راپۆرت

نرخى دۆلار چه‌ند هه‌زار دینارێكى تر داده‌به‌زێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


نرخى دۆلار چه‌ند هه‌زار دینارێكى تر داده‌به‌زێت

مه‌ودا میدیا-

ماوه‌ى دوو مانگه‌، نرخى دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دینارى عیراقى به‌رده‌وامه‌ له‌ دابه‌زین و بۆ خوار 140 هه‌زار دینار دابه‌زیووه‌.

له‌ ساڵى 2021، بۆ یه‌كه‌مجاره‌، نرخى دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دینارى عیراقى دابه‌زینی له‌و جۆره‌ تۆمارده‌كات، كاتێك له‌ یاساى بودجه‌ى 100 دۆلار بۆ 145 هه‌زار دینار دیاریكرا.

له‌ دواى هاتنى سودانى و په‌سه‌ندكردنى پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ى ساڵه‌كانى 2023 و 2024 و 2025، نرخى دۆلار له‌ یاساى بودجه‌ بۆ 132 هه‌زار دینار كه‌مكرایه‌وه‌.

به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌ به‌رده‌وامى دۆلار به‌ قاچاخ براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و نه‌توانراوه‌كۆنترۆڵى بازاڕ بكرێت، نرخى دۆلار به‌رده‌وام له‌به‌رزیدابووه‌ و هه‌تا بۆ 175 هه‌زار دینار به‌رزبووه‌وه‌ و دواتریش به‌شێوه‌یه‌كه‌ به‌رده‌وام له‌ 150 بۆ 155 هه‌زار دینار بووه‌.

له‌ دوو مانگى رابردوو، نرخى دۆلار به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو دابه‌زینى كردووه‌ و له‌ ئێستادا 100 دۆلار بۆ 139 هه‌زار و 650 دینار دابه‌زیووه‌، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه‌ كه‌مترین خواست له‌سه‌ر دۆلار هه‌یه‌ له‌ بازاڕ، به‌رزبوونه‌وه‌ى ئۆنسه‌ى زێریش هۆكارێكى ترى دابه‌زینى نرخى دۆلاره‌.

ئامانج سه‌عید، شاره‌زاى ئابوورى به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "دابه‌زینى نرخى دۆلار بۆ خانه‌ى خوار 140 هه‌زار دینار هه‌نگاوێكى باشبوو، ئێستا ته‌نها 8 هه‌زار دینار له‌ نرخى فه‌رمیی بانكى ناوه‌ندیی عیراق دوره‌ كه‌ 132 هه‌زار دیناره‌، به‌ڵام له‌ راستیدا دابه‌زینى دۆلار ناگاته‌ 132 هه‌زار، چونكه‌ به‌ هه‌ندێ عموله‌ى كۆمپانیاكان تا 134 هه‌زار دینار ده‌ڕوات، ئه‌گه‌ر زۆر دابه‌زێت چه‌ند هه‌زارێكى تره‌و ره‌نگه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌".

پێشتریش مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د، راوێژكارى ئابوورى محه‌مه‌د شیاع سودانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى عیراق به‌ مه‌ودا میدیاى وت "رێكاره‌كانى بانكى ناوه‌ندیی عیراق و كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌قاچاخبردنى دۆلار بۆ ده‌ره‌وه‌ و به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاڵتوون له‌ بۆرسه‌ى جیهانیی، هۆكارى دابه‌زینى نرخى دۆلاره‌ به‌رانبه‌ر به‌ دینار".


ع
Qaiwan
Qaiwan