کوردستانی
مامۆستایان بایكۆتی سەرتاسەرییان راگەیاند
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
بەپێی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی كە ئەمڕۆ هەینی 19ی ئەیلول بڵاویانكردووەتەوە، لە رۆژی 21ی ئەم مانگەوە كە وەك رۆژی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن دیاریكراوە، بایكۆتی پرۆسەی خوێندن دەكەن و ناچنەوە بۆ خوێندنگا و قوتابخانەكان.
ئەمەش دەقی راگەیەندراوی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییە:
بەناوی خوای بەخشندە و تۆڵەسێن
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ستەملێكراو
دایكان و باوكان و خوێندكارانی ئازیز
چینوتوێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگای كەپتكراو
ستەم و برسیكردن و شكۆشكاندنی دەسەڵاتی تاڵانكار، هەموو سنوورە دینیی و مرۆیی و ئەخلاقییەكانی بەزاندووە، بەدەر لە تیرۆری جەستەیی و كەسایەتیی، وا خەریكن لە رێی ژەهری نائومێدی و مووشەكی دەستی-دەستیپێكردن و ڤاكسینی بێدەنگكردن، یەك بەیەكمان خەڵتانی لەناوبردنێكی سەرشۆڕانە دەكەن.
بارتەقای رقمان لە بەدكاریی و خوێنساردیی ئەم دەسەڵاتە خوێنمژەی جمكی شەیتانی نەگریس، لە نابەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی حیزبە بەناو ناڕازییەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی و بەناو ڕۆشنبیران و دەستەبژێران و دادوەران و كەسایەتییە ئایینی و سیاسییەكان و بەناو شۆڕشگێڕانی دێرین و فەرمانبەران و خوێندكاران و كەسوكاریان نیگەران و تووڕەین؛ یەقینمان هەیە، هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی ئەم چینوتوێژانە، هۆكاری سەرەكی تەمەندرێژی و پێلێڕاكێشانی زیاتری ئەم دوو حیزبە بەكرێگیراوەیە.
ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە كە سێبەری رەشی كورسی و بەرژەوەندییەكانیان، بەرچاو و بەرویژدانی گرتوون، بەبێ گوێدانە دۆخی كارەساتباری دارایی مامۆستایان (كە هەم مامۆستان و هەم دایبابی خوێندكار)، رێكەوتی ( ٢١/ ٩/ ٢٠٢٥ )یان وەك یەكەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاریكردووە، ئەمە لە كاتێكدایە هەریەك لە مووچەكانی مانگی (٧ و ٨) نەدراوە و چاوبرسێتی و نەوتپەرستی و داهاتدزینی ئاغاكانیان وابكات هەریەك لە مووچەی مانگەكانی (٩، ١٠، ١١، ١٢) تەنیا فاتیحەلەسەرخوێندنی ماوە.
ئێمە پێمانوایە بایكۆت و خۆپیشاندان و هەموو هۆكارێكی مەدەنی بۆ داكۆكی لە مافەكانمان، نـــــــــایەكی سەربەرزانەن بۆ رەتكردنەوەی (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ)، كە جۆرێكە لە كۆیلایەتی سەردەم، ئەوەشی نەیهێشتووە بەتەواوی ئامانجەكەی بپێكێت، لەپاڵ فشار و بێباكی دەسەڵاتی قۆرخكار، بەداخەوە دەستبەكڵاوگریی لەڕادەبەدەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆك و پاساوی نابەجێی مامۆستایانی قۆناغی دوانزەیەم و نۆیەكان بووە، كە هیوادەخوازین و داواكارین ئەوانیش ئەمساڵ لێبڕاوانە (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ) ڕەتبكەنەوە و پشتیوانیی تاكۆتایی رێ، لە بایكۆتی خۆڕسكانە و هەر هۆكارێكی تری مەدەنی بۆ داكۆكی لە مافەكانمان بكەن.
خوێندن و پەروەردە و زانستێك، فێری ئازایەتی و هۆشیاریت نەكات، فێرت نەكات داوای مافە زەوتكراوەكانت و دادپەروەری بكەیت، ئەوە تەوق و بەڵایەكە لە گەردنتدا، كە لە هەردوو دنیات جگەلە ماڵوێرانی، هیچی دیكەی لێ بەرهەم نایەت. بۆیە تكادەكەین با بەس بێت، دەستبڵاویی لە بێدەنگی و ملكەچی و بەخشینەوەی نائومێدیی.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی
بیروڕا



