کوردستانی

شەڕ و پێکدادان لەنزیک بەنداوەکە بەردەوامە

مەودا میدیا - سلێمانی |


شەڕ و پێکدادان لەنزیک بەنداوەکە بەردەوامە
مەودا میدیا-

بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین لەنێوان شاری منبج و کۆبانێ، کارەبای بەشێک لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بڕاوە.

مێرخاس عەفرینی، رۆژنامەنووس لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "پێکدادان لە نزیک بەنداوی تشرین لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا و هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازیی منبجی سەربە هەسەدە بەردەوامە، بەنداوەکەش چوار تۆڕباینی ئاوی هەیە، یەکێکیان کێشەی بۆ دروستبووە ومەترسی لەکارکەوتنی هەیە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ژمارەیەک گوند دەکەونە بەردەمی ئاوی بەنداوەکە لەرووی رۆژهەڵات و رۆژئاوای فورات، مەترسییان لەسەرە و لە هەر رووداوێکدا رەنگە ژێرئاو بکەون".

ئەوەشی خستەڕوو "بەهۆی پەلاماری گرووپە چەکدارەکان و بۆردوومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، زیان بە بەنداوەکە گەیشتووە و ماوەی دوو شەوە کارەبای کۆبانێ بڕاوە و خەڵک لە رێگەی موەلیدەوە کارەبا دابین دەکەن".

وتیشی "کۆنتڕۆڵکردنی بەنداوی تشرین لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا، دەبێتەهۆی بچڕانی کارەبا لەسەر شاری کۆبانێ و دەوروبەری لەلایەک و هەرەسهێنانی بەنداوەکەش ئاستی ئاوی رووباری فورات بەرزدەکاتەوە مەترسی ژێرئاوکەوتنی چەندین گوند و ناوچە تاوەکو عیراق هەیە".

بەنداوی تشرین دەکەوێتە باشووری کۆبانێ و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە، ماوەی هەشت رۆژە گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا لە سێ لاوە هێرشیان بۆ سەر بەنداوەکە دەستپێکردووە و فڕۆکەکانی تورکیاش بەردەوام بۆردوومانی سنوورەکە دەکەن.

ب ح
Qaiwan
Qaiwan