کوردستانی

هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان رەتکرایەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


 هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان رەتکرایەوە
مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد لە رۆژی 2025/5/4، بە ژمارە (88/فیدراڵی/2025) داوایەکیان لەسەر پەرلەمانی کوردستان پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵی کرد، کە داوایان کردبوو دادگا ئەم سێ بڕیارە بدات (هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، راسپاردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق و وەرگرتنەوەی ئەو ئیمتیازە ماددیانەی (97) پەرلەمانتار لە 2024/12/2ەوە وەریانگرتووە.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی لە دانیشتنی خۆیدا، بە پاساوی ئەوەی ئەو داوایە لە پسپۆڕی و تایبەتمەندی دادگا نییە، داواکەی رەتکردوونەتەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئەوەی لە پێناو خەڵکدابێت دەیکەن و ماندوونابن، بە رەتکردنەوەی داواکەش جارێکیتر دادگا دۆسیەی پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان و غیابی دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری دامەزراوەکانی دایەوە دەست خەڵکی کوردستان و خۆی نەکردە خاوەنی ئەم پرسە گرنگە".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەگەرچی بەڵگەی پێویستیان لەسەر نادەستوریی بوون و خەرقی یاساکانیان لەسەر ئەو دۆخەی پەرلەمان خستبووەڕوو کە دەکرا دادگا بە پشت بەستن بەو بڕگە دەستووریانە بڕیاری پێویست بدات، بەڵام بۆ خۆدزینەوە لە دەستێوەردان لەم بابەتە بە پاساوی نەبوونی تایبەتمەندی بەبێ ئەوەی بچێتە ناوەڕۆکی داواکە و بەڵگەکان، داواکەی رەتکردەوە".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan