سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

مەترسییەکانی بەردەم سەرنەکەوتنی پرۆسەی ئاشتی

تورکیا، بێ چارەسەری بنەڕەتیی دۆزی کورد ناتوانێت ببێتە وڵاتێکی لەئێستا باشتر، ئەزموونی چوار دەیە شەڕکردنی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و خەرجکردنی وزەیەکی زۆر لەو شەڕە سەپێنراوەدا بەسەر کورد، جگە لە پاشخستنی ئاستە جیاوازەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتی و هیی تریش، هیچ دەرەنجامێکی وای بۆ تورکیا بەدەستەوە نەدا، یەک دوو جار رەخساندنی دەرفەت بۆ کرانەوە بەڕووی کورددا هەلی باشی بۆ تورکیا و زیاتر دیموکراسیبوونی هێنایە پێشەوە، بەڵام لەدەستدانی ئەو دەرفەتانە زیاتر تورکیای بەرەو داخستن برد و ناوبانگی زیاتر خراپ کرد، تەنانەت وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپایش رەخنەی زیاتریان لە تورکیا گرت و بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و کەمە نەتەوەکان تۆمەتباریان کرد.

دەرفەتی ئەمجارە بۆ کرانەوە بەڕووی کورددا گرنگە، بەڵام رێگریی زۆریشی لەبەردەمدایە، لەو رووانگەیەوە دەسەڵات لە تورکیا پرۆسە و دەرفەتەکە لە ناوەکەیەوە بۆ ناوەڕۆک و وردەکارییەکانی بە ئاراستەی دیکەدا دەبات، بۆ نموونە:

یەک: دەسەڵاتدارانی تورکیا ناویان لە پرۆسەکە ناوە (تورکیای بێ تیرۆر)، ئەمە کوتومت مانای ئەوەیە پەکەکە هێزێکی تیرۆریستییە، لە نوێترین پێشهاتیشدا سەبارەت بەناوی پرۆسەکە، هێلین ئومیت، یەکێک لە بەرپرسانی پەکەکە دەڵێت، بەکارهێنانی دەستەواژەی "تورکیای بێ تیرۆر" لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری رەتدەکەنەوە. هێلین ئومیت ئەوەیشی وتووە "ئەو دەستەواژەیە گومانی زیاتر لەبارەی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەرییەوە دروستدەکات".

دوو: دوای چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلا لە ئەشکەوتی جاسەنە، ئەوەی دەبینرێت تورکیا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە، لە کاردانەوەی ئەوەدا جەمیل بایک، هاوسەرۆک کۆما جڤاکێن کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت "تا هەنگاوی کردەیی نەبینین، ئامادەنین گرووپی دووەمی گەریلا چەک دابنێن"، ئەمە سەرەتای دەرکەوتنی مەترسییەکی دیکەیە.

سێ: لە ناوخۆی تورکیا ئامادەییەکی تەواو نییە، حزبەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورک داوای رۆڵ دەکات لە پرۆسەکەدا، لە پەرلەمان هێشتا کارایانە کار لەسەر پرۆسەکە ناکرێت، بەشێوەیەکی گشتی هەستدەکرێت هەنگاوەکان باش ناچنە پێشەوە.

چوار: سەرکەوتنی پرۆسەکە تەنها بە دەرکردنی یاسا ناکرێت لە پەرلەمانەوە، بەڵکو پێویستیی بە گۆڕانکاریی لە هەندێک مادەی دەستووری هەیە، ئەوەیش لەئێستادا گرفتی زۆری لەبەردەمدایە.

لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر لایەنی گەشبینی بە پرۆسەکەوە هەیە، رۆڵبینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هەڵگرتنی گۆشەگیری سەری و سەردانی بەردەوامی شاندەکانی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی و هاتنە دەرەوەی پەیامەکانی و کۆبوونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ شاندەکان، ئەوە دەهێنێت مرۆڤ هەندێک گەشبین بێت و هیوای ئەوە بخوازێت ئیرادەیەکی راستەقینە هەبێت لە چەند روویەکەوە مافەکانی کورد دەستەبەر بکرێن و کۆتایی بە شەڕ و ماڵوێرانی لە تورکیا و باکووری کوردستان بهێنرێت.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan