کوردستانی

پەیامێک ئاڕاستەی دەستەی دەسپاکی دەکەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەیامێک ئاڕاستەی دەستەی دەسپاکی دەکەن
مەودا میدیا

ئەنجومەنی فشار کە لە نوێنەرانی مامۆستایان، تەندروسیتکاران، فەرمانبەران، پێشمەرگە و بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە پێکهاتووە پەیامێک ئاڕاستەی دەستەی دەسپاکی هەرێم دەکەن،  کە وێنەیەکیان بۆ مەودا میدیا ناردووە.

ئەنجومەنی فشار لە قەزای شارەزوور بە مەودا میدیایان رایاگەیاند "سەرۆکایەتی شارەوانی شارەزوور بەهۆی بەرژەوەندیی کەسیی، ستەم و نادادییان بەرانبەر دەکات و کراون بە قوربانی بۆ بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان، چەندینجار نەخشەی ئەو زەوییانەی گۆڕیوە، زەوییە نایاب و بە کەڵکەکانیان داناوە بۆ سێ کۆمپانیا کە 170 دۆنمەو لەئێستادا 50 دۆنمی سیاج کراوە، لە بەرنبەردا زەوی کشتوکاڵی و دوورە دەست بۆ فەرمانبەران تەرخانکراوە".

ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد "سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی شارەزووریان کردووەو سەرۆکی شارەوانیی پێی راگەیاندوون کە فەرمانی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ دەکات، گرنگ ئەوەیە زەوی بە فەرمانبەر بدرێت ئیتر لە هەر شوێنێک بێت، بەڵام بە پاساوی ئەوەی کە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان قازانج نەویستن دەبیت زەوی نایاب و شیاویان بۆ دابینبکرێت".

ئەوەشیان خستووەتەڕوو "پاش بەدواداچوونەکانیان دەرکەوتووە کە ئەو زەوییانە بەشێوەیەکی نایاسایی دراوە بە کۆمپانیاکە، چونکە ئەنجومەنی شارەوانی لە 2024/1/24، رەتیکردووەتەوە ئەو زەوییانە بدرێت بە کۆمپانیا بەڵكو دەبێت تەرخانبکرێت بۆ کەسوکاری شەهیدان، خانەنشیان، پێشمەرگە و فەرمانبەران.".

باسیان لەوەشکردووە "هێشتا ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان رەزامەندی دەرنەبڕیوە تاوەکو کۆمپانیای (دۆڵی مەلەکان) یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر زەوییەکان دروستبکات، بەڵکو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانییەوە مۆڵەتی سیاجکردن بۆ 50 دۆنم دراوە بە کۆمپانیاکە، بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە بۆ فەرمانبەران بە چی هۆکارێک 120 دۆنمەکەی تر نادرێت بە کەسوکاری شەهیدان و فەرمانبەران".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan