
دێرین جەمال
سەردەمی بێمتمانەیی و بوکەڵەی ژەھراوی
ھەموومان ئەوە دەزانین کە ژن شایەنی ئەوەیە رێزی لێبگیرێت، خاوەن بڕیاری خۆی بێت و تواناکانی لەئاستی پیاواندا بە کەمتر دانەنرێت، گەرچی من زۆر باوەڕم بە ئازادیی ژن ھەیە، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە لەم سەردەمەی ئێستاماندا ژنان بەشێوەیەکی نەشیاو پیشان دەرێن و لە بەھا جوانەکانیان کەم دەکرێتەوە، ئەوەش بەھۆکاری ئەوەی کۆمەڵە کەسانێک پەیدابوون کار لەسەر بێڕێزیکردنی ژنان دەکەن کە وەکو کاڵایەک ژنان تەماشا بکرێت، بەداخەوە ھەندێک لەمانە خودی ژنان خۆیان.
ھەر بەنموونە؛ لە چەند ھەفتەی رابردوودا سۆشیال میدیا پڕبوو لە باس و خواسی کەسانێک کە تاوانبارن بە دروستکردنی گرووپ بۆ کاری لەشفرۆشی و دەستگیرکران، من وەکو خۆم بە بیستنی ئەو ھەواڵە زۆر دڵخۆش بووم، ئەم جۆرانە لە مرۆڤ وەک ژەھرێکی کوشندەن بۆ کۆمەڵگە، ھەرچەندە ئەوە کاری دەوڵەتە بۆ نەھێشتنی ئەم جۆرە ژەھرە، بەڵام مایەی نیگەرانییە ھەندێک کەسانی بەرپرس لە دەوڵەت خۆیان دروستکەری ئەم جۆرە ژەھرەن، چەندین کارەکتەریان وەک بوکەڵە دروستکردووە لەژێر ناونیشانی جۆارو جۆردا؛ بوکەڵەی مۆدێل، بوکەڵەی بێژەر و بوکەڵەی ھتد... ئەمانە بەشێوازێک کاریان کردووەتە سەر کۆمەڵگە تا لێواری رووخان.
کەسانێک پەیدابوون دێنە سەر شاشەی تیڤییەکان و زۆر بەڕوونی و بێھیچ بەھایەکی کۆمەڵایەتی باس لەوەدەکات بە ناشەرعی لە کوڕە ھاوڕێکەی دووگیان بووە، پاش تێکچوونی پەیوەندییەکەیان کۆتایی بە دووگیانییەکەی ھێناوە .
ئەم بوکەڵانە بایەخێکی زۆریان پێدەدرێت وەک ئەستێرە پیشان دەدرێن کە لەڕاستیدا جگە لە بوکەڵەیەک بەدەست کۆمەڵە کەسانێکەوە کاری تایبەتی خۆیان پێدەکەن ھیچی تر نین ..
ئەم جۆرە دەروون نەخۆشانە ھێندە کاریان کردووەتە سەر کۆمەڵگە رێژەی جیابوونەوە زۆرترە لە ھاوسە گیری، بەشێوەیەک کاری کردووەتە سەر گەنجەکانمان متمانەیان کەمبووەتەوە بەرانبەر چوار دەوریان ناوێرن پرۆسەی ھاوسەرگیری ئەنجام بدەن، ژن وەک کاڵایەک دەبینن نەک وەک بەھا جوانەکەی خۆی کە ھەیەتی.
گەرچی لەڕاستیدا ھاوسەرگیری بۆ خۆشیی ژیانە، بەڵام گەنجکانمان ڕوو لە کافتریا و (کازینۆکان) دەکەن بۆ ئاسوودەیی دەرونیان و ئاکامەکەیشی کۆمەڵگەیەکی لەیەکتر ھەڵوەشاو دروستدەبێت.
زۆر جار هەر لە میدیاکانەوە دەبیستین لەلایەن ئاسایشی وڵاتەوە دەستگیراوە بەسەر بڕێکی زۆر لە مادەی هۆشبەر، مایەی دەستخۆشییە بۆ ئاسایش و پۆلیس ئەو جۆرە کەسانە دەستگیر بکەن، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەم رێژە زۆرە لە مادەی هۆشبەر هاتووەتە وڵات؟!
ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت، کەسانێکی زۆرمان هەیە کە ئاوێتەی ئەو مادەیە بوون و کڕیارن، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە و ئەرکی هەر یەکێک لە ئێمە زۆر قوستر بووە و دەبێت خێزانەکان چاوکراوەتربن بەرانبەر جگەرگۆشەکانیان لەم جۆرە ژەهرانە بەدووریان بگرن تا بە هەمووان کۆمەڵگەیەکی تەندروستیان لێێ دروست بکەین.
خ.غ