کوردستانی

حکومەتی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/1/23، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد کە بەبێ ئاگاداری و راوێژی ئەوان، پێشنیارێک لەبارەی هەمواری یاسای بودجەی، تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت رەوانەی پەرلەمانی عیراق کراوە.
  
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند "دوای چەندین کۆبوونەوە بۆ ئەوەی پەرلەمانی عیراق یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ هەموار بکاتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە ،هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیش بۆ یاساکە کرا، بەڵام  لە کۆتا ساتەکاندا، دەنگی لەسەر نەدرا".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئەوان تووشی سەرسوڕمان بوون بەوەی پێشنیارێک لەلایەن نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە پەرلەمانی عیراقەو، تاکلایەنە و بەبێ ئەوەی راوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوە".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەم پێشنیارە لەهەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".

وتیشی "ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عیراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات، بۆیە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە ، بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەنەوە و دژی دەوەستن و دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەر رێککەوتوون بخرێتە دەنگدانەوە".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan