ئابووری

دیناری عیراقی و تمەنی ئێرانی بەرزبوونەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


دیناری عیراقی و تمەنی ئێرانی بەرزبوونەوە
مەودا میدیا-

ماوەی هەفتەیەکە بەهای دیناری عیراقی و تمەنی ئێرانی بەشێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکانی  عیراق و هەرێمی کوردستان بەرزبوونەتەوەو شارەزایەکی دراویش هۆکارەکانی ئاشکرا دەکات.

جەبار گۆران، وتەبێژ و ئەنجومەنی بازاڕەکانی دراو لە شاری سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عیراقی پەیوەندی بە رێکارەکانی بانکی ناوەندی کە لە رابردوودا کۆمەڵێک رێوشوێنی گرنگی گرتووەتەبەر بۆ خێراکردنی حەواڵەکانی دەرەوە، دوای ئەوەش هەرێمی کوردستان و عیراق وڵاتێکی بەکاربەرن و زۆربەی کاڵا و پێداویستییەکان لە دەرەوە هاوردە دەکەن، بۆیە تا بازرگانەکان دەستیان بە دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بگات کەمتر روو لە بازاڕەکانی دراو دەکەن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "لەئێستادا پرۆسەی حەواڵە زۆر خێرابووە و تەمویلی بازرگانە بچوکەکان دەکرێت کر لە رابردوودا نەیانتوانیوە لە رێگەی بانکەوە حەواڵە بکەن ناچار دەهاتنە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوم دۆلاریان دەکڕی ئەمەش بۆ بازاڕەکان بارگرانییەکی زۆر بوو لە عیراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا لە رێگای کارتی بانکییەوە تەمویلی ئەم بازرگانانەش دەکرێت کە دەتوانن تاوەکو 50 ملیۆن حەواڵەی دەرەوە بکەن، ئەمەش خواستی لەسەر کڕینی دۆلار لە بازاڕەکان کەمکردووەتەوە و لە بەرانبەریشدا خستنەڕووی دۆلار زیاتر بووە".

ئەوەشی خستەڕوو "دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا هۆکارێکی تری دابەزینی بەهای دۆلارە، چونکە ئەگەر رێککەوتن لەنێوان تاران و واشنتۆندا بکرێت ئەو کاتە بەشێک لە سزاکان لەسەر سێکتەری دارایی ئێران هەڵدەگیرێن ئەوکات حەواڵەکردن بۆ ئاسانتربێت، دانوستانەکانیش خواستی لەسەر تمەنی ئێرانی زیادکردووە".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan