کوردستانی

دەسەڵات دەدرێتە بەڕێوەبەری پەروەردەکان

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەسەڵات دەدرێتە بەڕێوەبەری پەروەردەکان
مەودا میدیا-

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی تایبەت بە رێکخستنی میلاکی مامۆستایان بۆ ساڵی خوێندنی (2025 - 2026) ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و بەڕێوەبەرێتی پەروەردەکان کردووە.

وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند "پاڵپشت بە کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی وەزارەت لە رۆژی 2025/7/10، بەپێی فەرمانی وەزاری ژمارە (202) لە 2025/7/13، دیاریکردنی لیژنەی تایبەت بە رێکخستنی میلاکی مامۆستایان، بڕیاریاندا بەدەرچوواندنی ئەم پرنسیپە گشتییانەی لە خوارەوە:

1- دەسەڵات دەدرێت بە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکی سەرجەم مامۆستایان (هەمیشەیی و گرێبەست)بەر لە دەست پێکردنەوەی دەوام.

2- گواستنەوە بۆ دەرەوەی سنووری پەروەردەی هیچ قەزایەک ناکرێت، تەنها بۆ ئەو مامۆستایانەی کە لە سنووری پەروەردەی قەزاکەی زیاد بێت، دەکرێت بە شێوەی دانانی کاتی بگوازرێتەوە بۆ پەروەردەی قەزایەکی دیکە کە پێویستی پێی هەبێت.

3- ڕێکخستنەوەی میلاک لە قۆناغی بنەڕەتی لە (1-9) لەسەر بنەمای ژمارەی مامۆستا و ژمارەی پۆل و بەشەوانە دەبێت، لەسەر بنەمای(24) بەشەوانە بۆ هەر مامۆستایەک، مامۆستای زیادە دیاری دەکرێت، مامۆستای زیادە بە پێی پێویستی قوتابخانەیەکی تر دەگوازرێتەوە.

4- ڕێکخستنی میلاکی مامۆستایان لە قۆناغی ئامادەیی، پەیمانگە، ئامادەییە پیشەییەکان بە پێی پسپۆڕی و ژمارەی پۆل لەسەر بنەمای(22) بەشەوانە بۆ بکالۆریۆس ڕێکبخرێت، هەر مامۆستایەکی پسپۆڕی زیاد بگوازریتەوە بۆ قوتابخانە و خوێندنگەی تر کە پێویستی پێی هەبێت لە سنووری پەروەردەی قەزاکەیدا.

5- مۆڵەتی بێمووچە بە پێی ڕێنمایی تایبەت دابەزێنراوە وەک خۆی کاری لەسەر بکرێت، کە پێویستی مامۆستا بووەتە بنەما نابێت مۆڵەت بدرێتە مامۆستایەک کە بۆشایی درووست بکات.

6- هیچ داواکارییەک بەرز نەکرێتەوە بۆ گۆڕینی ناونیشان لە مامۆستا بۆ فەرمانبەر، جگە لەوانەی بە پێی ڕاپۆرتی پزیشکی پشتڕاستکراوە، کە بیسەلمێنێت توانای کاری مامۆستایی نییە.

7-ئەگەر لە هەر خوێندنگە و قوتابخانەیەک شاغیر هەبێت، پێویستە بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر ئەو بۆشاییە بە پێی پسپۆڕیان پڕ

بکەنەوە کە بە پێی یاسا دیاریکراوە (4) بە شەوانە بۆ بەڕێوەبەر و (8) بە شەوانە بۆ یارمەتیدەر.

8-ئەگەر هاتوو مامۆستاییەکە بە شەوانەکانی خۆی لە قوتابخانەکەی تەواو نەکردبوو، بە شەوانەکانی لە قوتابخانەیەکی پێویست تەواوبکات لە سنووری هەمان پەروەردە کە پێویستی بە پسپۆڕییەکەی هەیە.

9-ئەو مامۆستایانەی لە حاڵەتی دانانی کاتی ناوخۆیی دان، بۆ ساڵێکی تر دانانی کاتییەکەیان بۆ درێژ بکرێتەوە بەبێ ڕەچاوکردنی ماوەی ساڵانی دانانی کاتی پێشوویان.

10-دانانی کاتی بۆ مامۆستا و فەرمانبەران بۆ دەرەوەی وەزارەتمان بەپێی فەرمان وەزارییان ژمارە (15980) لە (2025/7/16) ڕێکخراوە، وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.

11- فۆرمی هاوپێچ کە گرێدراوە بەو ڕێکارە دەبێت لە خوێندنگە و قوتابخانەکان پڕ بکرێتەوە کە شاغریان هەیە، دوای پەسەند کردنی لەلای یەکەی سەرپەرشتیاری بدرێتەوە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا، دەبێت پەروەردەی قەزا بەپێی دیاریکردنی شاغرەکان چارەسەری میلاک بکات لەو قوتابخانە و خوێندنگەیانەی میلاکی زیادەیان هەیە، دوا وادە بۆ گەڕانەوەی فۆرمەکە بە ئەلیکترۆنی (2025/8/20) دەبێت.

12- ئەگەر لە هەر پەروەردەیەک کێشەی شاغر نەبوو پێویستی بەوە نابێت فۆرمی شاغر لەسەر ئاستی پەروەردەکەی پڕبکاتەوە، بەڵام ئەگەر نەیتوانی بە زیادەی میلاکی خۆی، شاغرەکەی خۆی پڕ بکاتەوە پێویستە ئەم فۆرمە لە ڕێگەی ب.گ.پ پارێزگاکەی بگاتە لیژنەی ڕێکخستنی میلاک لە وەزارەت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و وردبینی کردن.

13- پێویستە تا 2025/8/15 تەواوی میلاکی مامۆستایان رێکخرابێت.

لای خۆیەوە عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست رایگەیاند "بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ راگرتنی گواستنەوەی مامۆستایان لەنێوان پەروەردەکان کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "چەندین مامۆستای گرێبەست، هاوسەرگیرییان لە شارەکانی تر کردووەو داوایان کردووە کە راژەکانیان بۆ پەروەردەکانی تر بگوازرێنەوە بەڵام بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە گرفتیان بۆ دروست دەکات".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan