کوردستانی

ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تۆمار دەکرێن؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تۆمار دەکرێن؟
مەودا میدیا-

بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ جەخت لە بەردەوامی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەکاتەوە، خاون ئۆتۆمبێلەکانیش چاوەڕوانی بڕیارێکی بەرپرسانن لە بەرژەوەندی ئۆتۆمبێلەکانیان بدرێت.

موقەدەم رێژەن شێخ بورهان، لێپرسراوی بەشی تۆمار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "تاوەکو ئێستا وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی پێداگرن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە و دەبێت ئۆتۆمبێلەکانیان ببەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی ئەمنیی سلێمانی جێبەجێ دەکەن و ناتوانن کارتی رێگەپێدان بدەن بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان، یان بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆبێلە بێ سەرەتاکان جێبەجێ نەکەن".

ئەوەشی خستەڕوو "دەنگۆی تۆمارکردن یان پێدانی کارتی رێگەپێدان بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان، تەنها هەڵمەتێکی راگەیاندن بووە و هیچ بڕیارێکی فەرمیی سەبارەت بەو بابەتە بوونی نییە".

لای خۆیەوە سوارە عومەر، نوێنەری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بە مەودا میدیای راگەیاند "بە ئومێدەوە لە لایەنە پەیوەدیدارەکان و لیژنەی ئەمنیی و هاتوچۆی سلێمانی دەڕوانن تاوەکو بڕیارێک لە بەرژەوەندی ئۆتۆمبێلەکان بدەن، چونکە نزیکەی 70 هەزار  ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هەیە،  چینە هەژارەکەی کۆمەڵگە زەرەرمەند دەبن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "لەئێستادا کڕین و فرۆشتن بە ئۆتۆمێلەکانیانەوە ناکەن و زۆربەیان لە گەراجەکانیاندا رایانگرتوون تاوەکو لەلایەن مەفرەزەکانی هاتوچۆوە دەستیان بەسەردا نەگیرێت".

ئەوەشی خستەڕوو  "بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تەنها لە سنووری سلێمانی کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و داوا لە لیژنەی ئەمنیی سلێمانی دەکەن ، مەفرەزە و بازگەکانی تایبەت بە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان هەڵبگرن".

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 2024/12/2 لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا رێگریی لە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختە بکات و  دەستیان بەسەردا بگرن.

پێشتریش لە 2023/3/3 بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بۆ ماوەی مانگێک دەستیکرد بە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و بە تایبەت بۆ ئۆتۆمبێلەکانی تۆیۆتا کراون ناسراو بە مەلیکە و شاهینە بەپێی ئەنجامەکەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ زۆرینەیان شیاوی بەکارهێنان نەبوون.

ب ح

Qaiwan
Qaiwan