ئابووری
زێڕ بەردەوامە لە دابەزین
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
دوای ئەوەی شەوی رابردوو نرخی زێڕ ئاستێكی نوێی پێوانەیی تۆماركرد، لەو كاتەوە تا ئێستا بەردەوامە لە دابەزین و نرخی هەر ئۆنسەیەك زیاتر لە 60 دۆلار دابەزیوە.
شەوی رابردوو نرخی یەك ئۆنسە زێڕ گەیشتە 4,381 دۆلار كە ئەوەش ئاستێكی نوێی پێوانەییە و بۆ یەكەمجارە لە مێژوودا بگات بەو نرخە، بەڵام دوای گەیشتن بەو لوتكەیە خێرا دەستیكرد بە دابەزین و تا كاتژمێر 09:00ی ئەم بەیانییە زیاتر لە 60 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك لە نرخەكەی دابەزی و ئێستاش بە 4,319 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
پێشڕەو محەمەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند"ئەو یارییكردنەی نرخی زێڕ چەند هۆكارێكی جیاوازی هەیە، لەوانەش لە لایەك ئەمەریكا بەردەوام هەڕەشەی بەرپابوونی جەنگێكی نوێ دەكات كە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و لە لایەكی دیكەشەوە گفتوگۆكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ چین ئەگەری رێكەوتن و ئەنجامی ئەرێنی لێدەكرێت كە ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی نرخی زێڕ".
وتیشی"ئەو دابەزینانەی كە ئێستا نرخی زێڕ دەیكات بەردەوام نابێت چونكە ئاراستەی نرخەكەی لە دوورمەودادا بەرزبوونەوەیە و ئەمەش هەلێكی باشە بۆ بازرگانان ئەگەر بیانەوێت سوود لە دەرفەتی كڕین وەربگرن".
ئ پ
بیروڕا



