ئابووری
ورده‌كاریی بڕینى %3ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران
مەودا میدیا - سلێمانی |

مه‌ودا میدیا-
شاره‌زایه‌كى ئیداره و بانك رایده‌گه‌یه‌نێت، فه‌رمانبه‌ران كه له %3 مووچه‌كانیان ده‌بڕدرێت، ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ش ده‌گرێته‌وه كه چه‌ند ساڵێكه مۆڵه‌تى بێ مووچه‌یان كردووه.
گوڵاڵه سدیق، شاره‌زاى ئیداره و بانك نوسیویه‌تى "چەندین مووچەی فه‌رمانبه‌ران نەدراوە، پاشەکەوتکراوە، لێی بڕدراوە، بەڵام ئێستا ئەو %3یه لەو مووچە نەدراوانەش دەبڕدرێت بۆ 10 ساڵ".
باسى له‌وه‌شكردووه "چەندین فه‌رمانبه‌ر مۆڵەتی بێ مووچەی کردوە هه‌یه ساڵێك، دوو ساڵ یان سێ ساڵ، بەڵام ئایا ئێستا ئەو %3یه لەو ساڵانەش دەبڕن کە فه‌رمانبه‌ر هیچ مووچەیەکی وەرنەگرتوە و مۆڵەت بوە، ئەگەر دەبڕدرێت ئەمەش ستەمێکی ترە".
ئه‌وه‌شى وتووه "لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا، %7ى لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە فه‌رمانبه‌ر بڕدراوە بەناوی سندوقی خانەنشینییەوە، لەبەرئەوەی لە هەرێم ئەم سندوقە نەبووە چارەنوسی ئەو بڕە پارەیە نادیارە، لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئایا حکومەتی فیدراڵ داوای ئەو %7ى بۆ ماوەی 10 ساڵ لە حکومەتی هەرێم دەکاتەوە یان تەنها داوای %3ى فه‌رمانبه‌ران دەکات و دارەکە لەسەری مووچەخۆر دەشکێنێت".
هه‌روه‌ها "حکومەتی هەرێم مافێکی مووچەخۆرانی زەوتکردوە کە ئەویش پلەبەرزکردنەوەیە، چونکە مافێک یاسا بیدات ناتوانرێت بە رێنمایی ئەو مافە بسەنرێتەوە، تەنها بە یاسایەک دەتوانرێت ئەو مافە بسەنرێتەوە کە هێزی یاساکە هاوتای هێزی یاساکەی یەکەم جار بێت یان هێزەکەی زیاتر بێت، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم ئەم مافەی زەوتکردوە، پاش گەڕاندنەوەی پلەبەرزکردنەوە هاتووه جیاکاری لە نێوان وەزارەتەکان کردوە بۆ هەندێدکیانی گەڕاندوەتەوە و بۆ هەندێکی نەگەڕاندوەتەوە".
ئه‌و شاره‌زایه ده‌شڵێت "لەبەرئەوە ئێستا کاتی ئەوەیە حکومەتی هەرێم ئەو مافە زەوتکراوە بۆ مووچەخۆران بگەڕێنێتەوە، چیتر ئەم جیاکاری و مەزاجە لەنێوان مووچەخۆرانی جێبەجێ نەکات، ئەگەر نا ئەمە پاڵنەرێکی باشە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای باڵای فیدراڵی بۆ، گەڕاندنەوەی پلەبەرزکرنەوە، هەژمارنەکردنی ئەو %3یه بۆ مووچە نەدراوەکان و مۆڵەتە بێ مووچەییەکان".
ع
بیروڕا



