ئابووری

له‌سه‌ر داواى حكومه‌تى هه‌رێم پاره‌ له‌ خانه‌نشینان ده‌بڕدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


له‌سه‌ر داواى حكومه‌تى هه‌رێم پاره‌ له‌ خانه‌نشینان ده‌بڕدرێت

مه‌ودا میدیا-

سه‌رۆكى پێشووترى په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند، له‌سه‌ر داواى حكومه‌تى هه‌رێم پاره‌ له‌ خانه‌نشینان ده‌بڕدرێت نه‌ك به‌غدا، ده‌شڵێت، ئایا بڕینى مووچه‌ وەک هەمو لێبڕینی خانەنشینییەکانی پێشوزی فەرمانبەرانی هەرێم ون ئەکرێت و کەس نازانێت چیی لێدێت.

د. یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكى پێشووى په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌ندامى پێشووى په‌رله‌مانى عیراق نوسیویه‌تى "دوابەدوای سەرکەوتنی داواکەمان لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی بە ژمارە (212/ فیدڕاڵی/ 2022) و، دەرچوونی بڕیاری دادگا سەبارەت بە هاوتاکردنی موچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عیراق و، جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتو ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموار کراو، دەسەڵاتدارانی هەرێم پاش دەستی دەستییەکی زۆر دواجار لەمانگی 7ی ساڵی رابردوەوە دەستیان کرد بەجێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی".

باسى له‌وه‌شكردووه‌ "یەکێک لەو کێشانەی لەجێبەجێ کردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014 هاتۆتەکایەوە، نەبونی سندوقی خانەنشینییە لە هەرێم، هەرچەندە بەم دواییانە بڕیاری دروست کردنی سندوقەکە دراوە، بەڵام بەهۆی نەبونی ئەم سندوقە لە رابردوودا، کۆی لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم و بەشداریی دەوڵەت بۆ سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان دیار نییە و نازانرێ چیی لێکراوە".

ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو "لەم رۆژانە لە میدیاکانەوە بابەتی لێبڕینی خانەنشینی بە بڕی (3%)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ هەموو ساڵەکانی دوای (1/ 1/ 2014) وروژێنرا، گوایا لەسەر داوای حکومەتی فیدڕاڵییە، دواتریش «نوسراوێکی وەزارەتی دارایی»ـی هەرێمم بەدەست گەیشت کە رێنمایی ئەم لێبڕینەیە دوای لێکۆڵینەوەی ئەم شێوازە لە لێبڕین و بەو شێوەیەی لەو نوسراوەدا هاتووە، دەردەکەوێت کە ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی فیدڕاڵییەوە نییە، بەڵکو لەسەر خواستی دەسەڵاتدارانی هەرێمە، بەڵام ئەگەر لەسەر خواستی حکومەتی فیدڕاڵیش بێت، ئەوا داواکارییەکی ناڕەوایە و، لە رووی یاساییەوە هەڵەیە و لە هەمان کاتیشدا ستەمێکی گەورەیە لەفەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم "لەبەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە:

1. ئەوە راستە کە بە جێبەجێ کردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014، پێویستە بەپێی (مادەی 17/ یەکەم)ـی یاساکە لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەران لە (7%)ەوە بگۆڕێت بۆ (10%)، بەڵام ئەی (7%)ەکەی کە لە پێشوتر لە مووچەی فەرمانبەران بڕدراوە کوا، ئەی باشە هەر بەپێی هەمان ماددەو بەند ئەبێت بەشداریی خەزێنەی گشتیی لە لێبڕینی خانەنشینی (15%) بێت، ئەی بۆ باس لەمە نەکراوە و ئەمەش نەکراوەتە قەرز لەسەر «حکومەتی هەرێم» و مانگانە (15%)ی مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەران وەک قەرز لەسەر خۆیان هەژمار بکەن بۆ هەمو ساڵەکانی دوای (1/ 1/ 2014) و بیدەنەوە.
2. لەو نوسراوەدا ئاماژە بەوە نەدراوە کە ئەم پارەیە لە مووچەی مانگەکانی داهاتوی فەرمانبەران و خانەنشینان ئەبڕێت، ئەچێ بۆ کوێ!؟ خۆی لێبڕینی خانەنشینی لە فەرمانبەر و لە دەوڵەت کە ئەکاتە (25%)ی موچەی بنەڕەتیی فەرمانبەر، بەپێی یاسای خانەنشینی ئەبێت بە داهات بۆ سندوقی خانەنشینی، ئایا وەک هەمو لێبڕینی خانەنشینییەکانی پێشوی فەرمانبەرانی هەرێم ون ئەکرێت و کەس نازانێت چیی لێدێت!؟ ئایا چی ئەکەن بۆ بەستنەوەی لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم بە سندوقی خانەنشینیی عیراق.
3. باشە ئێستا کە بە (أپر رجعی) لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەران بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوی ئاماژەپێدراو وەک قەرز ئەبڕن، ئەی ئایا ئەو هەمو فەرمانبەرەی لە (1/ 1/ 2014)ەوە خانەنشین بوون و شایستەی خانەنشینییەکی زیاتر بون بەپێی ئەو یاسایە، یان ئەوانەی پێش 2014 خانەنشین بون و بەپێی یاساکە دەبو لە 1/ 1/ / 2014ەوە مووچەکەیان هەموار بکرێتەوە، ئایا قەرەبوی هەمو ئەو ماوەیەیان بۆ ئەکەنەوە و مووچەکانی ئەو ماوەیەیان هاوتا ئەکەنەوە.

ع
Qaiwan
Qaiwan