نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

جۆرەکانی بایۆلۆژی

مەبەست لە جۆرەکانی ژیانە لەسەر گۆی زەوی بە هەموو شێوەکانییەوە، هەر لە جین و بەکتریا تا تەواوی ئیکۆسیستمەکان، وەک دارستان یاخود مەرجانەکان و هتد... ئەم جۆرە ژیانەی ئەمڕۆ دەیبینین، دەرەنجامی پەرەسەندن و گۆڕانکاری 4.5 ملیار ساڵە. جۆرەکانی بایۆلۆژی بەیەکەوە تۆڕی ژیان پێکدەهێنن و مرۆڤ بۆ زۆر شت پشتیان پێ دەبەستێت، وەک: خۆراک، ئاو، تەندروستی، کەشوهەوای جێگیر و گەشەی ئابووری و چەندین پرس و بابەتی تر. زیاتر لە نیوەی بەرهەمی جیهان، پێویستی بە سروشتە، زیاتر لە ملیارێک مرۆڤ بژێوییان پشت بە دارستانەکان دەبەستێت، زیاتر لە یەک ملیار پشت بە سەرچاوەکانی دەریا و زەریاکان دەبەستێت، هەروەها زەوی زەریاکان زیاتر لە نیوەی دەرهاویشتە کاربۆنییەکان هەڵدەمژن، بەڵام سروشت لە قەیراندایە، نزیکەی یەک ملیۆن لە جۆرەکانی بایۆلۆژی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە و زۆربەشیان لە ماوەی دەیان ساڵی داهاتوو نامێنن.

هەندێک لە ئیکۆسیستمەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و بێ ئەوان ژیان ئەستەم دەبێت، بۆ نموونە؛ بەشێک لە دارستانەکانی ئەمازۆن کە جاران دارستان بوون، یەکێک لە سوودەکانیان هەڵمژینی کاربۆن بوو، دوای بڕینەوەیان و لابردنیان، ئێستا ئەو شوێنانە بوونەتە سەرچاوەی دەردانی کاربۆن، هەروەها لە سەدا هەشتا و پێنج لە زەوییەکانی باتڵاخ (شێدار) نەماون، وەک: زەلکاوە شۆڕەکان و زەلکاوەکان مانگرۆڤ، کە هەموویان بەشێکی زۆری کاربۆنیان هەڵدەمژی.

لە ماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان زۆر فراوانتر بووە، هەروەها زیادبوونی ژمارەی مرۆڤ و گەشەی بارزگانیی جیهانی و فراوانبوونی شارەکان بوونەتە هۆکارێک کە مرۆڤ سەرچاوە سروشتییەکان زۆر لەوە زیاتر بەکار بهێنن بەراورد لەگەڵ ئەوەی سروشت بتوانێت خۆی تازە بکاتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئەم دواییەی (سندوقی جیهانیی پاراستنی ئاژەڵی کێوی) دەرکەوتووە کە قەبارەی ژمارەی کۆمەڵەکانی شیدەرەکان، ماسییەکان، باڵندەکان، خشۆک و وشکاوییەکان بە تێکڕا لە نێوان ساڵانی 1970 – 2016 بە رێژەی لە سەدا شەست و هەشت کەم بوونەتەوە. لە هەمان راپۆرتدا باسی هۆکاری کەمبوونەوەی جۆرەکانی بایۆلۆژی کردووە و بۆ کۆمەڵێک فاکتەری گەڕاندووەتەوە و بە شێوەیەکی سەرەکی، بۆ گۆڕانکاری لە شوێنی نیشتەجێبوون و بەکارهێنانی ناوچە سروشتییە گرنگەکان لەلایەن مرۆڤەوە، وەک: دارستان و زەویی شێدار و دارستانە مانگۆرڤەکان و گۆڕینیان بۆ ناوچەی کشتوکاڵی. هەروەها هەندێک ئاژەڵ و بوونەوەری دەریایی وەک: پنگۆلین، نەهەنگ و ئەسپی دەریایی... بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی بازرگانی هۆکارە بۆ کەمبوونەوە و لەناوچوونیان.

تا ئێستا بەپێی زانیاری و لێکۆڵینەوەی زانایانی جیۆلۆجی و بایۆلۆژی، لەسەر هەسارەی گۆی زەوی، پێنج جار لەناوچوونی بەکۆمەڵ روویداوە لە ماوەی 540 ملیۆن ساڵی رابردوودا، کە سێ لەسەر چواری جۆری بوونەوەرەکان بەشێوەیەکی خێرا لەناوچوون. بەپێی شیکارییەکی ئەم دواییە، دەرکەوتووە کە شەشەمین لەناوچوونی بەکۆمەڵی گیانلەبەرە کێوییەکانی سەر زەوی، خراپتر دەبێت و زیاتر لە 500 جۆر ئاژەڵی کێوی نزیکن لە لەناوچوون و ئەگەری ئەوەشی هەیە لە 20 ساڵی داهاتوودا ئەمە روو بدات. لەکاتێکدا هەمان ژمارە لە مەودای سەدەی پێشوودا روویداوە و لەناو چوون. 

یەکێک لە نموونەکانی لەناوچوون، کە پێی دەڵێن لەناوچوونی زەبەلاح، پێش 250 ملیۆن ساڵ روویداوە و نزیکەی لە سەدا نەوەدی هەموو جۆرەکانی بوونەوەری ئەو سەردەمە لەناوچوون. هەروەها 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر یەکێک لە هەسارەکان بەر گۆی زەوی کەوتووە و بووەتە هۆی لەناوچوونی داینەسۆرەکان. 

هۆکارەکانی لەناوچوونی بەکۆمەڵ زۆر بەوردی دیارە، کە بەهۆی گۆڕانکاریی خێرا و دراماتیکی لە کەشوهەوا و زەریاکان و وشکانیدا بووە. هەندێک لە زاناکان سەبارەت بە شەشەمین لەناوچوونی بەکۆمەڵ دەڵێن ئەگەر مرۆڤ ئەو شێوەیە دەستکاریی سروشتی نەکردایە، رەنگە ئەم لەناوچوونە هەزاران ساڵی تری بویستایە. 

لە عیراقیش زۆرێک لە ئاژەڵە کێوییەکان و ئاوییەکان و باڵندە، مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، خۆڵبارین، وشکەساڵی، بەبیابانبوون، چالاکییەکانی مرۆڤ، زیادەڕەوی لە راوکردن، سووتاندنی سووتەمەنیی ژێرزەوی و وشککردنی زۆنگاوەکان و هتد... 

لەو ئاژەڵانەی باسی لەناوچوونیان دەکرێت: ئاسکی ریم، کە پێی دەڵێن ئاسکی بادیە، یاخود ئاسکی عەرەبی، سەگی ئاوی (ماکسوێل)، کیسەڵی فوراتی (پشت نەرم)، جۆرێک لە بزنەکێوی (ئیبیکسی شاخ)، بوولبوولی روومەتسپی، رێویی ئاوی، داڵەکەرخۆر، ماری کلکدرێژ، ماری قۆچدار، نەهەنگی فورات، ماسییەکوێرە و پڵنگ... بەکۆی گشتی، 58 جۆر مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. هەرچەندە عیراق لە ساڵی 2007ەوە چووەتە ناو رێککەوتننامەی رامسارەوە و یەک ناوچە، کە ئەویش زۆرنگاوی حەوێزە، لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا دەپارێزرێت. ئەمە جگە لە چەندین جۆری رووەکیش، کە ئەوانیش مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

بەپێی راپۆرتێکی رێککەوتننامەی جۆرەکانی بایۆلۆژی، پاراستنی هەمەجۆریی بایۆلۆژیی نزیکەی هەشت ملیۆن جۆر لە رووەک و ئاژەڵ لەسەر گۆی زەوی، خەم و ئەرکی هاوبەشی هەموو مرۆڤایەتییە. کە بۆ ئەو مەبەستە چەندین رێککەوتنی جۆراوجۆری بایۆلۆژی لەسەر هەموو ئاستەکانی وەک ئیکۆسیستمەکان، جۆرەکان، سەرچاوە بۆماوەییەکان و بایۆتەکنەلۆژیا ئەنجام دراون.

وەک هەموو بابەتەکانی تری ژینگەیی، رێککەوتننامەیەکی گرنگ هەیە بەناوی رێککەوتننامەی جۆرەکانی بایۆلۆژی و فرەلایەنە، کە سێ ئامانجی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، لەوانە: پاراستنی جۆرەکانی زیندەوەر، بەردەوامیی پێکهاتەکانی جۆرەکانی بایۆلۆژی، دابەشکردنێکی دادپەروەرانە و یەکسان لەو سوودانەی کە لە سەرچاوە جینییەکانەوە بەدەستی دەهێنن. ئەم رێککەوتننامەیە دوو پرۆتۆکۆڵی تێدایە؛ پرۆتۆکۆڵی ناگۆیا و پرۆتۆکۆڵی قرتاجە.

ر.س
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan