کوردستانی

کاروان یاروەیس: راگرتنی مووچە بریاری تەنها تەیف سامی نییە

مەودا میدیا - سلێمانی |


کاروان یاروەیس: راگرتنی مووچە بریاری تەنها تەیف سامی نییە
مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد دوای هەوڵدانێکی زۆری چەند ساڵی رابردوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، دوای یاسای بودجە و دواتر هەموارکردنەوەشی، دوای بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و رێککەوتنەکانی نێوان هەردوو حکومەت وا خەریکە هاوکێشەکە دەبێتەوە گرێ کوێرە.

کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمجارە دۆخەکە جیاوازترە، زمانی هەڕەشە و موزایدە سیاسی کێشەکە چارەسەر ناکات، بگرە قووڵی ئەکاتەوەو کێشەی مووچە ئەخاتە قورگی شێرەوەو دواتر پێمان دەرناهێنرێت و هیچ لایەن و کەسێکیش ئیستغلالی ئەم دۆخە نەکات و خراپی بژێوی خەڵکی کوردستان نەکاتە بابەتی موزایدەو فرسەتی لێبێنێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "رێگا راستەکە زەمینەخۆشکردنە بۆ گفتوگۆ، گەرانەوەیە بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و یاسای بودجە و رێکەوتنەکانی نێوان هەردوو حکومەت. بەپێی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی نابێت بژێوی خەڵکی کوردستان بکرێتە قوربانی ململانێی سیاسییەکان و  وەکو بارمتە و کارتی فشار بەکاری بێنن".

ئەوەشی خستەڕوو "پێویستە کورد یەکهەڵوێست بێت، ئامانجی یەکهەڵوێستێکەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و هێزی سیاسی کورد بێ لەبەغدا نەک بۆ ئیرادەی ئەمو ئەو، لەپشتەوە گفتوگۆی سیاسی دەوێ، لەگەڵ هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت کە پێکهێنەری حکومەتەکەی سودانیە و کوردیش تێدا بەشدارە، لەگەڵ ئیتاری تەنیسیقی و شوێنی تریش، دواتر وەفدی هەردوو حکومەت دابنیشن و بگەرێنەوە سەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و یاسای بودجە و رێککەوتنەکان".

باسی لەوەشکرد "هەرێمی کوردستان وابەستەی هەندێک لە پابەندییەکان نەبووە، زمانی هەرەشە و بێمنەتی هەبووە، تەوتین نەکراوەو داهاتی نانەوتی وەک خۆی رادەست نەکراوە بەڵێ وایە، بەڵام نەناردنی مووچەی هەرێم بەبیانووی تەواوبوونی پشکی هەرێم بێ بنەمایە و پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگاو یاسای بودجەو رێکەوتنەکانە، خێرە مانگی شەشە هێشتا حکومەتی ئیتحادی خشتەی بودجەی ٢٠٢٥ی نەناردوە بۆ پەرلەمان تا پەسەندی بکات و  نازانرێ پشکی هەرێم چەندە کەچی ئەڵێن پشکتان تەواوبوە، ئێستا ساڵی رابوردو حکومەتی ئیتحادی مانگی یانزە ووتی پشکی هەرێم تەواوبوە ووتمان مانگێکی ماوەو رێی تێدەچێت وابێ، ئەی ئێستا هێشتا چوار مانگی ساڵەکە تەواوبوەو هەشتی مانگی ماوە ئەڵێن پشکتان تەواو بووە".

وتیشی "تکایە فەوزای بەیاننامە و لێدوان و هەرەشە و بڕیارو هەڵوێسی تاکڕەوانە کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو دانایی و وردیی و یەکدەنگی ئەوێ، ئەمجارە بەس تەیف نیە بەتەنها، بڕیاری هەموویانە و ئۆکەی دادگاشیان وەرگرتوە، لای ئێمە بژێوی خەڵکی کوردستان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە، بۆیە هەردەبێت ئەمەش ئامانج بێت لەهەڵوێست و هەنگاوەکان، ئەم کێشەیەش قابیلی چارەسەرکردنە ، تکایە هێندەی تر خەڵک نیگەران و بێتاقەت نەکەن و بهێڵن  بیر لەچارەسەرە راستەکە بکرێتەوە، جارێ بانگەشەش شەش مانگی ماوە".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan