کوردستانی

ئەردۆغان شەڕ لەگەڵ کورد دەکات نەک هەسەدە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەردۆغان شەڕ لەگەڵ کورد دەکات نەک هەسەدە
مەودا میدیا-

هۆزان عەفرینی، سەرۆکی فیدراسیۆنی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و سوریا لە هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "کێشەی تورکیا و بە تایبەت ئەردۆغان ، هێزەکانی سوریای دیموکرات و شەڕڤانانی یەپەگە نییە، بەڵکو دەوڵەتی تورکیا کێشەی لەگەڵ هەموو کورد هەیە و لەهەر کوێ دەسەڵات و خۆبەڕێوەبەرییەک بۆ کورد هەبێت تورکیا دژی دەوەستێتەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "پەلامارەکانی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی لە سوریا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوا، جاری یەکەم نییە و پێشتر لە 2018/3/20 پەلاماری شاری عەفرین-یاندا و داگیریانکرد، دواتر بەبیانووی پاراستنی سنوورەکانی بە هاوکاریی گرووپە تووندڕەوەکانی هاوپەیمانی لە 2019/10/9، هەردوو شارۆچکەی سەرێکانی و گرێ سپی-یان داگیرکرد".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەو گرووپەی کە ئەجێندای دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغان لە سوریا جێبەجێ دەکەن ناویان لە خۆیانناوە سوپای نیشتمانیی سوری، لەئێستادا بە سوود وەرگرتن بە رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، ئەم گرووپە بە هاوکاریی و فەرمانی دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغان پەلامارەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووەتەوە و رووبەڕووی بەرگرییەکی سەختی شەڕڤانانی هەسەدە بوونەوتەوەو لە چەندین بەرەی شەڕ تووشی شکست بوون و زیانی زۆریان هەبووە، سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی تورک لەرێی هاوکاریی سەربازیی و چەک وچۆڵ و بۆردومانی تۆپخانە و فڕۆکەکانی بۆ گرووپەکە بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە پێشڕەویی بکەن".

وتیشی "دوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن تەحریر شام، لە ئێستادا لەلایەن محەمەد جۆلانی داوا لە گرووپی سوپای نیشتمانی سوری سەربە تورکیا کراوە کە چەکەکانیان رادەستی حکومەتی دیمەشق بکەن، چونکە محەمەد جۆلانی بەنیازی دامەزراندنی سوپایەکی نوێیە بۆ سوریا جیاواز لە سوپای پێشووی سوریا، کە تێیدا خزمەتی سەربازیی بە زۆرە ملێ نییە".

ب ح

Qaiwan
Qaiwan