کوردستانی

غەریب حەسۆ: دیمەشق بوونی پێکهاتەکان قبوڵ ناکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


غەریب حەسۆ: دیمەشق بوونی پێکهاتەکان قبوڵ ناکات
مەودا میدیا-

هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ئاشکرایکرد تورکیا زۆرترین دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سوریا دەکات و رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار لەنێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەکات.

غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی پەیەدە رایگەیاند "حکومەتی کاتی لە دیمەشق تاکلایەنە بڕیار دەدات، بە ویستی خۆی بڕیار دەدات، دەستوور و حکومەت دادەمەزرێنێت و هەڵبژاردن دەکات، ئەم کارانە پێشتریش لەلایەن بەعسەوە ئەنجام دەدرا، بەڵام دۆڕان، ئەوانەی جێگای بەعسیان گرتەوە بەهەمان شێواز کار دەکەن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "لە ئێستادا دۆخی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا سەقامگیرە، بەڵام هەندێک لایەن هەمیشە دەیانەوێت شەڕ دەستپێبکەن، ئەگەر شەڕیش دەستپێبکات ئەوا بەرفراوان دەبێت، هەر بۆیە ئەوان لەگەڵ شەڕدا نین، لەگەڵ چارەسەر و شەراکەتی نەتەوەیی راستەقینەین کە لە سوریای داهاتوو".

ئەوەشی خستەڕوو "لای حکومەتی کاتی دیمەشق شتێک بە ناوی پێکهاتەوە لە سوریادا نییە، بەڵام ئەم پێکهاتانە تێکۆشانێکی گەورەیان بۆ سوریا کردووە، ساڵانێکە کورد رۆڵێکی گەورەی بۆ کۆماری سوریا گێڕاوە، کورد خاوەندارێتی لە یەکێتی سوریا کردووە و لە سوریا میوان نییە، ئاشووری و سووریانی میوان نین".

باسی لەوەشکرد "دیمەشق بە ئیرادەی خۆی نییە، دەوڵەتی تر و بەتایبەتیش تورکیا دەستوەردان دەکات، تورکیا هێشتا ئامادەیی سیاسی و سەربازیی لە سوریا هەیە، لە هەمان کاتدا دەیەوێت لە بواری ئابووریشدا باڵادەست بێت، ئەم سیاسەتە رێگە نادات چارەسەرێک لە سوریا دروست ببێت،چونکە بەهعی دەستێوەردانەکانی تورکیا هیچ هەنگاوێک ئەنجامی نابێت".

ب ح

Qaiwan
Qaiwan