سمکۆ سابیر

سمکۆ سابیر

عەجاج، لە جەللادەوە بۆ قوربانی

سمکۆ سابیر 
ئەوەی ئەمڕۆ دەزگا نیشتمانییەکانی عیراق پیشانی ئێمەیان دا، عەجاجەکەی ساڵی ١٩٨٨ی قەڵا پڕ لە ستەمەکەی نوگرە سەلمان نەبوو، ئەو رووخسارەی کە ئێمە بینیمان، رووخساری عەجاجی نوگرە سەلمان نەبوو، کاتێک ئەنفالکراوانی نوگرەسەلمان لە ترسی قامچی و سوکایەتی و پەلامار و کارە قێزەونەکانی ئەم جەللادە، ناچاربوون لە کونجی ژوروو هۆڵەکانیان سەردەرنەهێنن و لەسەر جێگەکانیان سەری خۆیان کزبکەن و داوا لە خوای گەورە بکەن کە ئەم بەڵایەیان لێ دووربخاتەوە و نەهێڵێت دەستی پێیان بگات و لەسەر دەستی ئەم دڵڕەقەی بەعس ئازار نەچێژن.
بەڵێ هێزە عیراقییەکان لەگەڵ نمایشی وێنەکە، هەرچییان نووسیبێت، بەڵام دواجار وەک دەوترێت: وێنە بەقەد هەزا وشە کاریگەریی هەیە. لەهەموو دنیادا پیشاندان و ئاشکراکردنی تاوانبار، یاسا و پرەنسیپ و رێسای خۆی هەیە، دەبوو بەهەمان ستانداردی نێودەوڵەتی دەزگا ئەمنییەکان عەجاج بهێننە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن، یان وێنەی بە ستانداردی جیهانی پیشان دەن، ئەویش بەوەی وێنەیەکی نزیکی رووخساری لە پێشەوە بگرن و تابلۆیەکی بەسەرەوە بێت کە ناوی تەواوی لەسەر بێت، بەڵام ئەوەی بڵاوکرایەوە تەواو پێچەوانەی ئەوە بوو، عەجاجیان وەک پیاوێکی بەساڵاچووی هێمنی سەر سپی پیشان دا، وێنەی شیشەکانی پەنجەرەکەی پشتی بەتەواوی کارەکتەرەکەی عەجاجی پێچەوانە کردبووەوە، عەجاجی وەک کەسێکی غەدر لێکراو وێنا دەکرد. لەکاتێکدا ئەم تاوانبارە، دەستی سوورە لە خوێنی هەزاران ژن و پیاو و منداڵی بێتاوان و کەسێکی میحوەری بووە لە ئەنجامدانی تاوانی ئەنفال، ئەنفالیش تاوانێکی نێودەوڵەتییە و بەهەموو پێوەرەکان جینۆسایدە. چۆن دەکرێ تاوانبارێکی نێودەوڵەتی کە بە رێزبەندی لە دوای سەدام و عەلی حەسەن مەجیدەوە دێت بەو جۆرە وێنا بکرێت؟ دەیڵێمەوە، دەبوایە وێنەکەی لە پێشەوە و لەنزیکەوە بەگوێرەی رێسا نێودەوڵەتییەکان بگیرێت و هەروەها بەپێوە بووەستێندرێت، بەڵکو ئەم وێنە وەک تابلۆیەکی سوریالییە، نەک وێنی تاوانبارێکی وەک عەجاج، کە لێپرسراوی راستەوخۆی کوشتن و ئەشکەنجەدانی دەیان هەزار کەسی ئەنفالکراوی بێتاوانە.
پیشاندانی تاوانبار، لەڕووی میدیایی و یاساوە بۆ خۆی ئیتیک و پرەنسیپی یاسای خۆی هەیە، بەڵام عەجاجیان بەجۆرێکی تر نمایشکرد، سەری کزکردووە، کەسێکی پیر و سەرسپی و بێهێز، کە تەواو هەستی دنیای عەرەبی و عیراقی دەجوڵێنێت و عەجاجمان لە تاوانبارێکی بەشدار لە دۆسییەیەکی جینۆساید، وەک فریشتەیەکی بەستەزمان وێنا دەکات. بۆیە لە سەرەتاوە دەبێ بەهەستیارییەوە لەئاست ئەم پرسەدا مامەڵەبکرێت و هەڵوەستە لە  دۆسیەکە لەئێستاوە بەگومان و چاودێرییەکی چڕەوە، هەنگاوی بۆ بنرێت و رێگە نەدرێ ئەم جەللادە وەک قوربانیی پیشان بدرێ. ئەو برینەی عەجاج خستویەتییە دڵ و جەستەی کۆمەڵگەی ئێمە لە باشوور، تەنها بە دادگاییەکی ئاشکرای دادپەروەرانە ساڕێژ دەبێت، بەپێچەوانەوە بەئاگایی و بێئاگایی بێت، ئێمە هەمان برین دەخەینەوە نێو جەستە و رۆحی زیندانییە گەڕاوەکانی نوگرەسەلمان.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan