نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

میدیای سەوز


چەمکێکە بۆ بەکارهێنانی ئامراز و ستراتیژەکانی راگەیاندن بۆ پاڵپشتیکردنی کاڵا، خزمەتگوزاری، یاخود بیرۆکەکانی پەیوەست بە ژینگە. ئەم چەشنە راگەیاندنە ئامانجی ئاراستەکردنی مرۆڤە بەرەو هەڵسوکەوتی بەرپرسیارانەی ژینگەیی، لە بەکارهێنانی کاڵای سەوزەوە هەتا گۆڕینی شێوازی ژیان. دەستەواژەکە لە میدیای هاوچەرخدا شەرمنانە بەکار دەهات تا ساڵی 1972 و بەستنی کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم.

بە بڕوای شارەزایانی بواری میدیا، بۆ ئەوەی میدیای سەوز ببێتە پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی میدیا، هاوشێوەی میدیای سیاسی و ئابووری و رووداوەکانی رۆژانە بکەوێتە کار، دەبوایە جیهان تووشی شۆکێکی ژینگەیی گەورە ببێت. ئەم بۆچوونە لە جێگەی خۆیدا بوو، چونکە ئەم بایەخ و تێگەیشتنەی ئەمڕۆ لەئارادایە، دوای رووداو و کارەساتە یەک لەدوای یەکە زەبەلاحەکانی ژینگە بوون، کە هەندێکیان کشتوکاڵیی بوون، وەک کارەساتی (تەشتی خۆڵ)، لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوو لە کالیفۆرنیا، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە زێدی باوانیان، هەندێکیشیان بایۆلۆژی بوون؛ وەک لەدەستدانی چەندین جۆری زیندەوەر لە نیوزلەندا، هەندێکی تریان پەیوەندییان بە هەڵەی مرۆڤەوە هەبوو، بۆ نموونە؛ لە بواری پیشەسازیی نەوتدا، وەک رووداوی رژانی نەوت لە کالیفۆرنیا و میسیسپی... یاخود کارەساتی چێرنۆبڵ لە 1986، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی 350 هەزار کەس... هەندێک کارەساتیش دیاردە سروشتییەکان هۆکاری بوون، وەک گڕکانەکان و کارەساتی فۆکۆشیما لە ژاپۆن، کە بەهۆیەوە 140 هەزار کەس ئاوارە بوون، (ئەمانە بەپێی بەڵگەنامە و رۆژنامەکان). 

دەکرێت قۆناغەکانی میدیای سەوز، کە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا وەک بزووتنەوەیەکی میدیایی لەگەڵ پەرەسەندی بایەخپێدانی جیهان بە پرسە ژینگەییەکان سەریهەڵدا، بەپێی کاتەکان، بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن بکەین:
- شەستەکان و حەفتاکان: بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی جیهانی دەستیپێکرد دوای بڵاوکردنەوە کتێبی (بەهاری بێدەنگ) لەلایەن رەچڵ کارسۆن لە ساڵی 1962 لەسەر ژینگە، کە تیشکی خستە سەر کاریگەریی بەکارهێنانی مادە قڕکەرەکانی مێرووەکان، دواتریش کۆنگرەی ستۆکهۆڵم لە ساڵی 1972.
- هەشتاکان: زۆرێک لە کەناڵەکان و رۆژنامەکان و میدیاکانی تر کەوتنە بڵاوکردنەوەی پرسە ژینگەییەکان، وەک کەناڵی ناشناڵ جوگرافی کە لە ساڵی 1982 دامەزرا.
- نەوەدەکان: لەگەڵ پەرەسەندنی بیرۆکەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و گەشەی بەردەوام، میدیای سەوز سەریهەڵدا و فۆرمێکی رێکخراوتری وەرگرت، هەروەها چەندین بەرنامەی تەلەڤزیۆنی و ماڵپەڕی تایبەت بە پرسە ژینگەییەکان دروست بوون. 
- کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەک: لەگەڵ سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت، سۆشیالمیدیای سەوز بەربڵاوتر و کاریگەرتر بوو، چونکە مرۆڤ دەتوانێت خێراتر زانیاری و وێنە و ڤیدیۆکانی پەیوەست بە پرسەکانی ژینگە بڵاو بکاتەوە. 

ئەمڕۆ میدیای سەوز رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و هاندانی کردەی بەکۆمەڵ بۆ پاراستنی ژینگە و رۆشنبیرکردنی تاک و کۆمەڵ لەسەر پرسە ژینگەییەکان و گۆڕانکاریی کەشوهەوا، کە لە سەردەمی ئێستادا یەکێکە لە گرنگترین پرسە دیارەکانی جیهان و مرۆڤایەتی، لەم رووەشەوە چەندین سوودی هەیە، لەوانە:
- بڵاوکردنەوەی کولتووری گەشەی بەردەوام و پراکتیزەکردنی رەفتاری ژینگەیی دروست.
- بەشداربوونی لە داڕشتنی هۆشیاریی گشتی و هاندانی دەسەڵات و خەڵک بۆ گرتنەبەری هەنگاوی دروست بۆ پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.
- دەتوانێت دەنگێکی بەهێز بێت بۆ داکۆکیکردن لە کاری ژینگەدۆستی، هاوکات بەشدارە لە هاندانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و ژینگە و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای سەوز.
- کاریگەریدانان لەسەر سیاسەتەکانی حکومەت و کۆمپانیا و رێکخراوەکان بۆ پرسە ژینگەییەکان.
- گەیاندنی زانیاری و بۆچوونی شارەزایانی بوار ژینگە بۆ هاوڵاتیان.

سەرەڕای گرنگی و ئەو سوودانەی ئاماژەمان پێ کردن، میدیای سەوز بێکێشە نییە و رووبەڕووی رەخنەش بووەتەوە، یەکێک لە گەورەترین رەخنەکان، دیاردەی "گرین‌ واشینگ"ە، کە کۆمپانیاکان خۆیان وەک ژینگەدۆست نیشان دەدەن بەبێ ئەوەی هەنگاوی راستەقینەیان هاویشتبێت بۆ ئەو مەبەستە، ئەوەش دەبێتە هۆی چەواشەکردنی بیروڕای گشتی، کەمکردنەوەی متمانە بە هەوڵە راستەقینەکان و سستکردنی هەوڵەکانی پاراستنی ژینگە...

لەگەڵ ئەوەی میدیای سەوز گرنگییەکی هەمەلایەنەی هەیە، بەڵام ئاستی میدیاکانی هەرێم و بایەخدانیان بەو بوارە زۆر کەمە و کەمزانیارین، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری نەبوونی تێگەیشتن و بڕوای میدیاکاران و خاوەن ئامرازە میدیاییەکان بە گرنگیی پرسە ژینگەییەکان، هەروەها نەبوونی میدیاکاری راهێنراو و لەسەر پرسە ژینگەییە هەنووکەییەکان.

 
ر.س
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan