپرسانی هەرێم دەسەڵاتی راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانیان نییە.

نەجمەدین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی بە مەودا میدیای راگەیاند "ماوەیەکە حکومەتی کاربەڕێکەر لەسنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە فشارەکانی بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من چڕکردووەتەوەو کە ئەمەش پێچەوانەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عیراقە بۆ تەوتین کە تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم بڕیارەکەیان جێبەجێ نەکردووە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "پڕکردنەوەی بە زۆری فۆڕمی هەژماری خێڵەکی و ئیفلاس رەتدەکەنەوەو هەرگییز مامۆستایان و فەرمانبەران داوایان نەکردووە مووچەکەیان لە کاشەوە بکرێتە ئەلیکترۆنی بەڵکو داوایان کردووە بەغدا راستەوخۆ مووجەکەیان دابەش بکات و حکومەتی هەرێم نەتوانێت دەستوەردان لە مووچەکانیان بکات".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەزموونی تاڵی ساڵانی رابردوو وایکردووە هیچ متمانەیەک بە دەسەڵاتدارانی هەرێم نەکرێت، هەژماری من هێنانەدی کایەی پڕۆژەیەکی تاکە کەسی و بنەماڵەیی و حزبی رەهایە نەک پرۆسەی تەوتین و دابەشکردنی مووچە لە ناوەندەوە بۆ دەستی مووچەخۆران، هەژمارەکەیان ئیفلاس و قاسەیەکی بەتاڵە و توانای هیچ قەرز و پێشینەیەکی نییە، ناچنەژێر کاریگەری قسەی بەتاڵ و پووچی هەندێک کەناڵی راگەیاندن و هەڕەشەی چەند بەڕێوەبەرێک و کەس ناتوانێت مووچەی هیچ فەرمانبەرێک ببڕێت".

باسی لەوەشکرد "بۆ رەتکردنەوەی پڕۆژەی هەژماری من و کارەبای 24 کاتژمێری سەردانی بەغدا دەکەن و ناکرێت بازرگانی بەسەر گیرفانی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی ئەم هەرێمەوە بکەن، لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەن، چونکە حکومەەتی هەرێم بەسەرچووەو نابێت بڕیار دەربکات بەڵکو ئیشوکاری رۆژانەی خەڵک بەڕێوەبەرێت، وە دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بگرێت و هیچ یاسایەکیش نییە رێگەبدات ئەوەی هەژماری من پڕنەکاتەوە مووچەکەی رابگرێت".

ب ح

Qaiwan
Qaiwan