کوردستانی
هەڵەبجە ئامادەکاریی بۆ ساڵی نوێ نەکردووە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی و هونەری هەڵەبجە ساڵانە بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر پێشوازیی لە هاتنی ساڵی نوێ دەکات، بەڵام بۆ ئەمساڵ هیچ ئامادەکارییەکی نەکردووە و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکەش هۆکارەکەی رووندەکاتەوە.
سەرخێڵ غەفار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی و هونەر لە هەڵەبجە بە مەودا میدیای راگەیاند "بە دوو هۆکاریی سەرەکی بۆ سەری ساڵی 2025، ئامادەکارییان نەکردووە و هیچ چالاکییەک لە شارەکە ئەنجام نادەن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی پێویست ناتوانن هیچ چالاکییەکی هونەری یان ئاهەنگێک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ساز بکەن".
ئەوەشی خستەڕوو "دۆخی رۆژئاوای کوردستان یەکێکی ترە لە هۆکارەکان کە بەهۆی پەلاماریی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئەو بەشەی نیشتمان و شەهیدبوونی هاونیشتمانیان ، وەک رێزێک بۆ قوربانییەکان و خانەوادەکانیان ناتوانن هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەک بۆ سەری ساڵ رێکبخەن".
ئەمە لە کاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی رۆشنبیریی و هونەر ساڵانە بە چەندین چالاکی هونەری جیاواز لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە هاتنی ساڵی نوێ دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی رۆشنبیریی وەک پێویست ئامادەکاریی بۆ ساڵی نوێ نەکراوە.
ب ح
بیروڕا



