دێرین  جەمال

دێرین جەمال

وانەیەک بۆ ژیان

رۆژێک مامۆستایەک چووە ناوپۆل و بەیانیی باشی لە خوێندکارەکانی کرد، ماجیکێکی گرت بەدەستییەوە و لەسەر بۆردی پۆلەکە نووسی: وانەیەک بۆ ژیان، خوێندکارەکان لە جێگەی خۆیانەوە دەستیانکرد بە مقۆ مقۆ، مامۆستاکە ئاوڕی دایەوە و روویکردە خوێندکارەکان و وتی: ئەو دەنگە دەنگەتان لە چییە؟

بەشێک لە خوێندکارەکان وتیان مامۆستا مامۆستا وەک ئەوەی بیانەوێت بەیەکەوە وشەیەک بە مامۆستاکە بڵێن، بەڵام مامۆستاکە پێش ئەوەی خوێندکارەکان هیچ وشەیەکی تر بڵێن، وتی: دەزانم دەتانەوێت چی بڵێن!

ئەمڕۆ دەبووایە بەیەکەوە بچووینایە بۆ گەشتێکی زانستی، بەڵام بەهۆی کەشوهەواوە ئەمڕۆ ناتوانین بچین بۆ گەشتەکەمان، بە زەردەخەنەیەکەوە وتی: کاتی گەشتەکەمان گۆڕی بێخەم بن و هەفتەی داهاتوو کەشوهەوا جێگیر دەبێت گەشتەکەمان دەکەین.

ئەمڕۆ دەمەوێت وانەیەکی نوێ بخوێنین، مامۆستاکە داوای لە خوێندکارەکان کرد هەر یەکێکیان دەفتەرێک و پێنووسێک و دادەرێک لەبەردەمی خۆیاندا دابنێن، هەر بەو جۆرەی مامۆستا داوای لێکردبوون خوێندکارەکان دەفتەر و پێنووس و دادەرێکیان لەبەردەمی خۆیاندا دانا، مامۆستا داوای لە خوێندکارەکان کرد: لەسەر پەڕەی دەفتەرەکە بنووسن ژیان، خوێندکارەکان پێنووسەکانیان بەدەستیانەوە گرت و نووسییان ژیان، دواتر مامۆستاکە داوای لێکردن بە پێنووس دادەرەکە پێنووسەکانیان دابتاشن و دووبارە بنووسن ژیان، خوێندکارەکان لە مامۆستاکەیان پرسی: نووکی پێنووسەکانیان نەشکاوە بۆچی دەبێت بە پێنووس دادەر بیتاشن؟

مامۆستاکە لە وەڵامدا وتی: ئەوەیش بەشێکە لە وانەکەمان، ئەوەی من دەیڵێم ئەوە بکەن، خوێندکارەکان بە پێنووس دادەرەکە دەستیانکرد بە تاشینی پێنووسەکانیان، دووبارە نووسیان ژیان، مامۆستاکە ئەم کردارەی بە بەردەوامی بە خوێندکارەکانی دووبارە کردەوە، تا ئەوکاتەی خوێندکارەکان بە مامۆستاکەیان وت: مامۆستا پێنووسەکانمان بەشی ئەوەی پێوە نەماوە بە پێنووس دادەرەکە دای بتاشین!!

مامۆستا وتی: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە باسی ئەم وانەیەتان بۆ بکەم.

مامۆستاکە بە خوێندکارەکانی وت: وای دابنێن هەر یەکێک لە ئێوە ئەو پێنووسەن و  دەفتەرەکەی بەردەستیشتان  ژیانە و پێنووس دادەرەکەیش سەختیی رۆژگارە، ئێمە لەم ژیانەدا وەک ئەو پێنووسەین بۆ هەر ساتێک بەردەوام لە دەفتەری ژیانمان دەینووسێنەوە، بۆ هەر رۆژێک لە ژیانمان پێویستمان بە هەوڵدانە، هەندێکجار دەبێت زیاتر خۆمان ماندووبکەین و قوربانی بدەین هەر وەک چۆن بەوێنەی پێنووسەکە کە پێنووس دادەری رۆژگار دا دەتاشرێت، رۆژێک پێنووسەکە تەواو دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە چیمان لە دەفتەری ژیانمان نووسیوە بۆ نەوەی داهاتوومان.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan