گێتی

خامنەیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا بڕیارێکی نوێی دەرکرد "لاریجانی دەرکەوتەوە"

مەودا میدیا - سلێمانی |


خامنەیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا بڕیارێکی نوێی دەرکرد "لاریجانی دەرکەوتەوە"
 مەودا میدیا-

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران مەرسومی دەستبەکاربوونی عەلی لاریجانی وەکو ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەرکرد کە یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەو وڵاتە و پۆستەکەیشی هەستیار و کاریگەرە، ئەمە لەکاتێکدایە ئاڵۆزییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر هەڵدەکشێت.

عەلی لاریجانی کێیە؟
لاریجانی لەنێوان ساڵانی 2005- 2007 ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بووە، هەر لەو کاتەیشدا سەرۆکایەتیی شاندی دانووستانکاری ئێرانی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا دەکرد، بەڵام بەهۆی جیاوازی لەنێوان بیروبۆچوونەکانیان دەستیلەکارکێشایەوە.

لاریجانی سێ جار بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی بەربژێر کردووە، بەڵام لە هەر سێ جارەکەدا لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور دوورخراوەتەوە کە دوایەمین جاریان ساڵی 2024 بوو دوای ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لە رووداوێکدا گیانیلەدەستدا، وەکو چاودێرانی سیاسیی ئاماژەی بۆ دەکەن هەموو ئەو رەتکردنەوانەی لاریجانی بەهۆی زاڵبوونی باڵی تووندڕەوە بووە لەناو دامودەزگاکانی ئێراندا.

لەگەڵ ئەوەیشدا لاریجانی لەسەر ئاستی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆمەڵێک پۆستی گرنگی وەرگرتووە وەکو سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وەزارەتی رۆشنبیری، سەرۆکی دەستەی رادیۆ و تەلەڤزیۆن، هەروەها لە چەند وێستگەیەکیشدا نوێنەرایەتیی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردووە.

ئەمە جگە لەوەی لە خێزانێکی ئایینی و سیاسییە و پێشتریش سادق لاریجانیی برای سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی دادوەریی کردووە.

ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بۆچی گرنگە؟
بەو پێیەی کۆمەڵێک ئەرکی هەیە، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران یەکێکە لە دامەزراوە گرنگەکانی ئەو وڵاتە، ئەنجومەنەکە بەشداری دەکات لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی لە ئێران بەتایبەت لەو رووانەی پەیوەندییان هەیە بە بابەتە ستراتیژییەکانی وەکو ئاسایشی هەرێمایەتی و بەرنامەی ئەتۆمی، بەڵام بڕیارەکانی پێش ئەوەی جێبەجێ بکرێن پێویستیان بە رەزامەندیی عەلی خامنەییەوە هەیە.

بەپێی چاودێرانی سیاسی، گەڕانەوەی عەلی لاریجانی لەم کاتەدا کە ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەگەڵ ئێران چووەنەتە قۆناغێکی تووندترەوە، بۆ ئەوەیە سوود لە ئەزموونی زۆر و پەیوەندییە فراوانەکانی لەناو دامەزراوەی دەوڵەت و لایەنەکاندا وەربگیرێت و بەوەیش دەتواننن باشتر رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببنەوە.

خ.غ


Qaiwan
Qaiwan