کوردستانی

چوار پاسه‌وانى ئەدهەم بارزانى گیران

مەودا میدیا - سلێمانی |


چوار پاسه‌وانى ئەدهەم بارزانى گیران

مه‌ودا میدیا-

نوسینگه‌ى ئه‌دهه‌م بارزانى بڵاویكرده‌وه‌، چوار پاسه‌وانیان ده‌ستگیركراون له‌ لایه‌ن ئاسایشى پارتى و ئه‌وه‌ى كراوه‌ كارێكى مه‌ترسیداره‌.

نوسینگەی ئەدهەم بارزانی: چوار پاسەوانی ئەدهەم بارزانی لە بازگەی هیران و نازەنین دەستگیرکراون
" بۆ ئاسایشی گشتی هەولێر گواستراونەتەوە"
درەو:

راگەیەندراو نوسینگەی ئەدهەم بارزانی:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

- جەماوەری سەربەرزی کوردستان
- بەڕێز لایەنە سیاسیەکانی عێراق و کوردستان
- ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ لە ناوخۆ و دەرەوە
- باڵیۆز و قونسوڵخانەو نوێنەری وڵاتان.
- ئازادی خوازان و تێکۆشەران لە پێناو ئازادی.

دوێنێ شەممە ٩ـ٨ـ٢٠٢٥، ژمارەیەک لەو کەسانەی کە لەگەڵ بەڕێز ئەدهەم بارزانی وەک پاسەوان دەوام دەکەن هاوڕێ لەگەڵ دۆستێکی ئەوان کە سەرجەمیان چوار کەس بوون لە پارێزگای سلێمانییەوە گەڕاونەتەوە بۆ قەزای سۆران و دەڤەری هەریر، لە کاتژمێر ١:٣٠ی خولەکی پاشنیوەڕۆی دوێنێوە تا درەنگی شەوی ڕابردوو بێسەر و شوێن بوون و پاشان  بەپێی هەندێ سەرەداو کە بۆمان دەرکەوت لە بازگەی هێران و نازەنینی ئەو بازگەیەی کە باشوری کوردستانی کردووە دوو پارچە لە نزیک شەقڵاوە دەستگیرکراون و موبایلەکانیان داخراون و پاشان بۆ ئاسایشی گشتی لە هەولێر گواسترانەوە و دەستبەسەرکراون بەو بهانەیە کە پێشتر لیژنە ناوچەکانی حیزبی دەسەڵات بە ئەوانی گوتووە کە سەردانی سڵێمانی و شێخ ئەدهەم بارزانی نەکەن بەم تاوانە گەورەیە گیراون 

بەداخەوە ماڵ و مناڵیان لە دوێنێ ئێوارە و تاکو ئەمڕۆ لە دڵەراوکێیەکی گەورەدا و لە شین و گریاندا دەژین.

بۆیە لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین ئەم کارانە دورە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی، ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە و تەنها تاوانی ئەوان ئەوەیە کە دۆست و کەسانی نزیکی بەڕێز ئەدهەم بارزانین.

هاوکات دەستگیرکردنی ئەم بەڕێزانە لە کاتێکدایە، دۆخی هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی بێ متمانەیی جەماوەری و هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت و نەبوونی موچەو ئاو و کارەباو سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی دیکە وای کردووە هاوڵاتیان بێ ژیان ببن و هیچ متمانەیەکیان بەم دەسەڵاتەی نەمابێت، هەر بۆیە هانا دەبەنە بەر زەبر و زەنگ و سەرکوتکردنی دەنگە ئازادەکان و دەستگیریان دەکەن.

لە شوێنی ئەم دڵڕقیەو کەرب و کینەو زیاد کردنی برینە سارێژنەکراوەکانی میللەت، ئەولاتر و باشتر و ئاقلمەندانەتر دەبوو لەم سەردەمەدا کە کورد و هەموو لایەنەکان پێویستیان بە یەکدەنگی و یەگرتن هەیە خۆیان لەم جۆرە کردارانە دور بخەنەوە و لە خەمی ئێش و ئازاری جەماوەر دابن.

ئێمە داوا لە هەموو ئێوەی بەرێز دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم تاوانە کە دەسگیرکردنی بێتاوانەکانە بەبڕیاری لیژنەکانی حیزب کە هەڵوێست بنۆێنن و بێ دەنگ نەبن.

ئەمەش ناوی گیراوەکانە:

١- فایق سوفی خدر 
٢-مروان ئەسكندر ئەحمەد 
٣-نیهاد ئەحمەد محەمەد
٤-شوان نیعمەت حسین

نوسینگەی تایبەتی 
ئەدهەم بارزانی 
١٠
Qaiwan
Qaiwan