عیراقی
وتارەکەی بارزانی دەرگای مشتومڕ دەکاتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
پێگەی بەغداد ئەلیوم راپۆرتێکی لەسەر رەخنەکانی مەسعود بارزانی لەسەر دەسەڵاتدارانی عیراق بڵاوکردووەتەوەو ئاشکرایکردووە کە لەناو پەرەسەندنی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان حکومەتی فیدراڵی بە بەرپرسیاری قەیرانی مووچەی فەرمانبەران دەزانێت، کاردانەوەی سیاسی تووندی بەدوای خۆیدا هێناوەو نەیارەکانیشی وەک هەوڵێک بۆ سەرنج لادان لە حکومڕانی شکستخواردووی هەرێم سەیری دەکەن لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان.
بەغداد ئەلیوم ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "ئەگەر مەسعوود بارزانی و حزبەکەی و باقی لایەنە دەسەڵاتدارەکان بەڕاستی بیانویستایە پرسی مووچە یەکلایی بکەنەوە، ئەوا بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییان جێبەجێ دەکرد و پابەند دەبوون بە بڕیاری تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەران و داهاتی ناوخۆیان رادەستی بەغدا دەکرد و لیستی روون و ئاشکرای فەرمانبەرانیان ئامادە دەکرد، لۆمەکردنی بەغدا چارەسەری گرفتەکان ناکات، بەڵکو گرژییە ناوخۆییەکان گەورەتر دەکات".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "هێرشەکانی بارزانی بۆ سەر بەغدا، دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی فەرمانبەران لە حکومەتی هەرێم لە هەولێر و سلێمانی کە داوای خەرجکردنی مووچە و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی هەرێمیان کردووە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی بە پاڵپشتی دادگای باڵای فیدراڵی داوای داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکان و داهاتی نەوت وەک مەرجێک بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات، لە بەرانبەردا رێوشوێنانە لەلایەن بەشێک لە هێزە کوردییەکان رەتدەکرێنەوە و بە پێشێلکردنی سەروەری ئیداریی هەرێمی دەزانن.
باسی لەوەشکردووە "رەنگە وتارەکەی بارزانی پاڵنەری هەڵبژاردنی پێشوەختەی هەبێت، هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی بنکەی جەماوەری پارتی دیموکرات لەبەرانبەر پەرەسەندنی ناڕەزایی جەماوەریدا، بەتایبەتی لە سلێمانی کە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدایە و شایەتی شەپۆلێکی توڕەیی پەرەسەندووە بەرانبەر بە ئەدای ئابووری و سیاسی حکومەتی هەرێم".
ب ح
بیروڕا



