عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

چیرۆکی قاوە و نووسین و راگەیاندن

هاوینی ساڵی 1987، لەگەڵ تارای هاوسەرم و هانەی کچە دوو ساڵە و نۆبەرەمان، لە ژێر کەپرێک دەژیاین لە جرجیان لە ناوچەی خواکورک، لە دنیا بچووکەکەی ئەوێ گوێم لە دەمەتەقێی دوو پێشمەرگە بوو، سەبارەت بە نووسین قسەیان دەکرد.

حەیدەر دەیوت: ئای کاک سەلام، ئەمشەو شتێکی فیکری و سیاسی بە خەیاڵمدا هات، داخەکەم قاوەم لانەبوو تا بیکەم بە نووسین و وتارێکی نایاب، تومەس کاکم وا تێگەیشتبوو کە قاوەخواردنەوە ئیلهام دروستدەکات و دەبێت بە مەرەکەبی نووسین!

سەلامیش دەیوت: قاوە پەیوەندیی بە نووسین و وتارەوە چییە؟

حەیدەر: بۆ تۆ گوێت لێ نەبوو، ئەو رۆژە کاک کەریم دەیوت، قاوەخواردنەوە رێگەخۆشکەرە بۆ نووسین و ئیلهام بەخشە!

 نووسین بۆ نوخبە
ئەو کاتانە نووسینی ئێمەمانان زیاتر بۆ نوخبە بوو، ئامرازی گەیاندنمان بۆ ژمارەیەکی زۆری خوێنەر نەبوو، بەڵام کاریگەریی خۆی هەبوو.

 دوای چەندین ساڵ لەوە، ئێستا من لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانیی میهرەبانم، خۆشم نازانم بۆچی ئەو مشتومڕەم بەخەیاڵدا هات؟!

ئەوسا لە شاخ و ئێستا لە شار
دوای 38 ساڵ، منیش حەزم لە کوپێک قاوە و تەنیایی بوو، تا ئەم چەند دێڕە وەک وتارێکی کورت و پوخت و ئاسان دەربارەی رۆڵی راگەیاندن لەم بارودۆخەی هەرێمی کوردستاندا بنووسم.

سەرەتا حەزدەکەم ئەوە ئاشکرا بکەم، کە شتەکان چەند گۆڕاون، ئەوسا لە کوێ بووین و ئێستا لە کوێین؟ ئەوسا لە شاخ و ئێستا لە شار، ئەوسا لە ژێر کەپری بێ کارەبا و سادە، ئێستا لە ژیانێکی تاڕادەیەک باش و خۆشگوزەراندا، ئەوسا لەسەر ئەرز و راخەر دادەنیشتین، ئێستا لەسەر کورسی و قەنەفە، بەڵام ئەوسا بە ئارەزوی خۆمان و بە توندڕەویی و بێ حسابکردن بۆ ئەم و ئەو دەماننووسی، ئێستا دەبێت ئاگامان لە پانایی و پەزەکانیش بێت!

 راگەیاندن لە جیهاندا وەک هەموو شتەکانی دیکە پەرەی سەندووە و گەشەی کردووە، وەکو جاران نەماوە و بووەتە دەسەڵاتی چوارەم، جاروبار ئەم دەسەڵاتەش تێدەپەڕێنێت و تا دێت کاریگەرییەکانی بەرچاوتر دەبێت و  بووە بە پێویستییەکی ژیان.

راگەیاندن و راگەیاندنی کوردی
وەک دیار و ئاشکرایە، راگەیاندن پرۆسەی گەیاندنی دەنگوباس و هەواڵ و زانیاری و بیروڕایە بۆ خەڵک، بە جۆرەها ئامرازی وەک رۆژنامە، گۆڤار، رادیۆ، تەلەڤزیۆن، ئەنتەرنێت و سۆشیال میدیا، لەپێناوی  کاریگەریی دروستکردن لەسەر رای خەڵک و دروستکردنی رای گشتیش.

کۆڵەکەی چەسپاندنی دیموکراسی
راگەیاندن لە ئەمڕۆدا بووەتە کۆڵەکەی چەسپاندنی سیستمی دیموکراسی لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، ئەویش بە گفتوگۆکردن و دەربڕینی رای جیاواز و پیشاندانی کێشەکانی ناو کۆمەڵگە و دەستنیشانکردنی رێگای چارەسەرکردنیان. 

لەناو ئەم پرۆسە گرنگ و کاریگەرەشدا، راگەیاندنی کوردی بەراورد بە راگەیاندنی میللەتانی پێشکەوتوو، هێشتا کۆرپەیە و گەشەی سروشتیی خۆی تەواو نەکردووە، بەهۆی دابەشبوون و داگیرکردنی کوردستانەوە لەلایەن چوار دەوڵەتی ناوەندییەوە. 

تائێستا راگەیاندن لەو فۆرم و چوارچێوە دامەزراوەییەدا بەرجەستە نەبووە، بەڵام هەنگاوی گەورەشی بڕیوە، بۆیە شان بە شانی ئەو گەشەکردنە، بەرپرسیارێتی راگەیاندنیش گەورەتر و هەستیارتر بووە.

رۆڵی راگەیاندنی یەکێتی
رۆڵی ئەرێنی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەسەلە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا، وەک رۆژی روون دیارە و پێویستە بەردەوام بێت، چونکە ئەمانە پرسی تاک و حزب و گرووپ نین بە تەنیا، بەڵکو پرسی میللەتێکن، بۆیە راگەیاندن نابێت ئاو بکاتە ئاشی نەیار و دوژمنەکانەوە، هەروەها نابێت بە ناهەق بە شان و باڵی دەسەڵات و ناوەندی بڕیاڕدا هەڵبدات. 

چارەسەرکردنی قەیرانی ئەمڕۆی کوردستان، پێویستی بە کۆششی دەستەجەمعی هەموولایەک هەیە و لە گشت بوارێکدا، بەتایبەتی راگەیاندن، کە دەبێت رۆڵی ئازایانە و پێشەنگی خۆی ببینێت لە روماڵکردنی کێشەکان و دەستنیشانکردنی رێگەی چارەسەرکردنیان، چونکە قسەکردن و شیکردنەوەی قەیرانەکە لەڕووی دارایی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، بەشێوەی زانستی و بابەتی و لۆژیکی، بەشێکی پێویست و گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەمەش دەبێتە بناغەیەک بۆ چاککردنی بارودۆخەکە و برەودان بە راگەیاندنێک کە پابەندبێت بە رەچاوکردنی بەرژەوندییەکانی خەڵک و نیشتمان. 

رەخنەی بنیاتنەر و بیناکەرەوە
دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەتوانن سوودمەندبن لە رەخنەی بنیاتنەر و بیناکەرەوەی راگەیاندن، ئەویش بە دانانی نەخشەڕێگەی چارەسەکردن و بە ئاشتکردنەوەی خەڵک و وەگەڕخستنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم و دەستکردن بە چاکسازیی راستەقینە لەپێناو رزگارکردنی میللەت لەم بارودۆخە ناهەموار و کوشندەیەی هەرێم.

شوکر بۆ خوا، ئێستا قاوەش زۆر و زەوەندە کە وامان لێ بکات، باش بیربکەینەوە و باشتریش بنووسین!

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan