عیراقی

پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بەردەوامە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بەردەوامە
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ سێشەممە 2025/4/22، دەزگای شەهیدانی عیراق سەبارەت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم دەزگاکەیان پەیامێکی بڵاوکردەوەو ئاشکرایکرد 31 گۆڕی هاوڵاتییانی ئەنفالکراوی کوردیان دۆزیوەتەوە.

ئەحمەد قوسەی، سەرۆکی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدانی عیراق رایگەیاند "لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا پاشماوەی هەزار و 700 هاوڵاتیی کوردیان لە 31 گۆڕی بەکۆمەڵ دەرهێناوەو بۆ ناسینەوەی رووفاتەکان دوو هەزار و حەوت نموونەی خوێنیان وەرگرتووەو بەراورد کراون و ناسنامەکانیان دیاریکراوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەلایەن فەرمانگەی کاروباری گۆڕە بە کۆمەڵەکان بە هاوکاریی پزیشکی دادوەریی لە بەغدا بەردەوامە، بەڵام  نەبوونی بودجەی تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و زۆری ژمارەی گۆڕەکان، لە گرنگترین هۆکارەکانن کە دەبنەهۆی دواکەوتنی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەکان".

ئەوەشی خستەڕوو "تاوەکو ئێستا 31 گۆڕی بەکۆمەڵی سەر بە قوربانیانی هەڵمەتی ئەنفال کە رژێمی بەعس دژی گەلی کورد ئەنجامیداوە هەڵدراوتەوە، هەروەها لە سەرەتای ساڵی 2008ەوە پاشماوەی هەزار و 700 شەهیدیان دەرهێناوەو گواستراونەتەوە بۆ بەشی پزیشکی دادوەری لە بەغدا و نموونەی خوێن لە کەسوکارەکانیان وەرگیراون و بەراورد کراوە، دوای ناسینەوەیان پاشماوەو ئێسک و پروسکی ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکان رادەستکردنی کەسوکارەکانیان کراونەتەوە".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan