کوردستانی

کەنەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


کەنەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە
مەودا میدیا-

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و مەترسییەکانی لەسەر کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) رایگەیاند "گەلی کورد لایەنێکی ئەم شەڕە نییە و هەرچەندەش هەوڵ بدەن نەبنە تەرەفێکی شەڕەکە، بەڵام ئەم شەڕە پەیوەندی بە کوردستانەوە هەیە و کاریگەری زۆری لەسەر گەل و وڵاتەکەمان دەبێت، زۆرێک لە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئێران کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل شەڕێکی نوێ نییە، دەیان ساڵە بە ناڕاستەوخۆ ململانێ و شەڕ لە  نێوان ئەم دوو دەوڵەتە لە ئارا دایە، ماوەیەکی درێژ ئەم شەڕە لە نێوان ئیسرائیل و هێزە بە وەکالەت و هاوپەیمانەکانی ئێراندا  بەڕێوەدەچوو"

دەقی راگەیەندراوەکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان:

شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل شەڕێکی نوێ نییە، دەیان ساڵە بە ناڕاستەوخۆ ململانێ و شەڕ لە  نێوان ئەم دوو دەوڵەتە لە ئارا دایە، ماوەیەکی درێژ ئەم شەڕە لە نێوان ئیسرائیل و هێزە بە وەکالەت و هاوپەیمانەکانی ئێراندا  بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە ماوەی 10 رۆژی ڕابردوودا شەڕێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان خۆیاندا هاتە ئاراوە، لە دوێنێوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بە ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕەکە بوو.

ئەم شەڕە تا دێت گەورەتر و بەرفراوانتر دەبێت، شەڕەکە  لە غەززە دەستی پێکرد، لوبنان و سووریا و یەمەنی تێپەڕاند و ئێستا ئێران بووەتە گۆڕەپانی ئەم شەڕە، بابەتەکە لە پرس و کێشمەکێشی نێوان دوو دەوڵەتەوە پەڕیوەتەوە، بۆتە پرسێکی نێودەوڵەتی و جیهانی.

ئێمە وەک گەلی کورد لایەنێکی ئەم شەڕە نین و هەرچەندەش هەوڵ بدەین نەبینە تەرەفێکی شەڕەکە، بەڵام ئەم شەڕە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە و کاریگەری زۆری لەسەر گەل و وڵاتەکەمان دەبێت، زۆرێک لە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئێران کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە لەلایەن ئیسراییلەوە دەکرێنە ئامانج و بووەتە هۆکاری بارگرانی و زەحمەتی لەسەر ژیان و گوزرانی گەلەکەمان لەم بەشەی کوردستاندا، لەلایەکی دیکەشەوە زۆربەی مووشەک و فڕۆکەکانی ئەو وڵاتانە بە ئاسمانی کوردستاندا تێپەڕ دەبن و لە زۆر ڕووەوە زەرەیان لە ئابووری و ژینگەی کوردستان داوە.

وەک گەلی کورد نامانەوێت لە بەرەیەکی ئەم شەڕدا بین و دەمانەوێت هەموو کێشە و ئاڵۆزییەکانی هەرێمەکەمان بە دیالۆگ و ئاشتی چارەسەر بکرێن، ئەم شەڕە بە خواستی ئێمە دەست پێ نەکردووە، بەڵام لە ئێستادا ئێمە لە ناوەڕاستی ئەم شەڕەداین، ئەم شەڕە کە لە ماوەی 21 مانگی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بووە، لێکەوتەی گەورەی هەبووە و دەبێت.

ئەو بارودۆخەی ئێستا کە بەرهەمی پەیمانەکانی سایکس پیکۆ و لۆزانە بەرەو هەڵوەشانەوە و گۆران دەڕوات، لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا دەکرێ نەخشەی ناوچەکە بە تەواوی بگۆڕدرێت، وەک گەلی کورد تا چەند ئامادەین بۆ ئەم گۆڕانکارییانە؟ ئەمە پرسیارێکی گرنگ و بەجێیە، لەم کاتەدا یەکگرتوویی ناو ماڵی کورد زۆر گرنگ و ژیانییە، سەرەتا هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوایش هەموو هێزو لایەنەکانی کوردستان دەبێت لەم کات و ساتەدا پێکەوە لە دانووستاندا بن و یەکڕیزیی نێوخۆیان پتەوتر بکەن.

ئێمە وەک کەنەکە هەمیشە کار و خەباتمان لە پێناو یەکگرتوویی ناو ماڵی کورددا بووە و هەوڵمان داوە کار و خەباتی خۆمان بۆ ئەو مەبستە بەرفراوانتر بکەین، بە تایبەتی لە ئێستادا کە پرسی چارەنووسی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژەف دایە، هەوڵ دەدەین کار و خەباتی خۆمان لەسەر ئەم بەشەی کوردستان چڕتر بکەینەوە و هەر وا کە دەزانرێت ماوەیەکە لە نێوان حزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کار دەکەین بۆ بنیاتنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش و لە ئێستاشدا کار و خەباتمان لەم بوارەدا بەردەوامە.

هەر بەم مەبەستە هەوڵ دەدەین لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو هەوڵ و توانای خۆمان بخەینە خزمەتی پەرە پێدانی یەکڕیزی نێوان پارت و لایەنەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستانەوە و لە ڕێگەی سەردانکردنی هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانەوە، هەوڵ دەدەین میکانیزمێکی هەماهەنگی لە نێوان حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێنین.

بەم بۆنەیەوە سەرەتا داوا  لەهێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوایەش لە هەموو هێز و لایەنەکانی کوردستان  دەکەین کە پاڵپشتی هەوڵەکانمان بن بۆ بەهێزتر کردنی یەکڕیزی ناو ماڵی کورد و لە زووترین کاتدا کۆببینەوە و لەسەر ستراتیژی و کاری هاوبەش هەنگاو بنێن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە

برۆکسیل- 2025/6/23
Qaiwan
Qaiwan