
ئەحمەد محەمەد سەعید
کرێکاران لەنێوان دوو بڕیاردا
سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ژمارە ( ٤٩١٠ ) لە بەرواری (٣ / ٨ /٢٠٢٥) دەرکرد و بڕیارەکە بەناڕوونی دەڵێت کرێی کرێکاری ناکارامە لە (٣٥٠ ) هەزار دینارەوە بۆ (٤٥٠) هەزار دینار بەرزکرایەوە . بەندە دەسخۆشی لەهەر هەنگاوێک دەکەم کە ئاستی بژێوی ژیانی کرێکار بەرز بکاتەوە، بەڵام:
یەک: هەرچەندە بڕیارەکە زۆر دواکەوتووە، بەڵام دەبوایە بڕیارەکە بۆ دابینی کرێکار لە سندوقی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بوایە نەک کرێی کرێکارێکی ناکارامە بۆ بڕی ( ٤٥٠ ) هەزار کرێ لە مانگێکدا .
دوو: لە بەرواری ( ١١ ) ئەپریلی ساڵی ( ٢٠٢١ ) عادل رکابی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عیراق بڕیاری بەرزکردنەوەی کرێی کرێکاری لە ( ٣٥٠ ) هەزارەوە بۆ ( ٤٥٠ ) هەزار دەرکرد بەم جۆرە ( بەرزکردنەوەی کەمترین کرێی کرێکار بۆ دابینی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە ( ٣٥٠ ) هەزارەوە بۆ ( ٤٥٠ ) هەزار دینار لە مانگێکدا .
سێ: لە یاسای کاری عیراقیدا کرێی کرێکار مانگانەیە نەک کاژێر و رۆژ بە هیچ جۆرێک کرێی رۆژانە دیاری نەکراوە، چونکە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ( ٣٨ ) ساڵە کار بە یاسای کاری ژمارە (٧١ ) دەکرێت .
چوار: دەبوایە بەڕێز سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەکەی بە ( ٦٠٠ ) شەش سەد هەزار دەرکردایە نەک ئەو بڕەی ئێستا پاڵپشت بە بڕیارێکی ساڵی ٢٠٢١ ی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
پێنج : لە بڕگەی دووەمیشدا دەبوایە رۆژانەی کرێکار لە بیست هەزار کەمتر نەبێت پاڵپشت بەهەمان بڕیاری پێشووی وەزارەتی کار .
شەش: کرێکار بە بڕیاری بەرزکردنەوەی کرێی مانگانەی سوودمەند دەبێت بە مەرجێک بۆ دابین و خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بێت .
حەوت: کرێکار زەرەرمەند دەبێت لە دیاریکردنی رۆژانەی کرێکار لە بیست هەزارەوە بۆ پازدە هەزار دینار.
لە کۆتاییدا دەڵێم بەداخەوە راوێژکارەکان تۆ بڵێیت کەس بڕیارەکەی ساڵی ( ٢٠٢١ ) ی بیر نەمابێت و جۆرێک لە گونجاندنیان بۆ بڕیارەکانیان هەڵبژاردایە نەک بێئاگایی.
بەڵگە بڕیارەکان هاوپێچی وێنەکانن: