کوردستانی

بۆردومانەکانی تورکیا لە مانگی حوزەیراندا 8٪ زیادیکردووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بۆردومانەکانی تورکیا لە مانگی حوزەیراندا 8٪ زیادیکردووە
مەودا میدیا-

تیمی کوردستانی - عیراقی رێکخراوی CPTی ئەمەریکی راپۆرتێکی سەبارەت بە هێرش و بۆردومانەکانی تورکیای بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە وێنەیەکی ئاڕاستەی مەودا میدیا کردووە.

کامەران عوسمان، سەرۆکی تیمی کوردستانی - عیراقی رێکخراوی CPTی ئەمەریکی رایگەیاند "لە 2025/1/1وە بۆ 30ی حوزەیران، سوپای تورکیا هەزار و 678 هێرش و بۆردومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "هەزار و 684 هێرش بۆ سەر سنووری پارێزگای دهۆک، (140) هێرش بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر، (54) هێرش بۆ سەر سنووری پارێزگای سلێمانی و (سفر) هێرشیش بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا بووە".

ئەوەشی خستەڕوو "بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، (نۆ) هاوڵاتیی مەدەنی بونەتەقوربانی بە شێوەیەک (سێ) هاوڵاتیی شەهید و (شەش) هاوڵاتی تر برینداربوون".

باسی لەوەشکرد "لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا (هەزار و 232) هێرشی لە رێگەی تۆپباران و (397) هێرشی لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، (43) هێرشی لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر، (پێنج) هێرشی لە رێگەی بەکارهێنانی چەکی سوک و (یەک) هێرشی لە رێگەی تەقینەوە ئەنجامداوە".

وتیشی "بە تەنها لە مانگی حوزەیراندا، سوپای تورکیا، (550) هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە کە (541) هێرشیان بۆسەر سنووری پارێزگای دهۆک و (نۆ) هێرشیان بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر بوون،. بە بەراورد بە مانگی ئایار، ژمارەی هێرشەکان لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەی (8٪) زیادیانکردووە، بەڵام لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە مانگی ئادار، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردومانێکی بۆ سەر سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجامنەداوە".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan