کوردستانی

درۆنێکی تورکیا دووجار بۆردومانی جووتیارێک دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


درۆنێکی تورکیا دووجار بۆردومانی جووتیارێک دەکات
مەودا میدیا-

رۆژی 2025/1/7، جووتیارێکی کورد لە دۆڵی شۆرە لە گوندی گەڵاڵەی سەربە قەزای ماوەت، دەبێتە ئامانجی فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکانی تورکیا و دووجار بۆردومانی دەکەن.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی رایگەیاند "هاوڵاتیی حسێن ئەحمەد عەبدوڵڵای تەمەن 50 ساڵ، خەڵکی گوندی گەڵاڵەی ناوچەی شینکایەتییە لە قەزای  ماوەت، حسێن دانیشتووی شاری سلێمانییە و بۆ کاری باخەوانیی و جووتیاریی جار جار سەردانی گوندەکەی دەکات".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "کاتێک جووتیارەکە ئۆتۆمبێلەکە دادەگیرسێنێت، دەنگی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە نزیکتر دەبێتەوە، جووتیارەکە بەخێرایی لە ئۆتۆمبێلەکەی دێتە دەرەوە و رادەکات، هێشتا تەواو خۆی حەشار نەداوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، بۆمبێک ئاڕاستەی ئۆتۆمبێلەکەی دەکات و شوێنی دانیشتنی شۆفێرەکە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا دەکاتە ئامانج".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "جووتیارەکە بۆ خۆ رزگارکردن لە فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکەی تورکیا  حوسێن بە گاگۆڵکێ و خۆ خلۆرکردنەوە، خۆی گەیاندووەتە شیوێکی پێش گوند، لەوێدا خۆی حەشار دەدات بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەر لێنزی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە و بە ئامانج نەگیرێت".

باسی لەوەشکرد "جووتیارەکە رایگەیاندووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەسەر باخەکەدا سووڕاوەتەوە و چاوەڕێی دەرکەوتنەوەی کردووە تاوەکو بەئامانجیبگرێت، دوای ئەوەی دەنگی فڕۆکەکە نامێنێت، خۆی گەیاندووەتە گوندەکە و هەواڵی سەلامەتی خۆی دەدات بە خەڵکی گوندی گەڵاڵە کە پێیان وابوو پێکراوە و گیانی لەدەستداوە".

کامەران عوسمان وتیشی "سوپای تورکیا، بە مەبەستی چۆڵکردنی گوندەکان و ئاوارەبوونی گوندنشینان، بە بەردەوامی جووتیار، ئاژەڵدار و هاوڵاتییانی سەرسنوور بە ئامانج دەگرێت".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan