راپۆرت

تا هه‌فته‌ى داهاتوو هیچ بڕیارێك نادرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


تا هه‌فته‌ى داهاتوو هیچ بڕیارێك نادرێت

مه‌ودا میدیا-

به‌هۆى پرسه‌ى چله‌ى ئیمام حسێن "ئه‌ربه‌عین" رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ پشووى فه‌رمى ده‌بێت له‌ عیراق و له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كیش له‌ سبه‌ینێوه‌ ده‌كرێت به‌ پشوو، به‌هۆیه‌وه‌ دواكه‌وتنى مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، له‌ دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عیراق هیچ بڕیارێك له‌باره‌ى ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم نه‌درا، هه‌ر بۆیه‌ بڕیار له‌ باره‌ى ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ، ده‌كه‌وێته‌ هه‌فته‌ى داهاتوو و ئه‌وه‌ش دواكه‌وتنى ناردنى مووچه‌ زیاتر ده‌كات.

به‌هۆى چله‌ى ئیمام حسێن كه‌ ناسراوه‌ به‌ "ئه‌ربه‌عین" حكومه‌تى عیراق رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى كرده‌ پشوو له‌ هه‌موو عیراق، بۆیه‌ پێشبینى ده‌كرێت ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش پرسى مووچه‌ یه‌كلانه‌كرێته‌وه‌ و بكه‌وێته‌ هه‌فته‌ى تر.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌رپرسان و په‌رله‌مانتارى كورد له‌ به‌غدا باسیان له‌وه‌ده‌كرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عیراق بڕیار له‌باره‌ى ناردنى مووچه‌ى مانگى شه‌شى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌درێت.

نه‌جوا كاكه‌یی، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عیراق له‌ فراكسیۆى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "به‌غدا نابێت به‌و جۆره‌ سزاى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بدات و پێویسته‌ مانگانه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بدات به‌ هه‌مان شێوه‌ى فه‌رمانبه‌رانى عیراق كه‌ساڵى رابردوو دادگاى فیدراڵیی بڕیارى له‌باره‌وه‌ ده‌ركرد".

ئه‌مساڵ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌ كۆى هه‌شت مووچه‌ ته‌نها 5 مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌ و دیارنییه‌ كه‌ مووچه‌ى مانگى شه‌ش دابه‌شده‌كرێت.

به‌غدا له‌ رێككه‌وتنى كۆتایی مانگى ته‌مووز كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم كرا، داوایكرد هه‌رێم مانگانه‌ 120 ملیار دینار له‌ داهاتى ناوخۆ و نه‌وتى به‌رهه‌مهێنراو ره‌وانه‌ى به‌غدا بكات ،به‌ڵام هه‌رێم پابه‌ندنه‌بووه‌ و به‌غداش ئاماده‌نییه‌ مووچه‌ ره‌وانه‌ى هه‌رێم بكات.


ع
Qaiwan
Qaiwan