راپۆرت

سێی ئاب، رۆژی کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدی

مەودا میدیا - سلێمانی |


سێی ئاب، رۆژی کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدی
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ 11 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی کە لە 3ی ئابی 2014 کەوتنە بەر دڕندانەترین پەلامار و  ڕەشەکوژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، کە شەش هەزار و 417 هاوڵاتیی  لەلایەن چەکدارانی رێکخراوەکە رفێندران و تائێستاش ژمارەیەکیان بێ سەروشوێن ماونەتەوە.

سەرهەڵدانی داعش:

سەرهەڵدانی داعش وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی و دڕندەی بێ وێنە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، دەرهاویشتەی كێشەی دەوڵەت و حكومڕانی لەناو عیراق بەگشتیی و لە حكومڕانیی نوری مالیكی-یەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لەدوای ساڵی 2012- 2014، لە ئاكامی سیاسەتە هەڵەكانی نوری مالیكی ئەم رێكخراوە ستراتیژیەتی خۆی گۆڕی و لە رێكخراوی قاعیدە جیابووەوە و خۆی وەك دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ( داعش) راگەیاند، پاشان هەر خۆبەدەستەوەدانی زیاتر لە پێنج فیرقەی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵیی عیراق بووە هۆكاری ئەوەی داعش بتوانێت لە موسڵەوە خەلافەتی ئیسلامی لە عیراق و سوریا رابگەیەنێت و لە رێكخراوێكی تیرۆریستی بچوکەوە بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێكی دڕندەی تیرۆریستی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.

پەلاماردانی داعش بۆ سەر ناوچە کوردییەکان:

لەنێوان رۆژانی (یەک بۆ 15ی مانگی ئابی 2014)، دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش بەشێوەیەکی بەرفراوانی پەلاماری سەر ناوچە کوردییەکانی پارێزگای نەینەوای دا ، دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکە کشانەوە، داعش توانی هەریەک لە ناوچەکانی (شنگال، تەلکێف، قەرەقووش، بەرتەلە، زوممار، وانە، بەنداوی موسڵ، بەتنایە و کۆچۆ) داگیربکات. هەروەها ماوەی 20 کیلۆمەتر لە هەولێر و 40 کیلۆمەتر لە دهۆکەوە دووربوو.

کۆمەڵکوژیی شنگال:

کاتژمێر سێی بەرەبەیانی رۆژی 3ی ئاب داعش پەلاماری گوندەکانی دەوروبەری شنگالی دا، بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەوە، خەڵکی گوندەکان بە چەکەکانی خۆیان دەستیان کرد بە پاراستنی شوێنەکانیان، بەڵام بەهۆی تۆپبارانکردنیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بە هاوەن بەرگرییەکی بەهێز نەکرا و شارەکەش داگیرکرا، لەو کاتەدا هەرکەسێک لە دەرەوە ببینرایە دەکوژرا، لە بەیانی رۆژی 3ی ئاب داعش بە تەواوی دەستی بەسەر شنگالدا گرت و هەرکەس بەرگری بکردایە دەیکوشت، دواتریش داوای لە خەڵکی کرد کە یان موسوڵمان ببن یان دەکوژرێن.

ئەنجامی پەلامارەکەی داعش:

پەلامارەکە بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە دوو هەزار ئێزیدی  لە ماڵەکانیان رابکەن و کۆچ بکەن بۆ شارەکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق، پێنج  هەزار کەسی ئێزیدیش بوونە قوربانی و پێنج بۆ حەوت هەزار کچ و ژنی ئێزیدیش رفێنران و هەندێکیان لە بازاڕەکانی رەققە و موسڵ فرۆشران، زیاتر لە پەنجا هەزار ئێزیدی پەنایان بردە بەر چیای شنگال و بەبێ خواردن و ئاو و پێداویستی لەوێ مانەوە، هێزەکانی ئەمەریکا لە ئاسمان و هێزێکی یەکێتی و شەڕڤانان لە  دەوروبەری چیاکە بەرپەرچی داعشیان دایەوە و یارمەتیدەربوون بۆ رزگاربوونی خێزانە ئاوارەکان.

بەردەوامی پەلامارەکانی داعش:

رۆژی 2014/8/7، داعش دەستی بەسەر شاری قەرەقووشدا گرت، کە گەورەترین شاری مەسیحییەکانە لە عیراق و دەکەوێتە 30 کیلۆمەتری باشووری رۆژهەڵاتی موسڵ، لەو ساتەشدا هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکان کشانەوە و تەواوی هاوڵاتییانی ئەو ناوچانەی کە لەگەڵ قەرەقووشدا گیران ئاوارەبوون.

کۆمەڵکوژکردنی گوندی کۆچۆ:

رۆژی2014/8/15، لە گوندی کۆچۆی نزیک شنگال داعش هەستا بە کوشتنی 80 پیاو کە بەپێی قسەی ئەو کەسانەی رزگاربوو لە گوندی کۆچۆ کە دەزگای مافەکانی مرۆڤی سەربە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردووەتەوە هەموو کوڕ و پیاوانی گوندی کۆچۆ دەستگیرکراون کە ژمارەیان 400 کەس بووە و دواتر گولـلەباران کراون،. نزیکەی هەزار منداڵ و ژنیش رفێنران، لە رۆژی 2014/8/16،  بڵاوکرایەوە کە نزیکەی 200 پیاو لە زیندانی تەلعەفەر کوژراون دوای ئەوەی رەتیانکردووەتەوە موسوڵمان ببن.

ژمارەی قوربانییان:

قوربانییانی ناوچەکانی شنگال و دەوروبەری داتای ناڕێکن و ژمارەی ورد نییە، بەڵکو ژمارەی نزیککراوەن کە ئەگەر ئەوەندەش نەبن، زۆر نزیکن لەو ژمارەیەوە، تەنها لە رۆژی سێی ئاب نزیکەی دوو هەزار کەس لە شنگال و دەوروبەری کوژراون، لە نێوان 2 بۆ 2014/8/5، نزیکەی 500 پیاوی ئێزیدی کوژراون، 70 ژن و منداڵیش لە برسیەتی و تینوویەتی لەکاتی راکردنیان لە داعش گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی راپۆرتەکانی مانگی تشرینی یەکەمی 2014ی نەتەوەیەکگرتووەکان، داعش لە مانگی ئاب نزیکەی پێنج  هەزار پیاوی ئێزیدی کوشتووە، مانگی کانوونی یەکەمی 2014ـش هەرێمی کوردستان ژمارەی ونبووان و کوژراوانی ژنان و پیاوان و منداڵانی ئێزیدی بە چوار هەزار کەس خەمڵاند، لە راپۆرتەکانی کۆواری PLOS لە ساڵی 2017دا، دووهەزار و 100 بۆ چوار هەزار و 400 حاڵەتی مردن و کوشتن و چوار هەزار و 200 بۆ 10800 حاڵەتی رفاندن لە ناوچەکە تۆمارکراوە.

بەپێی دواین راپۆرت لە دوای کۆتاییهاتنی رێکخراوی داعش، ژمارەی ئەو هاوڵاتییە ئێزدییانەی کە رفێنراون، گەیشتووەتە شەش هەزار و 417 کەس، تائێستاش دوو هەزار و 827 کەسیان بێسەروشوێن ماونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە و تا ئەم ساتەش زیاتر لە 280 هەزار ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکان دەژین، هەزاران ماڵ بە رووخاوی ماونەتەوە و دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ هێشتا هەڵنەدراونەتەوە، هەروەها بەشێکیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کۆمەڵکوژ و جینۆسایدکران، کە تا ئەمڕۆ  83 گۆڕی بە کۆڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌ و لەگەڵ ئەوەش دا داعش 68 مەزارگە و پەرستگای تایبەت بە کوردانی ئێزدی وێران کردووە..
لە کۆمەڵکۆژییه‌كه‌ی شنگالدا، دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک ماونه‌ته‌وه‌، لەگەڵ ئه‌وه‌شدا نزیکەی 400 هه‌زار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون و تا ئێستاش زۆربەی هەرە زۆریان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ .

ب ح
Qaiwan
Qaiwan