کوردستانی

مامۆستایان داوای وەرگرتنی هەڵوێست دەکەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


مامۆستایان داوای وەرگرتنی هەڵوێست  دەکەن
مەودا میدیا-

خۆپیشاندان و ناڕەزایی مامۆستایان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی فراوان لە بایکۆتکردنی ناوەندەکانی خوێندنەوە بۆ سەر شەقام  لە بەرانبەر دواکەوتن و نەدانی مووچە دەستیپێکردووەتەوە.

دڵشاد میرانی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیی بە مەودا میدیای راگەیاند "تۆمەتەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم رەتدەکەنەوە کە دەیانەوێت خۆپیشاندانی خۆڕسکانەی مامۆستایان تۆمەتبار بکەن بە پاڵپشتیی حزبێکی دیاریکراو".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "چەندین ساڵە پێچەوانەی یاساکانی خۆیان و یاسا عیراقییەکان، پێشێلی مافی مامۆستایان، فەرمانبەر، خانەنشینان و سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، رێز و متمانەیان بۆ یاسا و دادگاکان نەهێشتووەتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "بڕیاری تەوتینی مووچە، هەوڵی بەردەوامی دەستەی داکۆکیی لە مافی مامۆستایان و فەرمانبەران بووە، بەڵام سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی ، رێگربوون لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە، دەستپێکردنەوەی بایکۆت و خۆپیشاندانەکان دژی سەرهەڵدانەوەی بێ مووچەیی و دزیینی چەند مووچەیەکی تری کۆتایی ساڵە بەپیلانی سەرۆکی کابینەی نۆی هەرێم".

هەر دەربارەی دەستپێکردنەوەی بایکۆت و خۆپیشاندانەکان، مامۆستا نەجمەدین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی بە مەودا میدیای راگەیاند "تەوتین نەکردنی مووچە لە ئەستۆی سەرۆکی حکومەت و کابینەکەیەتی و زۆرینەی فەرمانبەران رازی نین بە هەژماری شەخسی ئەوان، دەسەڵاتی سلێمانی بەرپرسیارێتی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی ئەم زۆنەی لەسەر شانە و ناکرێت دژی خواستی خەڵکی ئەم ناوچانە دوای دەسەلاتی کابینەی نۆ بکەون".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئەم خۆپیشاندانانە بێ ئەنجام نابێ و لەپێناو تەوتینی مووچە سەردانی بەغدا دەکەنەوە و داوا لە تەواوی مامۆستایان دەکەن لە بەرانبەر پێدانی مووچەیەک و دووان نەچنەوە ناوەندەکانی خوێندن چونکە ئەرک بەرانبەر مافە".

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی بایکۆتی مامۆستایان مەودا میدیا پەیوەندی بە مامۆستا عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری بە وەکالەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانییەوە کرد رایگەیاند "لەئێستادا هیچ بڕیارێک بەرانبەر ئەو مامۆستایانە نییە و سەبارەت بە لێکەوتەکانی بایکۆتیش باشترە لە مامۆستایانی ناڕازیی بپرسن".

دەستپێکردنەوەی بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە لە کاتێکدایە، حکومەتی هەرێم تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی 10ی رابردووی دابەش نەکردووە و تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکی بۆ دابەشکردنی مووچە دیاری نەکردووە و  چارەنووسی مووچەی مانگەکانی  11 و 12ی ئەمساڵ نادیارە.

ب ح
Qaiwan
Qaiwan