کاوە ئەمین

کاوە ئەمین

وەرن تەماشای چیرۆکی خولەپیزە بکەن

کە لە پێچەکانی ئەزمڕ بەسەردەکەویت و دەگەیە سەر لووتەکەی چیاکە، دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێش ئامێزت بۆ دەکاتەوە، جوگرافیایەکی تێکەڵاو لە چیا، دەشتایی، گردۆڵکە و دۆڵی هەزار بە هەزار کە یەکپارچە بە داربەڕوو داپۆشراوە، ئیتر لەوێوە تاوەکو چاوبڕ دەکات بۆ سەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان پێی دەوترێت شارباژێڕ. بۆ پۆلێنکردنی کوێستان و گەرمیانەکەی، خەڵکی ناوچەکە بەسەر شارباژێڕی سەخت و شارباژێڕی تەخت دا دابەشیان کردووە.

 ئەم ناوچەیە لەڕووی کارگێڕییەوە مێژوویەکی کۆنی هەیە، لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تاوەکو هاتنی ئینگلیز بۆ کوردستان و عیراق، شارباژێڕ یەکەی کارگیڕیی خۆی هەبووە، ئێستا لەڕووی کارگێڕییەوە شارباژێڕ تەنیا لە قەزای شارباژێڕ دا خۆی دەبینێتەوە، بەڵام جاران لە سیوەیلەوە تاوەکو ماوەت، چوارتا، زەلان، قەڵای سرۆچک، سیتەک و بەری مەرگە، هەمووی هەر بە شارباژێڕ ناسرابوو، بەڵام لە یادەوەری و خەیاڵی خەڵکی ناوچەکەدا هێشتا شارباژێڕ هەر شارباژێڕەکەی جارانە. 

 ناوی شارباژێڕ کە لە دوو وشەی لێکدراوی هاوواتا کە لە زمانی کوردی دا شازە خۆی لە خۆیدا شایەنی لێوردبوونەوە و لێکدانەوەی زمانەوانییە، چونکە شار و باژێڕ هەر بە مانای شار دێن، مام هەژار وتەنی وەکو ئەوەیە ساوەر بە نانەوە بخۆیت، نانی بە نانی بخۆی، شار و باژێڕ، هەمان واتان. 

 بەم پێشەکییە ویستم وێنەیەکی سادە و ساکاری جوگرافیایەک نیشانبدەم کە سەردەمانێک شوێنی چالاکی، خۆشاردنەوە، حەوانەوە و روبەڕووبوونەوەی داگیرکەر بووە، لەلایەن تاقمێک لە لاوانی کوردەوە، کەسێک بە ناوی "خولەپیزە" سەرکێشی دەکردن! بۆ ناوزڕاندنیان، دەوڵەتی داگیرکەری ئەوکاتی عیراق سەردەمی پاشایەتی نازناوی "چەتە"ی لێنابوون بۆ ئەوەی لەبەرچاوی خەڵک بچووکیان بکەنەوە، بەڵام خەڵکەکە وەکو تاقمێکی یاخی لە دەسەڵات چاویان لێدەکردن، هەرئەوەش بوو کە وایکردبوو هەمیشە دەرگای ماڵەکانیان بەڕووی ئەو دەستەیەدا واڵابێت، ئەمەش زیاتر دەسەڵاتدارانی عیراقی دەهری کردبوو، بۆیە لە دوای کۆتاییهێنان بەو بزووتنەوە چەکدارییە، کابرایەکیان بەناوی عەزاوی لە بەغداوە هێنا بۆ سلێمانی و بەناوی نووسەر و لێکۆڵەرەوە کتێبێکی بەناوی (الکتاب الأسود – کتێبی رەش)ەوە نووسی، هەرچی کردەوەی خراپە خستییە دوای یاخیبووەکان بۆ ئەوەی لەنێو خەڵک دا ناویان رەش بکات، بەڵام هەر زوو خەڵکی ناوچەکە سیحرەکەی عەزاوییان بەتاڵکردەوە، بۆیە ئەگەر کەسێک تەنانەت منداڵێک هەڵوێستێکی بوێرانەی بنواندایە بە ئێستاشەوە دەڵێن تەماشاکە لێمان بووە بە خولەپیزە.   

 چیرۆک و بەسەرهاتەکانی خولەپیزە و یارانی ببوونە بەشێک لە ژیانی رۆژانەی ماڵی ئێمە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی مامم (عەولی گوڵچین) یەکێک بوو لەو گەنجە تفەنگچییە چاپووکانەی لە ماوەیەکی کورت دا بووە دەستەڕاستی خولەپیزە و هاوەڵێکی نزیکی، خەڵکی ناوچەکە و کەسە نزیکەکانی خولەپیزە ئەو شایەتییەیان بۆ داوە و دەدەن. عەول گوڵچین لە براکانی زیاتر جێگەی متمانەی خولەپیزە بووە. ئیدی ئەم چیرۆک و بەسەرهاتانە بوونە گورگانەشەوێی ئێمە، نەنە گوڵچین (دایکی عەول) بە دەنگێکی پڕ لە ئاوازەوە ئێمەی دەبردە ناو خەوێکی قووڵەوە، سەرئەنجام چیرۆکەکان بوونە بەشێک لە ژیانمان، بۆیە خولیای نووسینی کتێبێک لەسەر ئەو تاقمە کەوتە سەرمەوە، ئەوەبوو کەوتمە هەڵدانەوەی لاپەڕەی کتێبە مێژووییەکان، بەسەرکردنەوەی ئەو بەساڵاچووانەی کە هێشتا دەنگی بڕنەوەکەی خولەپیزە و هاوڕێیەکانی لە گوێیاندا دەزرینگێتەوە.

 یەکێک لە دروشمە سەرەتایی و ستراتیژییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو ئەوەبوو "کورد لە هەر شوێنێک بێت دەیدۆزینەوە"، بۆیە لە قەفقاسیاوە تاوەکو دەگاتە ئەورووپا، ئیستانبوڵ، تاران، دیمەشق، بەغدا و تەناتەت ئەفریقاوە دەستکرا بە کۆکردنەوە و ئەرشیفکردنی هەرشتێک کە مۆرکی کوردیان پێوەبێت، تائێستا سەدان بەڵگەفیلم، فیچەر و بەرنامەی مێژوویی تۆمارکراون و پارێزراون کە بەڕاستی سەروەتێکی گەورەیی نەتەوەیین بۆ کورد کە هەمیشە ماڵ بە کۆڵ بووە و تەنانەت پێیان رەوا نەبینیوە لەنێو ئەشکەوتەکانیشیدا بە ئاسوودەیی چایەک بخواتەوە. 

 کاتێک خەریکی نووسینی کتێبی خولەپیزە و یارانی بووم، بەڕێوەبەری گشتی رووداو پێشنیازی کرد بۆ ئەوەی کارەکە هەمە لایەنەبێت، بەڵگەفیلمێکیش ئامادە بکەم، هەرچەند کارێکی ئاسان نەبوو، چونکە جگە لەو چەند وێنەیەی کە وێنەگری مێژوویی و نێوداری سلێمانی (یەحیا فەنی رەسام) گرتوونی و چەند هەواڵێکی پەرپووتی رۆژنامەی (ژین) کە بۆ ختووکەدانی دەسەڵاتدارانی خۆجێیی ئەو سەردەمەی سلێمانی نووسراون، هەروەها کتێبە بەمەبەست نووسراو و گوماناوییەکەی عەزاوی، هیچی دیکەمان لەبەردەست نییە، بۆیە بۆ نووسینی کتێبەکە و بەڵگەفیلمەکە پەنامان بۆ مێژووی زارەکی و گێڕانەوەکانی ئەوانە برد کە هێشتا لە ژیاندا ماون. ئەوانیش ژمارەیان زۆر نییە، بەڵام جێگەی متمانە و باوەڕن.

 شایەتی زیندوو و مێژووی زارەکی نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە هەموو جیهان دا وەکو سەرچاوەی باوەڕپێکراو و مێژوویی بۆ پشتڕاستکردنەوەی رووداوەکان پشتیان پێدەبەسرێت. 

 لەو بەڵگە فیلمەی کە دوانیوەڕی چوارشەممە (8\10\ 2025 کاژێر پێنجی ئێوارە) لە سینەما سالم لە سلێمانی نمایشی دەکەین، بریتییە لە هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەکی مێژوویی ناوچەکە و باس لە یاخبوونەکەی خولەپیزە و هاوەڵانی دەکات، لە چەند گۆشەنیگایەکی مێژووییەوە زانیاریی نوێ دەدەینە بینەران. 

بۆیە هەموو ئەوانەی تینووی زانینی بەسەرهات و چیرۆکەکانی خولەپیزە و هاوڕێیەکانی و خەڵکی سلێمانی و شارباژێڕن، داوەتیان دەکەین بۆ تەماشاکردنی بەڵگە فیلمی خولەپیزە، پێکەوە چاوەکانمان بە دیمەنە جوانەکانی شارباژێڕ و وێنەی بڕنەوبەشانەکانی تاقمەکەی خولەپیزە زاخاو دەدەینەوە. 

بەخێربێن سەر سەرا، سەر چاڤا.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan