کوردستانی

ئەدهەم بارزانی پەیامێک ئاڕاستەی سودانی دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەدهەم بارزانی پەیامێک ئاڕاستەی سودانی دەکات
مەودا میدیا-

ئەدهەم بارزانی، کەسایەتیی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، نامەیەكی كراوەی ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق کرد و داوای پاراستنی سەروەریی عیراق و دەرکردنی سەربازانی تورکیا دەکات.

رایگەیاند "هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی عیراق دژبە دەستوەردانی سەربازیی تورکیا لە سوریا، هەڵوێستێکی گرنگە بۆ پارستنی سەروەریی خاکیی ئەو وڵاتە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "بەڵام باشتر دەبوو کە محەمەد شیاع سودانی پێش ئەوەی باسی سەروەریی خاكی سوریا بکات، بەرگری لە سەروەریی خاکی عیراق بكردایە".

ئەوەشی خستەڕوو "ئێستا بەشێك لە خاكی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر لەلایە تورکیاوە داگیر كراون".

باسی لەوەشکرد "رەنگە ھەندێک لە خزمەتگوزاریەکان کە پێشکەشی سەربازانی تورکیا لە شوێنە داگیرکراوەکان دەکرێت ،لەسەر حسابی دارایی عیراق و ھەرێمی کوردستان بێت".

ئەدهەم بارزانی وتیشی "مانەوەی سوپای تورکیا لە عیراق لە ساڵانی رابردوودا تاوەکو ئێستا بەم نیمچە رەزامەندییەی کە ھەیە و وبێدەنگ بوون لە بەرانبەریدا، رەنگە ھۆکارێک ببێت تاوەکو لە سوریاش رووبداتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە رەوانەکردنی هێزی سەربازیی تورکیا لەلایەن ئەردۆغانەوە رەتدەکەنەوەو پێویستە سەروەریی خاکی سوریا پارێزراو بێت. 

ب ح

Qaiwan
Qaiwan