کوردستانی

خەڵەف غەفور: حەقە بەغدا لێی بخەوێ و خۆی نەترسێنێ

مەودا میدیا - سلێمانی |


خەڵەف غەفور: حەقە بەغدا لێی بخەوێ و خۆی نەترسێنێ
مەودا میدیا-

چاودێرێکی سیاسی کورد ئاشکرایکرد دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان بەشێک لە حزبە کوردستانییەکان و کۆی حزب و دوکانە سیاسییەکانی تورکمانەکان، ئیتر بەغدای شۆڤێنیی دژە کورد، حەقە لێی بخەوێ و خۆی نەترسێنێ.

خەڵەف غەفور عەزیز، رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی رایگەیاند "ئەوسا هەڕەشەی کورد دەیخوارد، لەسەرووی مێزەکەوە مام جەلال و کاک مەسعود دادەنیشتن، بەیاننامەکان جۆرێک لە هەڵوێستی تووند و بژاردەی کشانەوەیان تیابوو".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "مام جەلال لە ژیاندا نەما و هێژا کاک مەسعودیش ئیشەکەی سپاردووە بە باپیر کامەلا و مونا قاوەچی، جاران کە ئەو جۆرە کۆبوونەوانە لای یەکێتی با، مام جەلال یەک بەیەک پێشوازیی لە میوانەکان دەکرد و ئەگەر لای پارتیش بووایە کاک مەسعود سەرەتا و کۆتایی دانیشتنەکانی بەئامادەبوونی خۆی گەرموگوڕ دەکرد".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەمڕۆ زۆرینەی میوانەکان پلە دوو و سێ بوون، ستافی پێشوازیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، هێژایانی بەشی سیکوریتی بوون، بەس جلی ئەفەندییان کردبووە بەریان، چوار حزبی ئۆپۆزیسیۆنی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکەی سەری رەش، ویستیان بە دوو ئەندام پەرلەمانەوە پاشەڵی شکستیان سپی بکەنەوە".

باسی لەوەشکرد "سەرکردەی سیاسی هەیە کاتێک هەواڵێکی لەسەر بڵاوکردووەتەوە، بەیاننامەی تووندتری لەو بەیاننامەی ئەمڕۆی سەری رەش لەسەر بڵاوکردووەتەوە، ئیتر بزانە غروری سیاسیی حزبی کوردی و فشەی ئۆپۆزیسیۆن و لەنجە و لاری هەندێک سیاسیی بۆیاخچی چۆن هەڕەشەکانی کوردستانیان کردە فشە".

وتیشی "تۆ بڵێی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلەی بەرپرسانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە، بایی چەند هەزار دۆلار بانزینیان کردبێتە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە"؟

ب ح

Qaiwan
Qaiwan