ئابووری
نرخی زێڕ بۆ سەروو چوار هەزار دۆلار بەرزبووەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
شەوی رابردوو پێش داخستنی بازاڕەكان جارێكیتر نرخی زێڕ بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەك لە 4,001 دۆلاردا مایەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ سەروو چوار هەزار دۆلار لە كاتێكدایە كە لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوودا دوای كردنەوەی بازاڕەكان نرخی ئۆنسەیەك زێڕ دابەزی بۆ نزیكەی 3,930 دۆلار.
پێشڕەو محەمەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند"بە هۆی ئەوەی كە هاوڵاتییان و بازرگانان هێشتا لە بارودۆخ بە تایبەتیش بابەتی كەمكردنەوە یان كەمنەكردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانكی ناوەندی ئەمەریكاوە دڵنیا نین، بۆیە نرخی زێڕ لە دەورووبەری چوار هەزار دۆلاردا تا رادەیەك بە جێگیری ماوەتەوە".
وتیشی"یەكێكیتر لە هۆكارەكان ئەوە بووە كە هەفتەی رابردوو تا رادەیەك لە رووی سیاسییەوە ئارامتر بووە لە هەفتەكانی پێشووتر و هیچ شتێكی تازە و ئەوتۆی تێدا رووینەداوە كە ببێتەهۆی بەرزبوونەوەی یان دابەزینی زۆر و لەناكاوی نرخی زێڕ".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد"مانگی داهاتوو مانگێكی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ نرخی زێڕ دوای ئەوەی رێژەی سوودی بانكی لەلایەن بانكی ناوەندی ئەمەریكاوە دیاری دەكرێت".
ئ پ
بیروڕا


