خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

دارستانەکەی ئەتاتورک لە ئیسرائیل

ساڵی 1949، کەمتر لە ساڵێک دوای راگەیاندنی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، تورکیا وەکو یەکەمین دەوڵەتی ناواخن ئیسلامی، ئەگەرچی ئەوکات هێشتا دەسەڵات لە دەستی پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە دا بوو، بەڕەسمی دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نا، ئەو دانپێدانانەی تورکیا لەو دەمەیدا بۆ ئیسرائیل لە زۆر شت گرنگتر بوو، ببووە سەرەتای قۆناغێکی نوێش لە پەیوەندیی دەرەوەی ئیسرائیلدا و زۆر بە بایەخەوە لێیان ڕوانی.

ساڵی 1950 سێ کاری گرنگی دیکە روویاندا:
یەکەم: تورکیا نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل کردەوە.

دووەم: پەیوەندییە بازرگانییەکانیان بەزوویی خستە سەرپێ، بەپێی سەرچاوەکان ئیسرائیل نیوەی پیداویستییەکانی خۆی لە گەنم و هاوشێوەکانی و زۆر پێداویستیی دیکەیشەوە لە تورکیاوە دابیندەکرد، ئەوەیش بۆ بارودۆخی خراپی ئابووریی تورکیا گرنگ و بەرچاو بوو.

سێیەم: ئیسرائیل وەکو وەفا، پێزانین و نرخدان بەو دانپێدانان و پەیوەندییە بازرگانییە باشەی، لە نزیک شاری حەیفا گەورەترین دارستانی ناونا ئەتاتورک و بەو شێوەیە وەڵامی ئەرێنییانەی عیسمەت ئونونو، سەرۆکی جەهەپە و تورکیای دایەوە.

پەیوەندیی ئیسرائیل- تورکیا لە هەموو قۆناغەکانیدا رەهەندی جیاجیای هەبووە:
یەک: جێگەی نیگەرانیی وڵاتانی ئیسلامی و هێزە ناوخۆییەکانی فەلەستین بووە، ئەگەرچی هەندێکیان لەژێرەوە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلیش هەبووە.

دوو: پەیوەندییەکە، سەرەڕای گرنگییەکەی، بەرزی و نزمی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لە ساڵەکانی 1955 (بەشداریی تورکیا لە پەیماننامەی بەغدا لەنێوان عیراق، ئێران، پاکستان و بەریتانیا و تورکیا، ساڵی 1956 (داگیرکردنی بیابانی سینا لە میسر)، ساڵی 1967 (دەربڕینی هاوهەڵوێستیی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دژی داگیرکارییەکانی سینا و جۆلان)، زۆری وێستگەی دیکەیش، بەڵام دوایەمین تێکچوونی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب بەهۆی هێرشی سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەشتیی هاوکاریی مەڕمەڕە بۆ غەززە و بەهۆیەوە 9 هاوڵاتیی تورک کوژران و ئیتر پەیوەندییەکەیان بەتەواوی داڕما.

لەگەڵ خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان، بەڵام هیچ کات نییە بەتەواوی کۆتایی بە بەستەری پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان هاتبێت، بەو پێیەی ئیسرائیل بازاڕێکی باش بووە بۆ کاڵا و شتومەکی تورکی، پەیوەندیی و شتومەکەکان کەم و زۆریان کردووە، بەڵام بەردەوامیی هەبووە. بۆ نموونە ساڵی 2023 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل 6.8 ملیار دۆلار بووە، لەو بڕە 76%ی ئەو بڕە هەناردەی تورکیا بووە بۆ ئیسرائیل. گرنگترین ئەو کەرەستانەیشی تورکیا بۆ ئیسرائیلی هەناردەکردوون بریتی بوون لە (کەرەستە بنەڕەتییەکانی بیناسازی لە ئاسن، کانزا، مەڕمەڕ، پۆڵا، بۆڕی، سیرامیک، چیمەنتۆ و زۆری مادەی کیمیایی دیکە)، بێگومان ئەو مادانە بۆ ئیسرائیل گرنگن و قەبارەی بازرگانییەکەیش بۆ تورکیا و ئابوورییەکەی ژمارەیەکی گەورەیە.

رۆژنامەی ئەڤرەنسەلی تورکیا لە سەرەتای مانگی یازدەی 2024دا لە راپۆرتە هەواڵێکیدا بڵاویکردووەتەوە قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024يش 672% زیادی کردووە بەراورد بە مانگەکانی پێشووتر، ئەمە هاوکات بووە لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕی غەززە و هەڵویستی تورکیا بەرانبەر ئیسرائیل و پیشێلکارییەکانی.

گرژی دروستکردن لە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتان لە سەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەموو کات زیاتر بووە، بەتایبەت لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام بنەمای نەگۆڕی ئەردۆغان، هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زیاتر ئابووری، بازرگانی و قازانجە، بەتایبەت لەگەڵ ئیسرائیل بەرژەوەندیی زۆر گەورەی هاوبەشیان، گەورەتر لە غەززە، لەنێواندا هەیە، هەڵوێستەکان لە سەردەمەکاندا جیاوازیی زۆریان بەسەردا هاتووە، بەتایبەت سەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا، سەرۆک ئەردۆغان بۆ بردنی دەنگی ئیسلامییەکان زیاتر دژی ئیسرائیل وەستاوەتەوە و سوودی زۆریشی لێ بینیوە، ئەگەرچی دوایین هەڵبژاردن بەهۆی دەرکەوتنی فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفا-ەوە نەیتوانی بەهەمان ئەندازە پێشوو دۆزی فەلەستین بەکاربهێنێتەوە.

پەیوەندیی 76 ساڵەی ئیسرائیل- تورکیا، هەر جۆرە گرژییەکی تێبکەوێت، هێشتا هەر لەژێر دارەکانی دارستانەکەی ئەتاتورک لە ئیسرائیل نازونوکێتی، قۆناغەکانی بەرزی و نزمی تێدەکەوێت، دەکرێتە بەشێک لە موزایەدەی سیاسی لە هەردوو لاوە، بەڵام کۆتاییهاتنی ئەستەمە، هەردوو وڵاتەکە پێویستیی زۆریان بەیەکترە.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan