ئابووری

دۆلار دابەزینی زیاتر تۆمار دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


دۆلار دابەزینی زیاتر تۆمار دەکات
مەودا میدیا-

شارەزایەکی بواری دراو ئاشکرایکرد بە چەند هۆکارێک بەهای دیناری عیراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمەریکی رووی لەبەرزبوونەوە کردووەو چاوەڕوانیش دەکرێت لە رۆژانی داهاتوو بەهای 100 دۆلار بەرانبەر کەمتر لە 138 هەزار دینار مامەڵەی پێوەبکرێت.

جەبار گۆران، وتەبێژ و ئەنجومەنی بازاڕەکانی دراو لە سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بەهۆی کەمی نەختیەنی دینار لە عیراق بۆ دابەشکردنی مووچە و مامەڵە داراییەکانی تر هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دینار، چونکە دەبێت بانکی ناوەندی دۆلاری زیاتر بفرۆشێت بۆ ئەوەی زیاتر نەختینەی دینار رابکێشێتەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "حەواڵەی دەرەکی یەکێکی ترە لە هۆکارەکان کە لەئێستادا زیاتر لە قەبارەی پێویستی هاوردەکردنی کەلوپەل تەحویل دەکرێت، بۆ ئەمەش بەشێک لە بانک و بازرگانەکان جۆرە مامەڵەیەک دەکەن بەشێوەیەک ئەگەر بازرگانێک ملیۆنێک دۆلاری پێویست بێت بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل دوو ملیۆن دۆلار تەحویل دەکات و دواتر لە دەرەوەی سنوورەکانی عیراقەوە هاوردەی ناوخۆ دەکرێتەوەو لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کە بڕەکەی نزیکەی سێ تریلیۆن دینارە یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دینار، ئەگەر کەمی نەختینەی دینار لە بانکی ناوەندی بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجی وەزارەتەکان بەردەوام بێت، رەنگە دۆلار زیاتر دابەزێت".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan