دۆزی ژن

سۆز عەبدولقادر بابان: هەڵوێستەکانی دایکم زیاتر پاڵنەر و هاندەرم بوون بۆ کاری سیاسی و نیشتمانپەروەری

مەودا میدیا - سلێمانی |


سۆز عەبدولقادر بابان: هەڵوێستەکانی دایکم زیاتر پاڵنەر و هاندەرم بوون بۆ کاری سیاسی و نیشتمانپەروەری
بەدرێژایی ئەم چەند هەزار ساڵەی جیهان بەشێوەیەکی گشتی لە قۆناغی کۆمەڵگەی نێرسالاریدایە، سەرەڕای هەموو رێگری و بەکەمگرتن و پەراوێزخستن و زوڵم و زۆرێک، هێشتا ژن لە گۆڕەپانەکەدایە و هیچ کار و رۆڵ و پێگەیەک نییە شایستەیی خۆیان تێدا نەسەلماندبێت. خۆشبەختانە رۆژ بە رۆژیش توانا و رێژە و کاریگەرییان لە هەڵکشاندایە...

خاتوو سۆز، خاتوونێکی پاشازادە و نەوەی بابانییەکانە، کە دەیبنی، باوەڕ ناکەیت خانمێکی ئاوا نەرمونیان و لەسەرخۆ، بەو شێوە مکوڕ و چالاکە لە گشت بوارەکانی: سیاسی و نیشتمانپەروەری، کارگێڕی و نوێنەرایەتی خەڵک، رەوتی کولتووری و کۆمەڵایەتی، رێکخراوەکانی مافەکانی ژنان، کاری مرۆیی و مرۆڤدۆستی کاری کردووە، ئەمە جگە لە ئەرکی سەختی دایکایەتی و بەڕێوەبردنی ماڵ و پەروەردەکردنی منداڵ... 

سەرەتا بفەرموو خۆت بناسە...
ناوم سۆز عەبدولقادر بەگی کوڕی عەبدولڕەحمان بەگە، کە کوڕی ئەحمەد بەگی خالید بەگی سلێمان پاشای کوڕی ئیبرایم پاشای بابانە، واتە بە پێنج پشت دەچمەوە سەر خودی ئیبراهیم پاشای بنیاتنەری شاری سلێمانی. 
من نۆبەرەی دایک و باوکمم، لە 16ی ئازاری 1960 لە سلێمانی لەدایک بووم.
 

ئەوەندەی من بزانم باوکت زوو کۆچی دوایی کردووە، تۆ باوکت لەبیرە؟
باوکم، کوڕی بچووکی باپیرم بووە، لە ساڵی 1965 هێشتا گەنج بووە کە وەفاتی کردووە، ئەو کاتە ئێمە (من و هەردوو خوشکە بچووکەکەم) زۆر منداڵ بووین و بیرمان نایەت.  

باپیرت منداڵی تری هەبوو؟
جگە لە باوکم، دوو کچ و کوڕێکی تری هەبووە کە لە باوکم گەورەتر بوون، مامم؛ ئەسعەد بەگ، ئەفسەری سوپای عیراق بووە و بە پلەی عەمید خانەنشین کراوە، پوورەکانیشم (فاتمە و سەعدیە)، هەردووکیان مامۆستا بوون. 

دایکیشت بابانییە؟
نەخێر، دایکم؛ بەدیعە خانی کچی شێخ ئەحمەدی شێخ غەنی، لە خانەوادەیەکی ناسراو و دێرینی شاری سلێمانییە و لە شێخەکانی بەرزنجەیە. لە خێزانێکی خوێندەواری نیشتمانپەروەردا گەورە بووبوو. 
باپیرم؛ شێخ ئەحمەد (باوکی دایکم)، کەسێکی خوێندەوار بووە و وەزیفەی حکومەتی هەبووە، جگە لەوەش، شاعیر بووە و ئێستا دیوانی شیعرەکانی چاپ کراوە و شیعرەکانی لەژێر ناوی (فەوزی)دا بڵاو کردووەتەوە. 
دایکم، سێ برا و چوار خوشکی هەبووە: شێخ قادر، شێخ رەزا، مامۆستا شێخ حەسیب، نەسرین، پەروین و گێلاس، کە هەم براژنی شەهید ئارام بوو و هەم ئامۆزاش بوون، هەروەها نازەنین، کە ئەویش هەم هاوسەری شەهید خاڵە شەهاب بوو و هەم ئامۆزاش بوون.  

کەسێکی چۆن بوو؟
دایکم ژنێکی نەرمونیان و لەسەرخۆ بوو، هەرچەندە نەخوێندەوار بوو، بیری نیشتمانپەروەری لە هزریدا چەسپیبوو. وەکوو نەریتێکی باوانی خۆی؛ بوێر و خۆڕاگر بوو. لە سەرەتای ژیانی خێزانیدا هاوسەرەکەی (باوکم) کۆچی دوایی دەکات و بەوپەڕی توانا و هێزییەوە وەکوو شێرەژنێک شان دەداتە بەر بەخێوکردن و گەورەکردنی ئەو سێ منداڵە ساوا کچەی، بە هەموو سەختی و نەهامەتییەکانی ئەو سەردەمەوە گەورەمان دەکات تا خوێندنی کۆلێژ تەواو دەکەین و هەریەکەمان دەچینە ماڵی خۆمان.

دوای کۆچی دوایی باوکت کێ سەرپەرشتی دەکردن؟
لەبەر ئەوەی باوکمان زوو کۆچی دوایی کرد، هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ باپیرم دەژیاین، بەڵام ئەویش لە ساڵی 1967 دوو ساڵ دوای باوکم کۆچی دوایی کرد، ئیتر دایکم سەرپەرشتی دەکرین.  

باپیرت کەسێکی لێهاتوو و بەناوبانگی سەردەمەکەی خۆی بووە، بەکورتی باسێکی ژیان و چالاکییەکانیم بۆ بکە...
باپیرم، بە ئەوڕەحمان بەگی نفوس ناسرابوو لە شاری سلێمانی، لەبەر ئەوەی کە دائیرەی نفوس و ئەحسا لە سلێمانی دامەزراوە، ئەو یەکەم سەرکار و بەڕێوەبەری ئەو دائیرەیە بووە و لە سەرژمێرییەکانی عیراق لە ساڵەکانی 1934 و 1947 وەکوو ئەندامێکی دیار و شارەزا لە لیژنەکانی سەرژمێریی پارێزگاکانی ئەو کاتەی باکووری عیراقدا بەشدار بووە .
ئەوڕەحمان بەگ، یەکەم جار لە ساڵی 1903دا لە دەسەڵاتی عوسمانیدا پۆستی حکومیی وەرگرتووە، پاشان لە ساڵی 1918 دوای داگیرکردنی عیراق، بەهۆی زمانزانی و شارەزایی کاروباری ئیداری و ئاستی رۆشنبیرییەوە، دیسان خراوەتەوە سەر کاری وەزیفی و کراوە بە سەرکاری دائیرەی نفوس و ئەحسای ئەو کاتەی زەمانی ئینگلیز لە سلێمانی. 
لە رووی سیاسیشەوە کەسێکی لێهاتوو بووە، بۆ نموونە؛ لە حکومەتی شێخ مەحمودی نەمردا وەکوو دیپلۆماتکاری حکومەتی شێخ دەچێت بۆ مەهاباد و تەبرێز بۆ گفتوگۆ و پەیوەندی لەگەڵ کونسوڵخانەکانی ئەو کاتەی بەریتانیا و ئیتاڵیا و رووسیا، لە کاتی گەڕانەوەی و هێنانەوەی وەڵام بۆ حکومەتی کوردستان، لە شاری بانە دەزانێت کە شەڕی دەربەندی بازیان رووی داوە و لەشکری کورد شکاوە و شێخ بەدیل گیراوە، چونکە لەشکرەکەی پەرتەوازە بووە و لێیان هەڵاتووە بۆ بانە، ناچار بەشاراوەیی و بەنهێنی دێتەوە بۆ سلێمانی. پاش چەند جار بانگکردن و زیندانی، تا ساڵی 1927 لە موسڵ زیندانی دەکرێت و هەشت مانگ دوای هەموو زیندانییەکانی تر ئازاد دەکرێت، بەڵام ناخرێتەوە سەر کار و وەزیفە تا ساڵی 1931، پاش چوونەوە سەر کارەکەشی، لەبەر شارەزایی و کارامەیی لە وەزیفەدا دەمێنێتەوە تا لە ساڵی 1942 بەیەکجاری خانەنشین دەکرێت و دەست دەکات بە کاری کشتوکاڵ، چونکە لە بەکرەجۆ و عەواڵ ئەرز و ئاوێکی زۆری هەبوو و تا مرد خۆی سەرپەرشتی دەکرد.
ئەوڕەحمان بەگ، جگە لە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە و بەشداریی لە شۆڕشدا، شاعیرێکی دیار و پڕ بەرهەمی سەردەمی خۆی بوو، زمانەکانی تورکی، عەرەبی و فارسیی زانیوە و شیعری بەو زمانانە بەتەواوی بەلاغە و زمانەوانییەوە نووسیوە، لە ماڵ و دیوەخانەکەیدا هەمیشە کۆڕی شیعر و باسی شۆڕشگێرانە گەرموگوڕ بووە و بەردەوام لەو سەردەمەدا گوێگری رادیۆ و هەواڵی جیهانی و ناوچەیی بووە.

شیعرەکانی چاپ و بڵاو کراونەتەوە؟
بەڵێ، یەکەم چاپی بەشێک لە دیوانە شیعرییەکەی، لە ساڵی 1986دا چاپ کراوە، کە مەلا مەحمود گەڵاڵی کۆی کردووەتەوە و پێشەکی بۆ نووسیوە. مەلا مەحمود ئەو کاتە بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی بووە و مامم، ئەسعەد بەگ، کتێبخانەکەی باپیرم و هەموو دەستنووسەکانی پێشکەش بەوێ کردووە.
 منیش لە ساڵی 2015 بە پێویستمزانی جارێکی تر بە چاپێکی تازە بیخەمەوە کتێبخانەی کوردی، کە جگە لە پێشەکییەکی کورت بە قەڵەمی خۆم، ئەو بابەتانەی لە گۆڤاری بەیان و رۆژنامەی خەبات و وتە و چاوپێکەوتنی ئەو کەسانەی کە لەسەر ئەوڕەحمان بەگ نووسیویانە، بۆ دیوانەکەمان زیاد کرد و هەزار دانەمان لێ چاپ کردەوە و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کتێبخانەکانەوە بەسەر زانکۆکانی سلێمانی و هەولێر و تەواوی کتێبخانە گشتییەکانی کوردستاندا دابەشمان کرد، سێ سەد دانەشی درا بە دەزگای روانگە لە سلێمانی تا بەسەر خوێندنگەکاندا دابەشی بکات.


ئێستا با بێینە سەر باسی خۆت، بۆ خوێندنی سەرەتایی لە چ خوێندنگەیەک بوویت و خوێندکارێکی چۆن بوویت؟
من هەر لە منداڵییەوە لەسەرخۆ و گوێڕایەڵ بووم. هەر شەش ساڵەکەی خوێندنی سەرەتایی، لە قوتابخانەی گوڵاڵەی کچان بووم و هەموو ساڵێک یەکەم بووم. یەکێک بووم لەو قوتابییانەی وێنەکەم لە تابلۆی شەرەفدا هەڵدەواسرا، کە تابلۆیەکی تەختە بوو و پێشەکەی شووشە بوو و لە راڕەوەکەدا نزیک دەرگای ژووری بەڕێوەبەری قوتابخانە، وێنەی خوێندکارە یەکەمەکانی تێدا هەڵدەواسرا.  

ئێستاش هەر ناوی گوڵاڵەیە؟
نەخێر، ئێستا ناوەکەی کراوە بە (کەریمی عەلەکە). سەرەتا ناوی قوتابخانەی زەهرا بووە، دواتر بووە بە چیمەن و گوڵاڵە بە دوو دەوامی.

لەکوێیە؟
 دەکەوێتە بەرانبەر ئامادەیی سلێمانیی کچان، ئەوسا دەمانوت "نزیک ئاشی عەلەتریکەکە".  

چ یادەوەرییەکی خوێندنی سەرەتاییت لە یادە و بیرت ناچێتەوە؟
یەکێک لە نەریتە هەرەجوانەکانی ئەو سەردەمە کە لە یادم ناچێتەوە؛ ریزکردنی بەیانیانی پێنجشەممان بوو، بۆ پشکنینی پاکوخاوێنی و دەسڕ و نینۆک، هەموو پۆلەکان ریز دەکراین و بەیەکەوە سروودی (خوایە وەتەن ئاواکەی)مان دەوتەوە. هەر لەو ریزکردنەدا بەڕێوەبەر و رابەری پۆلەکان وتاریان دەخوێندەوە، لە هەر پۆلێک قوتابییەک دەهاتە دەرەوەی ریزەکە و بە ئارەزووی خۆی شیعرێکی دەخوێندەوە و چەپڵەیان بۆ لێ دەدا. جاری واش هەبوو مامۆستاکان کتێبی تازەیان دەهێنا و باسیان دەکرد، کێ بیویستایە دەیکڕی و پێنجشەممەی داهاتوو پارەکەی دەدا. 

ئەى بەشداریی چالاکییەکانی قوتابخانەت دەکرد؟
بەڵێ، ئەو چالاکییانەی قوتابخانە کە بەشداربووم تیایاندا؛ کەشافە (دیدەوانی)، ئیستعراز (نمایش)، هەروەها لەنێوان ساڵانی 1970-1972 بەشداریم دەکرد لە فێستیڤاڵی 11ی ئازار لە سلێمانی، وەکوو منداڵێکی جوان بە جلی کوردییەوە دەیانخستمە سەر پێشی ئۆتۆمبێلی کاروانەکە .

ناوی مامۆستاکانی سەرەتاییت بیر ماوە؟
ناوی هەندێکیانم لەبیرە، لەوانە: مامۆستا مەعسومەی سەعەی مەلا عەباس، بەڕێوەبەر بوو، ماڵیان لە سابوونکەران بوو، مامۆستا مەعسومەی ئەحمەدی تەها، خوشکی کامەران موکریی شاعیر بوو، سەعدیە بابان، پوورم بوو، جولێت شەمعون، دراوسێمان بوو، کە من لە پۆلی پێنج بووم کۆچی دوایی کرد، هەروەها نەجات شاڵی... 

ماڵتان لەکوێ بوو؟
ئەو کاتەی لەگەڵ ماڵی باپیرم بووین، لە گەڕەکی گۆیژە بوو، لەو بەشەی کە پێی دەوترا گەڕەکی گاوران، کەنیسەکە راستەوخۆ پشتی ماڵی ئێمە بوو، دراوسێی ماڵی شەهید بێستوونی مەلا عومەر بووین، تەنیشت ماڵی کەریمی عەلەکە.  

لەگەڵ ماڵە مەسیحییەکان تێکەڵاویتان هەبوو، یان خۆت هاوڕێی مەسیحییت هەبوو؟
بەڵێ، بەهۆی شوێنی ماڵەکەمان و قوتابخانەکەمانەوە، تێکەڵاوییەکی زۆرمان لەگەڵ ماڵە مەسیحییەکانی گەڕەکەکەماندا هەبوو، ژمارەیەک هاوڕێی نزیکم لێیان هەبوو، لەوانە: جوان جبرائیل (باوکی لە کەنیسە تراتیلی دەخوێند)، ئەڵوەن شەوکەت (کوڕەزای ئەسۆمەی مامان بوو)... 

بۆ خوێندنی ناوەندیی چوویتە چ خوێندنگەیەک؟
لە تاقیکردنەوەی کۆتایی شەشی سەرەتایی، یەکەمی خوێندنگەکەی خۆمان بووم و بۆ خوێندنی ناوەندی خرامە دواناوەندیی کوردستانی کچان، ناوەندی و ئامادەییم لەوێ خوێند.  

باسی خوێندنی ناوەندی و مامۆستاکانتم بۆ بکە...
دواناوەندیی کوردستانی کچان، کە ئەو سەردەمە یەکێک بوو لە خوێندنگە دیارەکانی شاری سلێمانی، لەلایەن دەستەبژێرێک لە مامۆستا چالاک و ناسراوەکانی ئەو کاتەی شارەوە بەڕێوە دەبرا، لەوانە: مامۆستا شەهلا داود بەگ (بەڕێوەبەر)، مامۆستا زەکیە عومەر سام ئاغا، خوشکەکانی خوێندکار بوون لەگەڵ ئێمە، مامۆستا پرشنگ مەمەند (وانەی زیندەوەرزانی)، مامۆستا پەروین عەزیز (وانەی زمانی عەرەبی)، مامۆستا زەکیەی عەزە قامیش، مامۆستا نەرمین (وانەی ماڵداری)، مامۆستا عومەر عارف قات رەش، هەر شەش ساڵەکە ئەو بیرکاریی پێ دەوتین، مامۆستا هەتاو (وانەی کیمیا)، مامۆستا شوکریەی مام حسێن و مامۆستا رووخۆش، فیزیایان پێ دەوتین، مامۆستا دڵشادیش ئینگلیزیی پێ دەوتین... هەروەها چەند مامۆستایەکی بەڕێزی تر، کە ئێستا ناوەکانیانم لە یاد نییە. 

کام مامۆستایان کاریگەریی زۆر بوو لەسەرت؟
مامۆستاکان بەگشتی تەنیا لە رووی وانە و خوێندنەوە کاریگەرییان نەبوو، بەڵکوو لە رووی سیاسی و رۆشنبیری و شۆشگێڕیشەوە کاریگەرییان لەسەرمان هەبوو، بەتایبەتی مامۆستا پرشنگ مەمەند، کاریگەریی زۆری لەسەر من هەبوو لە رووی سیاسی و رۆشنبیرییەوە.


لەو سەردەمەدا زۆربەی خوێندکار و خوێندنگەکان بەشدار دەبوون لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە رژێمی بەعس، ئێوە بەشداریتان دەکرد؟
لەو کاتەدا کە جموجووڵی خۆپیشاندانی خوێندکاران لە سلێمانی پەرەی سەندبوو، منیش وەکوو خوێندکاری دواناوەندیی کوردستانی کچان لە سلێمانی بەشداریم دەکرد لە خۆپیشاندانەکاندا، بەتایبەتی خۆپیشاندانەکانی دژ بە کردنی خوێندن بە عەرەبی، کە لە سەرەتاوە لەلایەن ئامادەیی سلێمانیی کچانەوە دەستی پێ کرد، ئەوە بوو هاتنە پێش خوێندنگەکەی ئێمە و مامۆستاکان دەرگایان بۆ کردینەوە و هەردوو خوێندنگەکە تێکەڵ بووین. پاشان تا دەهات خوێندکارانی خوێندنگەکانی تریش تێکەڵمان دەبوون تا چووینە بەر دەرکی سەرا، لەوێ پیاوانی حکومەتی بەعس بە کێبڵ تێمان کەوتن و بڵاوەیان پێ کردین.

دایکت رێگری لێ نەدەکردیت؟
خۆی لەو سەردەمەدا کە لە دواناوەندی بووم، شار وەکوو ئێستا گەورە نەبوو، زۆربەی مامۆستاکان خێزانی ئێمەیان دەناسی و ئاشنایەتییان لەگەڵ دایکم و ئامۆزاکانم هەبوو. دایکم نەک رێگری لێ نەدەکردم، بەڵکوو لەو سەردەمەدا کە بزووتنەوەی رزگاریی گەلەکەمان لەوپەڕی جۆشوخرۆشیدا بوو، وەک ژنانی نیشتمانپەروەری ئەو سەردەمە، دایکیشم بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانی کە بەشدار بێت لەو بزووتنەوەیەدا و لە ماڵەکەی خۆیەوە بەشداریی دەکرد لە هاوکاریکردنی پێشمەرگەدا بەپێی توانای خۆی و کردنەوەی دەرگای ماڵەکەی بە روویاندا، تا ببێتە جێگەی حەوانەوە و خۆشاردنەوەیان، چونکە ماڵەکەمان تا رادەیەک جێی گومان نەبوو، هەر بۆیە منیش لە پاڵ کاریگەرییەکانی تردا، ئەو هەڵوێستانەی دایکم زیاتر پاڵنەر و هاندەرم بوون بۆ کاری سیاسی و نیشتمانپەروەری. 

کێی تر هاندەرت بوو بۆ تێکەڵاوبوونت بە ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕی؟
من لە کتێبخانەکەی ئەوڕەحمان بەگ و لە دیوەخانەکەی و لە حەوشە گەورەکەی ئەودا پەروەردە بووم و گەورەبووم، وەکوو منداڵێک، لە کاتی هاتنی میوانەکانیدا (ئەوەی کە هەمیشە لە یادەوەریی منداڵیمدا ماوە و بەزۆریی دەهاتن: شێخ محەمەدی خاڵ و رەمزیی کاکە مەلا، واتە رەمزیی مەلا مارف) بوو، لەپاڵیدا دادەنیشتم. ئەو زۆر دڵی بە ناوەکەم خۆش بوو، خۆی ناوی ناوم "سۆز"، بە دایکمی وتبوو: "سۆز بە مانای بەڵێن و پەیمان دێت"، ئەوە جگە لە ناسکی و پڕسۆزیی خودی ناوەکە لای باپیرم، بۆیە هەر لە منداڵییەوە لە جیاتی یاریکردن، چاوم بە کتێب و خوێندنەوە کرایەوە و لەو کتێبخانە گەورەیەی ئەوڕەحمان بەگدا بە کتێبی مێژوویی و رۆمان دەستم پێ کرد، لەدوای ئەوەش خۆم لە ناو خوێندنەوەی کتێبی مارکسی و شۆڕشگێڕیی ساڵانی دوای نسکۆی 1975دا بینییەوە.
جگە لە کتێبخانەکەی باپیرم (کە دواتر پێشکەش کرا بە کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی)، لە رێگەی میوان و خزمان و دۆستانیشەوە ئاشنا بووم بە کتێب و ئەدەبیاتی مارکسی، کە لە رێگەی ئەڵقە رۆشنبیرییەکانی کۆمەڵەوە دەخرانە ناو خوێندکاران و خەڵکی خاوەن هەڵوێست، تا ئاستی رۆشنبیرییان بەرز بکرێتەوە و بە بیروباوەڕێکی بەهێزەوە رووبەڕووی ئەو دۆخە سەختەی ئەو سەردەمە ببنەوە. ئەوەش بوو بە سەرەتایەک بۆ تێکەڵبوونی جدیم بە کاری سیاسی و چەند کەسایەتییەکی دیاری ئەو سەردەمە.

  کەی بەفەرمی پەیوەندیت کرد بە رێکخستنەکانی کۆمەڵەوە؟
 پاش چوونم بۆ زانکۆی سلێمانی لە ساڵی 1978، کە لە کۆلێژی ئابووری و کارگێڕی، بەشی ئامار وەرگیرام، بەردەوام بووم بە شێوەی ئەڵقەی رۆشنبیری لە کاری سیاسیدا، تا ئەو کاتەی کە حەمەجەزای سەید مەجید و حەمە مستەفا هاتن لە ماڵی خۆمان کتێبی (مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست)یان بۆ هێنام، بەو شێوەیە لە مانگی نیسانی 1979وە بەفەرمی پەیوەندیم کرد بە ریزەکانی رێکخستنی کۆمەڵەوە لە کەرتی زانکۆ، کە راستەوخۆ پەیوەندیم بە (ئاسۆ ئیسماعیل)ەوە هەبوو تا ساڵی 1981، تا ئەو کاتەی زانکۆ گواسترایەوە بۆ هەولێر، لەوێش پەیوەندیم بە (خۆشناو جەمال جەلال)ەوە هەبوو.

لەو هەولێر بەشداریی چالاکی و خۆپیشاندانتان دەکرد؟
بەڵێ، بۆ نموونە؛ لە خۆپیشاندانەکانی زانکۆ لە ساڵی 1982، کە لەبەردەم کۆلێژی ئێمە لە سەیداوا بوو، هاوڕێیەکمان کە خەڵکی کەرکوک بوو، لەبەردەمماندا شەهید بوو. رژێمی بەعس بە هێزێکی زۆر و چەکی قورسەوە بڵاوەیان پێ کردین و بەشێکی زۆر لە خوێندکاران گیران. 

ئەى تۆ چیت کرد؟
 من دوای خۆشاردنەوە، توانیم بگەمەوە سلێمانی و لە سلێمانیش خۆمان شاردەوە تا حکومەتی بەعس لێبووردنی دەرکرد. 

 دوای ئەوەی گەڕانەوە، دەتانتوانی بەردەوام بن لە کاری نهێنی و رێکخستن؟
دوای گەڕانەوەمان، پەیوەندیمان کردەوە بە رێکخستنەکانەوە و بەردەوام بووین لە کاری نهێنی، هەرچەندە بۆ ماوەیەک کەرتی زانکۆ دوای ئەو گرتن و کوشتنەی کە لە هەولێر پێمان کرا، تووشی پەرتەوازەیی بووین، بەڵام دواجار و دوای تەخەروجمان، من خرامە بەشی رێکخستنی ژنان لە کەرتی رێکخستنی سلێمانی، کە لەلایەن وەزیرە خانی خوشکی شەهید ئارامەوە سەرپەرشتی دەکرا. 

واتە هەر ئەو ساڵە زانکۆت تەواو کرد؟
بەڵێ، کە گەڕامەوە بۆ هەولێر، دەوری دووەم تاقیکردنەوەم ئەنجام دا و دەرچووم، بەبێ ئەوەی وێنەی تەخەروجم هەبێت، چونکە بۆ دەوری یەکەم کرابوو، کە من ئەو کاتە خۆم شاردبووەوە. ئەوەش یەکێکە لە شانازییەکانم.

پێشتر وتت لە ماڵی خۆتاندا خەڵکتان دەشاردەوە، هیچ کەسێکت بیرە لەوانەی لە ماڵی ئێوە خۆیان حەشار داوە؟
 پێش ئەوەی زانکۆ ببرێتە هەولێر، گەرموگوڕیی خەباتی کۆمەڵە و خۆشەویستیی پێشمەرگە، بەتایبەتی لەناو گەنجانی وەکوو ئێمەدا، کە پەیوەندیی تەنزیمیمان هەبوو، بە رادەیەک بوو، زۆر جار پێشمەرگەمان لە ماڵی خۆماندا حەشار دەدا، لەوانەی لە ماڵی ئێمەدا بۆ چەندین شەو و رۆژ حەشار دراون؛ ئاواتی شێخ جەناب، بۆ ماوەیەک، لەگەڵ شەهید عوسمان کاژاوی و پێشمەرگەیەکی تر کە ناوی سالار بوو. ئازای شێخ رەئوف، بریندار بوو، شەو بە بەتانییەکی رەساسییەوە هێنایان و چەند شەوێک لە ماڵی ئێمە مایەوە، هەر لەوێش نەشتەرگەری بۆ کرا و چارەسەر دەکرا لەلایەن پەرستارێکەوە بەناوی لیمۆ، کە پووری عەتا عەبدولکەریم بوو. شەهید شوانی رەئوف نوری و پێشمەرگەیەکی تر لەگەڵ ئازا بوون تا ئەو کاتەی لە ماڵی ئێمە بردیان. 

دوای تەواوکردنی زانکۆ، دامەزرایت؟
بەڵێ، لە ساڵی 1983 لە کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار، بەشی فرۆشتنی چیمەنتۆ وەک فەرمانبەر دامەزرام و پاشان لە ساڵی 1985 کە کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە کەوتە کار، چوومە ئەوێ. 

 کەی هاوسەرگیریت کرد و لەگەڵ کێ بوو؟
لە ساڵی 1986 لەگەڵ ماجید محەمەد فەرەج، کە لە ئەسڵدا خەڵکی عەربەت بوو و باوکی بە حاجی حەمە پیزە ناسرابوو، هاوسەرگیریم کرد. 

چ کارێکی دەکرد؟
ئەندازیار بوو.

چۆن ناسیت؟
 بەهۆی رێکخستنەکانەوە ناسیم. 

واتە ئەویش ئەندامی کۆمەڵە بوو؟
بەڵێ.
 
پرۆسەی هاوسەرگیرییەکەتان چۆن بوو؟
 هاوسەرگیرییەکەشم وەکوو تەخەروجەکەم بێ ئاهەنگ و بێ وێنە بوو، چونکە لەو کاتەی کە خۆمان ئامادە دەکرد بۆ مەراسیمی گواستنەوە، گەرمەی شەڕی عیراق-ئێران بوو، ناوشاری سلێمانی لەلایەن ئێرانەوە تۆپباران دەکرا و یەکێک لەو تۆپانە بەر ماڵی دایکم کەوت، کە بەرانبەر نەخۆشخانەی شیرەکە بوو، لای خوێندنگەی رەفیق حیلمی. ئیتر لە لایەکەوە سەرقاڵی چاککردنەوەی خانووەکەمان بووین، لە لایەکی تریشەوە بەسادەیی ماڵمان پێکەوە ناو چووینە ماڵی خۆمان لە گەڕەکی تووی مەلیک، کۆڵانی دوکانی غەنی.

لە رێکخستنەکاندا هیچ بەرپرسیارێتییەکت هەبوو؟
بەڵێ، بەرپرسی چەند شانەیەک بووم، لەوانە: وەزیرەی مامە عەبە، کەژاڵ عەلی، کە لە فەرمانگەی کارەبا بوو، رووناکی سۆفی کەریم و چەند کەسێکی تریش بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی ناوەکان نهێنی بوون، بەتەواوی نەمدەناسین.

تا کەی بەردەوام بوویت لە کاری نهێنی؟ رووبەڕووی گرتن و ئاشکرابوون نەبوویتەوە؟
لە پاڵ کاری وەزیفیمدا وەکوو فەرمانبەر لە کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار و تاسڵوجە، درێژەم بە خەباتی نهێنیی رێکخراوەیی دا، تا ئەوە بوو دوای کیمیاباران و ئەنفال و ئاشکرابوونی رێکخستنەکانی سلێمانی، لەگەڵ هاوسەرەکەم فەرمانی گرتنمان بۆ دەرچوو، ماڵ بە ماڵ و تەنانەت لە شوێنی کارەکەشم لە کارگەی تاسڵوجە بە شوێنماندا دەگەڕان، ئێمەش ناچار کە ئەو کاتە تەنیا منداڵێکمان هەبوو، تەمەنی ساڵ و نیوێک بوو، بەجێمان هێشت، تەنانەت بە دوای دایکیشمدا دەگەڕان، ئەویش لە ترسی گرتن ناچار بە سەری سپییەوە و بەنەخۆشییەوە هەر شەوەی لە ماڵێک خۆی حەشار دەدا.  

چۆن و لە کوێ خۆتان حەشار دا؟
لە کاتی دەرچوونی ئەو فەرمانی گرتنەمدا، کە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ساڵی 1990 بوو، ماڵی خۆم لە تووی مەلیک بوو، بەرانبەر ماڵی عومەری مەحمود میرزا. بۆ گەیاندنی هەواڵی گرتنی هاوڕێیان چووبوومە دەرەوە، لە گەڕانەوەمدا، نزیک ماڵی خۆمان، هاوسەرەکەم بەهەڵەداوان کوڕە کۆرپەکەمانی بە باوەشەوە هێنا و وتی: "تا زووە با خۆمان دەرباز بکەین، ئێستا ئەمن هاتبوون بۆ ماڵەوە بەدوای تۆدا دەگەڕێن." ئیتر بە پێ و بێ ئەوەی بزانین بۆ کوێ دەچین، رۆیشتین لە کۆڵانە باریکەکانی پشت مەحکەمەی کۆن خۆمان کرد بە ماڵی کەمالی زەڕەنگەردا، شەو لەوێ ماینەوە. رۆژی دواتر هاوسەرەکەم چووە دەرەوە بۆ هێنانەوەی هەواڵ و دەنگوباس سەبارەت بە خۆمان و هاوڕێیان، دەرکەوت کە خەڵکانێکی زۆر رۆژانە دەگیرێن و ماڵی هەموو خزم و ناسیاوێکی نزیک و دووریش بۆ ئێمە دەگەڕێن، بۆیە ناچار لە ماڵی کاک کەمال دەرچووین. کاک کەمال بە تەلەفۆن مەوعیدی لە سەربەستی هاوسەری نەورۆزی خوشکم بۆ وەرگرتبووین، کە بە نزیک نەخۆشخانەی منداڵبووندا بڕوات. لەوێ منداڵەکەمان دا بە سەربەست و خۆمان رۆیشتین. نەماندەوێرا سواری تاکسی بین، چووین بۆ ماڵی نیانی کچی شێخ حەسیبی خاڵم، کە خێزانی کەمالی حاجی ئەحمەدی سێوسێنانی بوو، لەوێ دوو شەو ماینەوە. دوای ئەوەی کە زانیمان ئەمن بەردەوام بە دواماندا دەگەڕێن لە عەربەت و لە سلێمانی، براکانی ماجید و نەورۆزی خوشکم و هاوسەرەکەیان بەزۆر بردووە بۆ ماڵانی تر و چوونەتە ماڵی خاڵە شێخ رەزام لە گەڕەکی ئیسکان، ناچار ئەوێشمان بەجێهێشت و خۆمان کرد بە ماڵی کۆنەدراوسێیەکی خۆماندا. لەوێ چەند کاتژمێرێک ماینەوە، کە بابەتەکەیان زانی، پیرێژنی خاوەنماڵ، کە پێمان دەوت "دادە"، قبوڵی نەکردین، تەنیا عەبایەکی داینێ و بەگریانەوە بەڕێی کردین. ناچار خۆمان گەیاندە مامۆستا عومەر، برای ماجیدی هاوسەرم. لەوێش خێرا کە پێشتر ئامادەکاریی بۆ کردبوو، بە تاکسییەکی ناسیاوی خۆی ناردینی بۆ ماڵی ساڵحە رەشی مەنمی، کە خێزانەکەی پوورزای مامۆستا عومەر بوو. لەوێ سێ شەو ماینەوە، دوای ئەوەی کە رۆژ بە رۆژ زیاتر ئەمن بەچڕی بەدواماندا دەگەڕان، کاک عومەر ناچار لەوێش ناردینی بۆ ماڵێکی تر، کە نزیک ئوتێل ئەبو سەنا بوو و لەوە دەچوو تازە بووک و زاوا بن. دوو شەو لەوێش ماینەوە، ئێستاش نازانین کێ بوون. دیسان لەوێش تاکسیی بۆ ناردین و بردینی بۆ ماڵی مەحمودی حەمەی ئەمین عەربەتی، باوکی رامیار مەحمودی نووسەر، لای گردەبڕاوەکە بوو. چوار شەویش لە ماڵی ئەوان ماینەوە. 

ئیتر بەو شێوەیە لە ناوشاردا مانەوە، یاخود چوونە دەرەوە؟
دواتر لە رێگەی مامۆستا عومەرەوە پیاوێکی شارەزای کاژاوی بەناوی کاک عەزیز، کە پێشمەرگەی ساڵانی سەرەتای هەشتاکان بوو، بە هاوکاریی ماڵی کاک ئەسعەد بێسەری، لە گەڕەکی ئازادییەوە بە تراکتۆر لە عەرەبانەکەیدا بە شەرواڵەوە سوار بووین لەگەڵ چەند ژن و پیاوێکی تردا. لە گەڕەکی خەباتەوە چووینە ئەودیو شەستییەکە بۆ لای کانی با، لەوێ تاکسییەک هات من و هاوسەرەکەمی برد بۆ پشتی عەربەت. بە رێگەیەکی زۆر ناخۆشدا بردینی، بۆ ئەوەی بە سەیتەرەکەدا تێپەڕ نەبێت. لەوێ کە دابەزین، روومان کردە شاخەکەی پشتی عەربەت و گوندی چوارتاق، ماوەیەک رۆشتین، کاک عەزیز و پیاوێکی تر و دوو ئێستریشیان پێ بوو، چاوەڕێی ئێمە بوون. لەوێ من سواری ئێسترێک بووم، هاوسەرەکەم لەگەڵ ئەوان بە پێ بەڕێ کەوتین تا شاخەکەی پشتی گوندی دۆڵپەموو نەوەستاین، ئەو ناوچەیە ئەو کاتە تا سەر سنوور یەک ئاوەدانیی تیا نەبوو، تەنیا رەبایەی سەربازی و سەربازگەی سوپا نەبێت. لە دۆڵپەموو کاک عەزیز تەسلیم بە قاچاخچییەکی کردین تا بمانبات بۆ سەر سنوور، لەوێ خێمەی تایبەتی ئەو کەسانەی لێ بوو کە حکومەت رێی پێ دابوون بازرگانیی کەرەستەی خۆراکی بکەن لە ئێرانەوە. دوای ئەوەی کاک عەزیز گەڕایەوە، ئێمە دوو شەو لەوێ ماینەوە، لەبەر ئەوەی کاروانێکی سەربازی لە چوارتاوە چوون بۆ پێنجوێن، قاچاخچییەکان بەئەزموونی خۆیان وتیان تا دەگەڕێنەوە هەموو رەبایەکانی ئەو سنوورە لە ئینزاردا دەبن و ناوێرین بڕۆین. دوای ئەوەی کاروانە سەربازییەکە گەڕانەوە، بۆ رۆژی دوایی دوای خۆراوابوون کەوتینە رێ بەپەلە و بەخێرایی، ئەوەندەی لە بیرم بێت، بە چەندین شاخی سەختی وەکوو شەلەخوون و بەردەبزن و پیرێژنگلێنە و سوورەبان و پەڕینەوە لە چەم و رووبار هەمووی بە شەو، گەشتینە گوندی پاشبەرد، لەوێ کابرای قاچاخچی وتی: "لێرەدا کاری من تەواو، ئەوە سنوور و پایەگای ئێرانییە و ئەوەش خێمەی خزمانی عیراقیی خۆتانە، بۆ لای کامیان دەچن ئازادن." ئێمە دوای خواحافیزی لەو، بڕیارمان دا راستەوخۆ نەچین خۆمان تەسلیمی ئێران بکەین، لەبەر ئەوەی ئێران و عیراق رێک کەوتبوون و شەڕی ئێران و عیراق وەستا بوو، نێوانیان باش بوو، ترساین لەوەی ئەوانیش ئاگادار کرا بن و تەسلیم بە عیراقمان بکەنەوە. ناچار چووینە خێمەی ماڵی برایم ئاغای بارێی گەورە، کە خزمایەتی و شەریکایەتی هەبوو لەگەڵ یادگار ئاغای ئەوڕەحمان ئاغا، لەوێ یادگار ئاغا کە ناسینی و زانی ئێمە بۆ بازرگانی نەهاتووین، وتی: "نابێت کەس ئێوە لێرە ببینێت، دەبێت بچن بۆ بارەگای پێشمەرگە"، کە ئەوسا بەرەی کوردستانی بوو و بارەگای پارتی لەوانەوە نزیک بوو. من و هاوسەرەکەم چووین بۆ بارەگای پارتی، کە دوو کەپری دار و گەڵا بوو بە شاخەکەوە لە خوار رەبایەی ئێرانییەکانەوە. لەم هاتوچۆ کەمەدا هەواڵ گەیشتبووە ئەمنی سلێمانی کە ژن و پیاوێکی ئاوا لە سنوور دەرباز بوون، هەر ئەو رۆژە مامۆستا عومەری شووبرام گیرابوو و بۆ ماوەی مانگێک ئەشکەنجە درابوو لەسەر ئێمە. 

ئەى بە چ شێوەیەک چوونە ناو ئێرانەوە؟
پاشان وەکوو خزمی دایکم، بەختیار ئاغای ئەوڕەحمان ئاغا هات لە سەرەتاوە منی برد بۆ ماڵی خۆیان بۆ گوندی خواجە میر، نزیک بانە، بۆ ئەوەی مامەڵەی پەنابەریمان لە ئێران بۆ بکات، چونکە وەکوو باسم کرد؛ ئەو کاتە پەیوەندیی عیراق و ئێران باش بوو، بەئاسانی کەس وەرنەدەگیرا. هاوسەرەکەم لە بارەگای پارتی لە دیوی عیراق مایەوە، دوای نزیکەی هەفتەیەک، کە نەکرا، ناچار ئەویش هاتە بانە و چووین خۆمان تەسلیم کرد و ناردیانین بۆ سنە بۆ شوێنێک کە پێیان دەوت "قەرەنتینە". ئەم جێگەیە چەند ژوورێک بوون بە ریز بەدوای یەکدا، ئەوەی خۆمان پێی دەڵێین "قیتاری"، یەکەمیان ئیدارە بوو، لە ناوەوە بەیەکەوە تێکەڵ بوون، بە رۆژ هەر خێزانێک لە ژوورێکدا بەیەکەوە بوون، بە شەو ژن و منداڵ بە جیا و پیاو بە جیا لە خانوویەکدا کۆ دەکرانەوە، جار جاریش لە دوای 12ی شەوەوە ژن و پیاو بە جیا بەدوای یەکدا بانگ دەکران بۆ پرسیار و وەڵام، ئەگەر جیاوازی لە وەڵامدا هەبوایە، کێشەی بۆ دروست دەکردیت و بۆ ماوەیەکی زۆر دەیانهێشتیتەوە لەوێ.

 لەو شوێنە جگە لە کورد خەڵکی تریشی لێ بوو؟
بەڵێ، پاکسانی، ئەفغانی، تورکمان، عەرەبی عیراقی و کوردی خەڵکی سلێمانیشی لێ بوو. 

چ یادەوەرییەکی ئەو ماوەیەت بیر ماوە و بیرت ناچێتەوە؟
 یادەوەرییەکان زۆرن، خۆش و ناخۆش، بەڵام ئەوەی هەردەم لەیادمە و بیرم ناچێتەوە؛ لەوێ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی دوو ساڵیم بۆ کوڕە کۆرپەکەم کرد؛ لە 21ی تشرینی دووەمی 1990 پارەم دا بە پاسەوانەکان مۆم و سێویان بۆ کڕیم. دوو مۆممان بۆ داگیرساند و لەگەڵ ماجید ئەو رۆژە تێروپڕ گریاین. 

تا کەی لەوێ هێشتیاننەوە؟
لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 1990، کاتژمێر 6ی بەیانی من و ماجیدیان بانگ کرد، سواری لۆریەکیان کردین لەگەڵ دوو سەربازدا، بێ ئەوەی بزانین بۆ کوێ دەچین، گەیشتینە ئۆردووگایەک لە شوێنێک کە هەمووی بەفر بوو، ناوی ئۆردووگای سەرا بوو، لەنێوان سەقز و بۆکاندا بوو. کە دابەزین، زۆر دڵخۆش بووین، لەکاتێکدا تەنیا خاوەنی ئەو جلانە بووین کە لەبەرماندا بوو، تەنانەت جانتایەکیشمان پێ نەبوو. لێپرسراوی ئۆردووگاکە ناوی ئاغای عوبێدزادە بوو، دوای ناونووسین، تەنیا کلیلی ژوورێکی بەتاڵی پێ داین و وتی: "ئەوە ماڵی ئێوەیە". بۆ ئێمە ئەو هەواڵە زۆر خۆش بوو، چونکە دەمێک بوو ماڵمان نەبوو. خەڵکی ئۆردووگاکە بەزۆری ئاوارەکانی دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و سەرگەڵوو بوون، هەر ئەو ئێوارەیە لە ماڵی ئاوارەیی خۆیانەوە هێندە کەلوپەلی ناوماڵ و بەتانییان بۆ هێناین، ژوورەکەمان پڕ بووەوە و بووین بە ماڵ.

لەوێ دۆختان باشتر بوو؟
بەڵێ، لەوێ هەر خانوویەک دوو ژوور و تەوالێتێک بوو، هەر ژوورەی ماڵێکی تێدا بوو، هەیوانەکەمان بە چادر بەش کرابوو، لەو بەشەدا بۆ ئەو ژوورە شوێنێکی خۆشتن ماڵەکەی پێش ئێمە دروستیان کردبوو. هاوماڵەکەی ئێمە ژن و پیاوێکی خەڵکی سەرگەڵوو بوون، ژنەکە ناوی مریەم بوو، پیاوەکەش ناوی سەعدون بوو، وەک ئێمە منداڵێکیان بەجێهێشتبوو، ناوی کوێستان بوو، زۆر سادە و رووخۆش و بەڕێز و دڵپاک بوون. 

ئەوەندەی نەبرد راپەڕین دەستی پێ کرد، ئێوە لەو کاتەدا هەستتان بە چی دەکرد و چیتان کرد؟
دوای ئەو راوەدوونان و چەرمەسەرییەی بەسەرماندا هاتبوو، دڵمان خۆش بوو، باسی لێدان لە عیراق و رووخانی سەدام دەکرا. راپەڕین دەستی پێ کرد، بۆ ئێمە بینینەوەی بڕوا و هێنانی بۆ لای خۆمان، هەموو شتێک بوو. لەگەڵ راپەڕیندا هاوسەرەکەم خۆی گەیاندەوە سلێمانی و بڕوای لەگەڵ خۆی هێنایەوە، کە رۆژی 14ی ئازاری 1991 بوو و رۆژێکی دیاری خۆشە لە ژیانی مندا. 

واتە دوای راپەڕین یەکسەر نەگەڕانەوە بۆ سلێمانی؟
نەخێر، کۆڕەوەکەش بوو هێشتا هەر لەوێ بووین، تەنانەت لە کاتی کۆڕەوەکەدا ئەو تەنیا ژوورەی ئێمە بووبووە جێگە و پەنای چەند ماڵی خزم و ئاشنا و نەناسی خەڵکی سلێمانی، بەڵام کە دۆخی سلێمانی هێواش بووەوە، لەگەڵ کاک ئەحمەدی شووبرام بە پێ لە سنووری بانەوە هاتمەوە بۆ پێنجوێن و سلێمانی و چەند شەوێک لە سلێمانی مامەوە و بە دایکم و خوشکان و خزمان شاد بوومەوە، پاشان گەڕامەوە بۆ ئۆردووگاکە.  

ئەی کەی گەڕانەوە؟
لە دوای راپەڕینی دووەمی سلێمانی و لە مانگی تەمووزی 1991 بەیەکجاری گەڕاینەوە بۆ سلێمانی، چووینەوە خانووەکەی ماڵی خۆمان لە تووی مەلیک، کە هیی باوکی ماجید بوو. 

ماڵەکەتان هەر وەک خۆی بوو؟
نەخێر، بەداخەوە، بەشی زۆری کەلوپەلی ماڵەکەمان دزرابوو. 

 دوای گەڕانەوە چیتان کرد؟
چوومەوە سەر کاری وەزیفیم لە کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە، بەشی وردبینی، دەستبەکار بوومەوە، هاوسەرەکەشم وەکوو ئەندازیار لە دەزگای شێڵتەر کە رێکخراوێکی خێرخوازی بوو بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، دەستبەکار بوو. بەو شێوەیە ماڵێکی ئاسوودەمان پێکەوە نایەوە.

تا کەی لەو وەزیفەیەدا مایتەوە؟
لە مانگی حوزەیرانی 2002 لەسەر داوای خۆم و بۆ پەروەردەی منداڵەکانم، خۆم خانەنشین کرد بۆ یەکەم جار، چونکە دوو کچی تری نازدارمان هەبوو، کە ئێستا گەورەکەیان؛ دکتۆر رۆزا، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە، بۆرد لە ژنان و منداڵبووندا، ئەوی تریشیان، دکتۆر سانا، بڕوانامەی ماستەری هەیە لە دەرمانسازیدا، کوڕەکەشمان؛ بڕوا، ئەندازیاری تەلارسازە و لە بواری وزە نوێبووەکاندا لە کۆمپانیای جیهانیدا کار دەکات.

باشە چۆن بوو خۆت کاندید کرد بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان؟
دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هاتە پێشەوە، لە ساڵی 2004 بوومە یەکێک لە کاندیدەکانی رێکخستنە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە زنجیرەی ژمارە 21، لیستی 109، لە هەڵبژاردنەکانی 31ی کانوونی دووەمی 2005. 
دوای سەرکەوتنم، بووم بە ئەندامی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و لە مانگی ئازاری 2005دا بەفەرمی سوێندی یاساییمان خوارد و لە ئەنجومەنی پارێزگا دەستبەکار بووین.

چۆن سەیری ئەو ئەزموون و کارە گرنگە دەکەیت؟
 لەگەڵ ئەوەی کە ئەزموون نەکرابوو لە کوردستان، بەڵام ئەزموونێکی گرنگ بوو لە ژیانی مندا، وەکوو کۆلێژێک سەیری دەکەم، زۆر شتی لێوە فێر بووم و هەموو تواناکانی خۆم تیایدا پیادە کرد. بوارێکی نوێی خەبات بوو بۆ من، کە بە سەرکەوتوویی تێم پەڕاند.

هیچ لایەن و رێکخراوێک هاوکاریی دەکردن بۆ شارەزابوون و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان؟
رێکخراوی (ئاڕ تی ئای)ی ئەمەریکی ئەو کاتە ئەرکی پێگەیاندنی ئەندامانی ئەنجومەن بوو، کە بۆ ماوەی یەک ساڵ لە کاتژمێر 2-6ی پاشنیوەڕۆ، چوار رۆژ لە هەفتەیەکدا، خول و راهێنانمان هەبوو لەسەر بابەتە سەرەکییەکان. 

خولەکان لەسەر چی بوون؟
خولەکان لە سەرەتادا لەسەر لامەرکەزیەت و پەیوەندی بە حکومەتی فیدراڵەوە و رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگا لە جێگیرکردنی سیستمی لامەرکەزیەت لە دەوڵەتی فیدراڵدا بوو، پاشان لەسەر ئەو بابەتانەی کە من وەکوو خودی خۆم توانیم سوودی تەواویان لێ وەربگرم لە رووی پلاندانان و کارگێڕییەوە. بەحوکمی پسپۆڕییەکەم کە لە ئاماردایە، بووم بە سەرۆکی لیژنەی پلان و جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان، کە ئەمانە لە لیژنە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا بوون.  

پێکهاتەی لیژنەی پلان چۆن بوو؟
لیژنەی پلان، وەکوو لیژنە هەمیشەییەکانی تری ئەنجومەن، کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن، هەر لیژنەیەک ئەندامێکی هەریەکە لە حزبە براوەکانی تێدا بوو بەپێی ژمارەی کورسییەکانیان، پێک هاتبوو لە: من، سەرۆکی لیژنەکە بووم، جێگری سەرۆکی لیژنە، خاتوو کنێر عەبدوڵڵا بوو، کە هەردووکمان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووین، پەری جەلال لە فراکسیۆنی پارتی، ئەنوەر فەرەج لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی و حەسەن عەبدوڵڵا لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی.

باسی کار و چالاکییەکانتم بۆ بکە وەکوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆکی لیژنەی پلان...
-        وەکوو ئەندامی ئەنجومەن، بەشدار بووم لە چەندین خولی راهێناندا و بەسەرکەوتوویی بڕوانامەم وەرگرتووە، لەوانە: خولی راهێنان لە کۆریای باشوور لەگەڵ رێکخراوی کۆیکا، کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بوو و سەرۆکەکەی بە پلەی باڵیۆز بوو، بۆ ماوەی 15 رۆژ لە شاری سیئۆل لەگەڵ شاندێکی 21 کەسی، کە 18 کەسمان پلەی بەڕێوەبەری گشتیمان هەبوو. خولەکە لەسەر بەڕێوەبردنی گشتی و وەرگرتنی بڕیاری دروست بوو.
-       لە ساڵی 2006 کە بۆ یەکەم جار بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان لە عیراق دابین کرا، سلێمانییشی گرتەوە و بودجەکە خرایە ژێر دەسەڵاتی پارێزگاکانەوە. پلانی پرۆژەکان لە ئەنجومەنی پارێزگادا پەسەند دەکران و ئێمە وەکوو لیژنەی پلان سەرپەرشتیی پلاندانانی پرۆژەکانمان دەکرد. پاشان پێویستیی دانانی پلانی ستراتیژیی لەسەر ئاستی پارێزگا هاتە پێشەوە، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ رێکخراوی ئاڕ تی ئای بۆردێکی 70 کەسی دروست کرا لە سلێمانی بۆ داڕشتنی پلانی ستراتیژیی ساڵانی 2008 بۆ 2012، کە بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەن تێیدا ئەندام بوون و ئەوانی تر پێک هاتبوون لە: پسپۆڕانی شارەزا لە مامۆستایانی زانکۆ، بەشێک لە بەڕێوەبەری بانکەکان، ئەندازیاران، پزیشکان و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان.
 لەم بۆردەدا ئێمە وەکوو لیژنەی پلانی ئەنجومەن، سەرپەرشتیار و هەڵسوڕێنەر و رێکخەری هەموو کار و چالاکییەکانی بۆردەکە بووین لەگەڵ رێکخراوی ئاڕ تی ئای. 
 هاوکات لەگەڵ داڕشتنی پلانی ستراتیژی، خولی راهێنانی تایبەتی تیۆری و پراکتیکیمان وەردەگرت، کە لە کۆتاییدا پلانەکە گەڵاڵە کرا و لە دووتوێی کتێبێکی جوان و بەپێزی تێر و پڕ لە هەنگاو و پلان و پرۆژەی کرداری، لە دیوانی پارێزگا وەکوو دۆکیۆمێنتێکی فەرمی و یاسایی پارێزراوە. لە کاتی خۆیدا چەند دانەیەک لەو کتێبەم بە دەستیی برد بۆ بەڕێز عوسمانی شوانی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو دۆکیۆمێنتێکی فەرمی وەری گرت و لەبەر چاوی خۆم تەسلیمی هەردوو راوێژکارەکەی وەزارەتی کرد، کە دکتۆر سەباح تۆما و دکتۆر جەمال رەسوڵ بوون.
 دوای ئەوە لە ئەنجومەنی پارێزگا دەستمان کرد بە جێبەجێکردنی پرۆژە و بەرنامەکانی ئەو پلانە ستراتیژییە تا ئەو رۆژەی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆتایی هات. 

-        لە ساڵی 2007 بەخشینێک هات بۆ عیراق لە یەکێتیی ئەوروپاوە، کە سوید دابینی کردبوو، لەو بەخشینە پشکی حکومەتی عیراقی دابەش کرا بەسەر پارێزگاکانی حللە، بەسرە و میساندا، پشکی هەرێمیش لە رێگەی سەرۆکی حکومەتەوە دانرا بۆ پارێزگای سلێمانی. پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رێکخراوەکانی یو ئێن، بەپێی پێوەرەکانی ئەوان، دەبوایە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی دوو ناوچە، کە ژمارەی دانیشتوانیان لە شەست هەزار کەس کەمتر نەبێت و زۆرترین زیان و کاولکارییان لەسەر دەستی رژێمی پێشووی بەعس پێ گەیشتبێت. بۆ ئەو مەبەستە هەردوو قەزای شارەزوور و سەید سادق دیاری کران و لەسەری رێک کەوتین. 
 ئەو بەخشینە، لەلایەن حەوت رێکخراوی یو ئێنەوە جێبەجێ دەکرا، کە لە ناویاندا رێکخراوی یو ئێن دی پی سەرپەرشتیاری گشتی بوو. لەسەر داوای ئەو رێکخراوانەی یو ئێن، لیژنەیەکی ئاراستەکەر (اللجنة التوجیهیة) پێک هات، کە من وەکوو سەرۆکی لیژنەی پلانی ئەنجومەنی پارێزگا، سەرۆکی لیژنەکە بووم و ئەندامەکانیش لە رێکخراوی یو ئێن دی پی و ژووری بازرگانی و ئەندامە نوێنەرەکانی سەید سادق و شارەزوور لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تێدا بوو، لەگەڵ هەردوو قایمقامی قەزاکان؛ مامۆستا ئەرکان و کاک سۆران، هەروەها کاک سەرتیپ وەکوو نوێنەری رێکخراوەکان – خوێندکاران.
 بەخشینەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2008 لە شاری عەمانی پایتەختی ئوردون لە کۆنفرانسێکی گەورەدا راگەیەنرا، بەئامادەبوونی هەر چوار لیژنەی پارێزگاکانی عیراق و نوێنەرانی رێکخراوەکانی یو ئێن و نوێنەری سوید وەک وڵاتی بەخشەر، ئیتر خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. بەرهەمی ئەو بەخشینە، گەڵاڵەبوونی پلانی ستراتیژیی ناوچەیی بوو بۆ ناوچەکانی سەید سادق و شارەزوور و ئەنجامدانی دوو توێژینەوە لەو ناوچانەدا لەسەر هەڵسەنگاندنی دیموکراسیەت لە پاڵ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی کورت و خێرا، کە پێیان دەوت (المشاریع ذات اثر سریع). لە هەمووی گرنگتر، ئەو خولانە بوو کە بۆ ژنان و گەنجانی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدران سەبارەت بە چۆنێتی بوون بە خاوەنی پرۆژەی خۆیان. 

باشتر نەبوو ئەو بەخشینە بۆ پرۆژەی گرنگتر و پێویستتری خەڵکی ئەو ناوچانە خەرج بکرێت؟
من وەکوو رای خۆم، چەند جاریش لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا باسم کردووە، بە شایەتیی هەموو ئامادەبووانی کۆنفرانسەکان، لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژە و بەرنامانەدا نەبووم و خەرجکردنی پارەکە بەو شێوەیە، بە هەدەردانم دەزانی و داوام دەکرد یو ئێن پرۆژەی ئامادەکراومان بەسەردا نەسەپێنێت، بەڵکوو پارەکە بۆ ئەو پرۆژانە خەرج بکرێن کە لە پێویستیی ناوخۆی خۆمانەوە هاتبن، بەڵام دواجار بەو شێوەیە جێبەجێ کرا.

سەبارەت بە لیژنەی ژنان چی؟ چۆن لیژنەکەتان دروست کرد و کار و چالاکییەکانی چی بوون؟
دروستکردنی ئەم لیژنەیە کاری زۆری ویست، تا من و ئەندامە ژنەکانی تری ئەنجومەن توانیمان ئەندامە پیاوەکانی ئەنجومەن رازی بکەین لەسەر پێویستیی ئەم لیژنەیە، بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە لیژنە هەمیشەییەکان، چونکە ئەندامە پیاوەکان بە بیانووی بوونی رێکخراوەکانی ژنانەوە بەرهەڵستی دروستبوونی ئەم لیژنەیەیان دەکرد، هەر بۆیە لە خولی دوای ئێمەدا کرا بە لیژنەی کۆمەڵایەتی.
لیژنەکە لە پێنج ئەندامی ژن پێکهاتبوو: کنێر عەبدوڵڵا، سەرۆک، من، جێگری سەرۆک، کەژاڵ عەلی لە پارتی، شاناز ئەحمەد لە یەکگرتوو و قەدەم خێر عەبدوڵڵا لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی.
 یەکەم کاری ئەم لیژنەیە، لە کانوونی دووەمی 2006 بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک وۆرکشۆپ دەستی پێ کرد لەگەڵ رێکخراوی ئاڕ تی ئای، بۆ شارەزابوون و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کێشە و پێداویستییەکانی ژنانی ناو فەرمانگە حکومییەکان. چەند مانگێکی خایاند و چەند پرۆژەیەکی لێ هاتە بەرهەم، کە هەندێکیان پێویستیان بە یاسا و رێنمایی دیاریکراو هەبوو بۆ کارئاسانیی کاری ژنان و پاراستنی مافەکانیان لەناو فەرمانگەکاندا و خرایە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان.
یەکێکی تر لە دەرەنجامەکانی ئەو وۆرکشۆپانە، ئەوە بوو داوا کرا لە دیزاینی بینای فەرمانگەکاندا هەوڵ بدرێت دەرگا داخراوەکان کەم بکرێتەوە و زیاتر گرنگی بە دیزاینی هۆڵ و دیواری شووشە بدرێت بۆ شوێنی کاری فەرمانبەران، کە توانرا لە دیزاین و جێبەجێکردنی بەشێک لە بینای فەرمانگەکانی سلێمانیدا لەبەرچاو بگیرێت.
هەر لە دەرەنجامەکانی ئەو وۆرکشۆپانە، دوو پرۆژەی گرنگ خرانە بواری جێبەجێکردنەوە لەلایەن لیژنەی ژنانەوە و توانرا بڕی زیاتر لە پێنج ملیار دینار دابین بکرێت بۆ دروستکردنی بینای داڵدەدانی ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرانبەر دەکرێت، کە بە شێڵتەر دەناسرا، لەگەڵ دروستکردنی بینای بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان. ئەم دوو بینایە تا تەواو کران، ئێمە وەکوو لیژنەی ژنان هەر بەدوایانەوە بووین، بۆ ئەوەی دوای جێبەجێکردن بخرێنە خزمەتی ژنانەوە. ئەوە بوو دوای تەواوبوونی بینای بەڕێوەبەرایەتییەکە، هەوڵێک هەبوو بۆ ئەوەی بدرێت بە بەڕێوەبەرایەتییەکی تر، بەڵام ئێمە وەکوو لیژنەی ژنان و هەموو ژنانی تری ئەنجومەن، جەختمان لە کاک بەهرۆز (خوا لێی خۆش بێت)، پارێزگاری ئەوکاتی سلێمانی کردەوە کە دەبێت بدرێت بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، چونکە بۆ خزمەتی ژنان دروست کراوە.
 پرۆژەیەکی ترمان؛ داوای مۆڵەتی فەرمی بوو بۆ نووسینگەی راوێژکاریی خێزانی. خۆم پرۆپۆزەڵەکەیم بە دەستیی برد بۆ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئەو کاتە، کە بەڕێز کاک عەدنانی حەمەی مینا بوو. 
لە لایەکی تریشەوە، لەسەر داواکاریی خاتوو پرشنگ قادر، بەڕێوەبەری چاکسازیی ژنان (بەندیخانەی ژنان)، دوو پۆلی خوێندن بۆ بەندیخانەکە دروست کرا لەسەر بودجەی پارێزگا و بە هەوڵی لیژنەی ژنان.
 هەروەها لیژنەی ژنان توانیمان یاریگەیەک بۆ نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی لە تاسڵوجە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە و بودجەی بۆ دابین بکەین.

جگە لەوانەش، لە بەخشینەکەی سوید بۆ ناوچەکانی سەید سادق و شارەزوور، توانیمان وەکوو لیژنەی ژنان لەگەڵ رێکخراوی یو ئێن دی پی، پاسپۆرت بۆ چەند کچێک دەربهێنین، تا بەشدار بن لە خولەکانی یو ئێن لە عەمان، بۆ راهێنان لەسەر دامەزراندنی پرۆژەی بچووک و دابینکردنی قەرزی بچووک بۆ چەند ژنێک، بۆ دامەزراندنی پرۆژەی تازە و نۆژەنکردنەوەی ئەو پرۆژانەی کە خۆیان هەیانبووە، وەکو ئارایشتگا و بەرگدووری، ئەوەش کاریگەری جدیی هەبوو لەسەر چاوکرانەوەی ژنان لەو ناوچانەدا. 

تا کەی وەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا مایتەوە؟
لە کانوونی دووەمی 2005ەوە تا حوزەیرانی 2014 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بووم و پاشان بۆ جاری دووەم خانەشین کرام.

 زۆر باشە، بەو پێیەی یەکێکیت لە نەوەی بابانەکان و ئەندامێکی چالاکی سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی بابانیت، دەمەوێت لەو بارەیەوە باسی رۆڵ و چالاکییەکانی سەنتەرەکە و خۆتم بۆ بکەیت...
سەرەڕای کاری سیاسی و ئیداری، لەگەڵ سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی بابان وەکوو بابانییەک و ئەندامێکی کارای ئەو سەنتەرە بەشدار بووم لە چالاکیی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و کەلەپووری و پرۆژەکانیدا. بەشانازییەوە خەڵاتی رێزلێنانم لەو سەنتەرە پێ بەخشراوە. 

ئەندامی لیستی سەرکەوتووی کۆنفرانسی سەنتەرەکە بووم، لە ساڵی 2013وە ئەندامی بەشی رۆشنبیری بووم لەگەڵ دکتۆر عزەدین، کە مامۆستای بەشی جیۆلۆجی بوو لە زانکۆی سلێمانی. جگە لەوەش، کاری راگرتن و بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی سەنتەر لەگەڵ لایەنە حکومییەکاندا، هەر من پێی هەڵدەستام.

 ئەوکات بەڕێوەبەری سەنتەر، مامۆستا ئەحمەد دەروێش بوو، وەکوو تیمێک لەگەڵ بەڕێزان مەهدی بابان، ژیان بابان، دێرینی نەجات بابان، بەیان بابان، عەبدوڵڵای سەعید بەگی بابان و چەند خزمێکی بەڕێزی تر کارەکانی سەنتەرەکەمان رادەپەڕاند. لەو ماوەیەدا کارمان لەسەر چەند پرۆژەیەک کرد، لەوانە: 
-        کارکردن لەسەر ئامادەکردنی ئینسکلۆپیدیا بۆ بابان، لەگەڵ چەند مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی، کە مامۆستایان د. زریان حاجی، د. کۆزاد محەمەد، د. ئاراس حەمە ساڵح و چەند بەڕێزێکی تر رۆڵێکی دیاریان بینی لەسەر کارکردن لە پرۆژەکەدا، بەڵام بەداخەوە تەواو نەکرا.
-        چالاکییەکی تری مێژوویی سەنتەری بابان؛ دانانی پەیکەری ئیبراهیم پاشای بابان بوو لە سەرای سلێمانی، کە دەتوانین بڵێین جارێکی تر مانای تەواوی بەخشییەوە بە سەرا وەک لۆگۆی ئەسڵی شاری سلێمانی. هەر لەوێدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی مەراسیمێکی مێژوویی بۆ ساز کرد و خەڵکێکی زۆر ئامادە بوون، بەڕێز هێرۆ خانیش هاتبوو، مامۆستا جەمال بابان وتارێکی خوێندەوە. مێژووی دروستکردنی ئەو پەیکەرە دەگەڕیتەوە بۆ چەند ساڵێک لەوەوپێش، کە کاتی خۆی بەڕێز مام جەلال لەگەڵ دادە هێرۆ بڕیاری دروستکردن و تێچووی پەیکەرەکەیان لە ئەستۆ گرتبوو. پەیکەرە لە ماددەی برۆنز دروست کراوە و بڕیار درابوو لە 6ی ئەیلوولی 2018 لەو شوێنەدا دابنرێت.
-        پرۆژەیەکی ترمان؛ رێککەوتنێک بوو لەگەڵ زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی بۆ کارکردنی پێکەوەیی بۆ دامەزراندنی کتێبخانەیەک لە سەرای سلێمانی، کە لەنێوان د. ئالان فەرەیدون، سەرۆکی زانکۆکە و مامۆستا ئەحمەد دەروێش هەر لە سەرا واژوو کرا لە 18ی تشرینی دووەمی 2019، بەڵام ئەم پرۆژەیەش بە ئاکام نەگەیشت، لەبەر ئەوەی بەڵای کۆرۆناکەی ساڵی 2020ی بەسەردا هات.
-        چالاکییەکی ترمان ئەوە بوو کە من و ژیان بابان و چەند کەسێکی ترمان لەگەڵ مامۆستا جەمال بابانی رەحمەتی چووین بۆ شارەوانی سلێمانی، کاك شێخ عومەر مەحوی، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی، پێشوازی لێ کردین و داوای ئەوەمان کرد شەقامی سەد مەترییەکەی سلێمانی، کە بڕیاری دروستکردنی دەرچووبوو، ناو بنرێت بە "شاڕێی بابان". پاش هەوڵێکی زۆر، لە پارێزگای سلێمانی پەسەند کرا و بڕیاری ناونانی بە شاڕێی بابان کرا بەفەرمی. دوای تەواوکردنی هەموو رێکارە یاساییەکان، لە 1ی ئازاری 2020 پارێزگار رەزامەندی دەربڕی بە ناونانی شەقامی سەد مەتریی سلێمانی، بە شاڕێی بابان.
-        لە رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2020، لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی بابان لە سلێمانی، سیمپۆزیۆمێک رێک خرا لەسەر مێژوو و جوگرافیای سلێمانی، کە جگە لە سەرۆک و ئەندامانی سەنتەر، چەند کەسایەتییەکی تریش بابەتی بەپێزیان پێشکەش کرد. 
-        چەند ساڵێک وەکوو سەنتەر رۆڵی جدیمان هەبوو لە رێکخستنی یادکردنەوەی بۆنەی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا، کە ساڵانە لە 14ی تشرینی دووەمدا رێک دەخرا. 
-        بۆ کێشانەوەی نەخشەی کۆنی شاری سلێمانی وەک سەرەتای دروستکردنی لە سەردەمی بابانەکاندا، کە بە دڵنیاییەوە نەخشەی هەبووە و کارێزەکان و هێڵەکانی ئاوەڕۆی لەسەر دیاری کراوە، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان هەبوو لەگەڵ کۆمپانیای ڤیو گرووپ و تا ئێستاش هەر بەردەوامن و لەو بارەیەوە کاری باشیان کردووە.
تەواوی ئەم چالاکییانە و هەموو کارێکی تری رۆژانەی سەنتەر، بە وێنە و ڤیدیۆ و نووسراوەوە لە ئەرشیڤی سەنتەری باباندا پارێزراون و هەڵگیراون. تا ئێستا، بەتایبەتی کاک دێرینی نەجات بەگی شەوکەت بەگی عەزمی بەگی بابان، ئاگاداری تەواوی دۆکیۆمێنتەکانی ئەو کاتەی سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی بابانە. 

ئەمانە چەند وێستگەیەکی دیاری چالاکییەکانمان بوون لە سەنتەری بابان. جگە لەمانە، بەردەوام بەشدار بووم لە کار و چالاکییەکانی رۆژانەی سەنتەر لە سەردانی فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان و ماڵی خزمانی بابان و بۆنەی خۆش و ناخۆشی کۆمەڵایەتی لە سنووری چالاکییە گشتییەکانی سەنتەردا.

ئیشوکارە ئیداری و رێکخراوەییەکانی ترت کاریگەریی هەبوو لەسەر کارەکانت لەو سەنتەرەدا؟
دەتوانم بڵێم دوو شت هۆکاری سەرەکیی بوون لە کەمبوونەوەی چالاکییەکانم، یەکەمیان؛ هاتنی بەڵای کۆرۆنا بوو، دووەمیشیان؛ بەهۆی ئەوەی پۆستی تازەم وەرگرت و بووم بە راوێژکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان لە 4ی تشرینی یەکەمی 2020، ئەوەبوو لەبەر کارەکەم بە ماڵەوە چووینە هەولێر، بەوەش چالاکیم لە سەنتەری بابان کەم بووەوە. لەگەڵ ئەوەش، هەڵبژاردن بۆ دەستەی بەڕێوەبردنی تازەی سەنتەر کرا، بەم شێوەیە من لە سەنتەر دوور کەوتمەوە. 

واتە بەتەواوی لە سەنتەرەکە دابڕایت؟
 نەخێر، ئەو کاتەی لە هەولێر سەرقاڵی دەوامی وەزارەت بووم، كێشە لەناو سەنتەری باباندا دروست بوو لەنێوان دەستەی هەڵبژێردراوی تازە و ئەندامەکاندا و چەند کەسێک وازیان هێنا، ئیتر من و چەند خزمێکی بابانیی تر دەستەیەکی ترمان دروست کرد بەناوی بنەماڵەی میرانی بابانەوە بۆ درێژەدان بە کار و چالاکییەکانمان بۆ خزمەتی مێژووی بابان و سلێمانی، کە ئەم دەستەیە بەشێکی زۆری ئەندامەکانی لە بنەماڵەکانی میرانی بابانن. هەروەها ئەم دەستە نوێیە بەردەوام بووین لە کار و چالاکییەکانمان، بۆ نموونە؛ دانانی پەیکەری عەبدولڕەحمان پاشای بابان لە باخچەی دەروازەی پارێزگای سلێمانی، بە رێورەسمێکی سەربازیی شایستە بەو میرە و بە مێژووی سلێمانی وەک پایتەختی ئەمارەتی بابان لە رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2022. لە لایەکی تریشەوە، ئامادەکردن و بردنی وێنەی ئیبراهیم پاشای بابان بۆ چەند فەرمانگەیەکی حکومی لە مانگی شوباتی 2024، لەوانە: فەرمانگەی پارێزگای سلێمانی و هەڵواسینی بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن بەڕێز پارێزگارەوە لە ژووری پارێزگار خۆیدا، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، خاتوو لەیلا عومەر، ژووری بەڕێوەبەری گشتی، د. موحسین ئەدیب، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی و لە ژووری جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، د. کاوە جەمال لێمان وەرگیرا، هەروەها وێنەیەکیشمان پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی کرد، ئەمە جگە لە وێنەیەک بۆ هەریەکە لە زانکۆی جیهان و زانکۆی کۆمار و بنکەی ژین.

هەروەها لە 27ی ئایاری 2024 بنەماڵەی میرانی بابان بەشداریمان کرد لە مەراسیمی کردنەوەی سایتی (کەی سی ئەی سی) لە هەولێر، کە تیایدا ئەو کتێبانەی لەسەر مێژووی بابان نووسراون و بەڵگەنامەیەکی زۆر لەسەر بابانەکان، کە لە تورکیاوە هێنراونەتەوە، دۆکیۆمێنت کراون. 

یەکێکی تر لەو بوارانەی کە بەردەوام و چالاکانە کارتان تێدا کردووە، پرس و مافی ژنان بووە و یەکێکیشن لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی مۆر بۆ بڵاوکردنەوەی هزری ناتوندوتیژی، ئەو رێکخراوەتان چۆن دامەزراند و کار و چالاکییەکانی چی بوون؟
 هاوتەریب بە کارکردنم لە ئەنجومەنی پارێزگا و سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی بابان، کارکردنم بۆ ژنان، هەمیشە بە ئەرکی خۆم زانیوە؛ بەشداریم کردووە لە چالاکییەکانی ژنان لە بۆنە جیاوازەکاندا، لە کۆڕ و کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکانمدا هەمیشە بەرگریکارێکی سەرسەخت بووم لە پرس و مافی ژنان، بۆ ئەو مەبەستەش، بەردەوام بەدوای رێگە و دەرچەیەکدا گەڕاوم کە بتوانم زیاتر خزمەت بە ژنان بکەم، هەر بۆیە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چالاکوانی ژنان و مەدەنیەت، گەیشتینە ئەو بڕیارەی کە چالاکی و کارەکانمان لە چوارچێوەی رێکخراوێکی یاسایی رێپێدراودا رێک بخەین و مۆڵەتی فەرمی بەدەست بهێنین، بۆ ئەوەی چالاکییەکانمان رێک بخات و بەرەوپێشی بەرێت. ئەوە بوو رێکخراوێکمان دامەزراند بەناوی (رێکخراوی مۆر بۆ بڵاوکردنەوەی هزری ناتوندوتیژی) و لە 31ی کانوونی یەکەمی 2013دا مۆڵەتی فەرمیمان بۆ وەرگرت. من و دوو هاوڕێی ترم بەناوەکانی ستارە عارف، کە رۆژنامەوانە، هەروەها سەیران عەبدوڵڵا، کە توێژەری کۆمەڵایەتییە و پێشتر ئەندامی یەکێتیی ژنان بووە، بووین بە دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوەکە و من بووم بە سەرۆکی رێکخراوەکە.

  رێکخراوەکەمان وەکوو هەموو رێکخراوەکانی تر، بۆردێکی هەبوو بۆ بڕیاردان و ئیدارەی رێکخراوەکە لەگەڵ چەند هەڵسوڕاوێکی تر، کە بەردەوام لە خزمەتی بە بەرنامەکانی رێکخراوەکەدا بوون. ئەندامەکان بریتیبوون لە: خۆم، سەرۆکی رێکخراو، لە پاڵ کاری بەڕێوەبردن و سەرۆکایەتیی رێکخراوەکەدا، هەموو کاری پەیوەندییەکانیشم جێبەجێ دەکرد، ستارە عارف، بەرپرسی کاری راگەیاندن، سەیران عەبدوڵڵا، بەرپرسی کاروباری کۆمەڵایەتی، د. رۆزا ماجید، بەرپرسی بەشی تەندروستی، لەگەڵ نوخشە ئەحمەد، سەمیرە محەمەد، رووخۆش ئەحمەد و هەدیە عەلی... بۆردەکەشمان پێک هاتبوو لە: سەرگوڵ قەرەداخی، چلوورە هەردی، کوێستان محەمەد، پەیمان عزەدین، نەسرین جەمال، چیمەن حەمەڕەشید و پەروین حەسەن.

کار و چالاکییەکانی رێکخراوەکەمان لە دوو بواری سەرەکیدا بوو؛ یەکەم، هۆشیارکردنەوە لە رێگەی بەرنامەی رادیۆیی و چاپکردنی نامیلکە و وۆرکشۆپ و سیمینارەوە... دووەمیش، پرۆژەی خێرخوازی و هاوکاری.

 لە بواری یەکەمدا، چەندین چالاکیمان ئەنجام دا، لەوانە:
-        لە سەرەتای کارکردنمانەوە پەیوەندیمان کرد بە رادیۆی نەواوە، کە کاک هەندرێن بەڕێوەبەری بوو، توانیمان رازییان بکەین هەفتانە بەبێ بەرانبەر ماوەی یەک کاتژمێرمان لە پەخشی رادیۆکە بدەنێ، بۆ بڵاوکردنەوەی هزری ناتوندوتیژی، کە خۆمان ئامادە و پێشکەشمان دەکرد و میوانمان بۆ بانگهێشت دەکرد و بە شێوەی پرسیار و وەڵام گفتوگۆمان لەسەر بابەتەکان دەکرد. ئەم بەرنامەیە، بە رێکوپێکی لە ماوەی 5ی حوزەیرانی 2013 تا 29ی کانوونی دووەمی 2014 بەردەوام بوو و سی بەرنامەمان پێشکەش کرد. بەرنامەکە ناوی (تیرێژ) بوو و خاتوو ستارە عارف خۆی ئامادە و پێشکەشی دەکرد بە هاوکاریی هەموو ئەندامانی رێکخراوەکەمان.
-         پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی رادیۆیی تر لە رادیۆی دواڕۆژ، کە ئەو کاتە بەڕێوەبەرەکەی، د. شێرکۆ عەبدوڵڵا بوو. دوای ئەوەی سەردانمان کرد و باسی پرۆژەی هۆشیارکردنەوە رادیۆییەکەمان لەگەڵ کرد لەسەر چۆنێتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا، بە سوپاسەوە هاوکاریی کردین و هەفتەی کاتژمێرێکی بێ بەرانبەر لە پەخشی رادیۆکەی بۆ تەرخان کردین. بەرنامەکەمان ناونا (زایەڵە)، لە 16ی نیسانی 2017 تاوەکوو 9ی تشرینی یەکەمی 2017، نۆزدە بەرنامەمان ئامادە و پێشکەش کرد. بە هەمان شێوە بابەتەکان لەلایەن رێکخراوەکەمانەوە دیاری دەکرا و پاشان ستارە عارف ئامادە و پێشکەشی دەکرد.
-        کۆکردنەوە و چاپکردنی نامیلکەیەک بەناونیشانی (هەراسانکردنی مناڵ و گەنج: چەند رێنماییەک بۆ پاراستنی لە گێچەڵی سێکسی)، کە بۆ ئامادەکردنی، زنجیرەیەک وۆرکشۆپمان ئەنجام دا لەگەڵ توێژەرانی کۆمەڵایەتی و پزیشکی دەروونی و چەند مامۆستایەکی قۆناغی بنەڕەتی، پاشان پێداچوونەوەی بۆ کرا لەلایەن هەردوو توێژەری کۆمەڵایەتی، بەڕێزان: تەها حسێن و سەڵاح سدیق، دواتر جارێکی تر پێداچوونەوەی بۆ کرا لە رووی زمانەوانییەوە لەلایەن ئەندامانی رێکخراوەکەمان، خاتوو ستارە عارف و خاتوو سەیران عەبدوڵڵاوە.
-        رۆژی 19ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی گێچەڵی سێکسی دانراوە. رێکخراوەکەمان لەم رۆژەدا بۆ هەردوو ساڵی 2017 و 2018 وەک بۆنەیەک خۆمان بۆ ئامادە کرد و چالاکیمان هەبوو، لەوانە: سیمینار لەسەر بابەتی کۆمەڵایەتی و یاسایی بە دروشمی (گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ تاک، تاکێکی تەندروست کۆمەڵگەیەکی تەندروست). بەم شێوەیە ئامادەمان کرد و لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی، کە ئەوکات کاک بابەکر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتی بوو، بە سوپاسەوە تێچووی چاپکردنەکەیان لە ئەستۆ گرت و 300 دانەی لێ چاپ کرا. پاشان پەیوەندیمان کرد بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانییەوە، کە مامۆستا دڵشاد بەڕێوەبەری گشتی بوو، دوای رەزامەندییان، بە سوپاسەوە زیاد لە 250 دانەیان لێ وەرگرتین و بە نووسراوی فەرمی لە 27ی تشرینی یەکەمی 2018 تەسلیم بە یەکەی توێژەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانیمان کرد و بەرنامەکە وا بوو ئەوان خۆیان دابەشی بکەن بەسەر خوێندنگە بنەڕەتییەکاندا. 
-        چالاکییەکی ترمان هەر لە بواری هۆشیارکردنەوەدا؛ پرۆژەیەک بوو لەسەر زیانەکانی بەزۆر بەشوودانی پێشوەختە، کە مۆڵەتی فەرمیمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بۆ وەگرت تا رێگەمان پێ بدەن چەند سیمینارێک پێشکەش بکەین لەسەر ئەو بابەتە لە چوار خوێندنگەی بنەڕەتی بۆ خوێندکارە کچەکان. لەو سیمینارانەدا کە لەلایەن د. رۆزا ماجید و توێژەر، هەدیە عەلی دەوترانەوە، زیانە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانی گێچەڵی سێکسیی روون دەکرایەوە بۆ خوێندکارە کچەکان. سیمینارەکان لە مانگەکانی نیسان، ئایار و حوزەیرانی 2017دا بوو. لەسەر هەمان بابەتیش بەشدار بووین لە سیمینارێک لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان.
-        هەروەها لەگەڵ رێکخراوی سایکۆ، لەسەر زیانەکانی مادەی هۆشبەر، لە 27ی شوباتی 2018 چەند سیمینارێکمان پێشکەش کرد بۆ خوێندکارانی چەند ئامادەییەکی کوڕان لە ناوشاری سلێمانی.
 ئەمە جگە لە چەندین سیمینار و وۆرکشۆپی تر لەگەڵ ناوەند و شوێنی جیاواز، لەوانە: خانەی نەوجەوانانی کچان، لەسەر پێگەیشتنی لەشیان و چۆنێتیی خاوێنڕاگرتنی خۆیان.
لە بواری خێرخوازیشدا، چەندین چالاکیی جۆراوجۆرمان هەبووە، لەوانە:
-        بەشداریکردنمان لە کەمپەینی کۆکردنەوەی پێداویستیی ژنان بۆ ژنانی شنگال و ناردنی دوو لۆری پێداویستی بۆیان لە رێکەوتی 17ی ئەیلوولی 2014، کە شوێنی کۆکردنەوەی کەلوپەلەکان لە (سی دی ئۆ)ی سلێمانی بوو و دوو هەفتەی خایاند، لە کۆکردنەوە و بارکردن و ناردنیشیدا ئامادە بووین.
-        لە 1ی کانوونی یەکەمی 2014دا، بە بۆنەی دوو هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەوە، رێکخراوەکەمان پێشانگەیەکی تایبەتی کردەوە بۆ کاری دەستی بۆ ژنانی دەستڕەنگین، بە سپۆنسەری پزیشکی دەرمانساز، تاڤگە بابان و هاوکاریی پەروەردەی سلێمانی.
-        راگەیاندنی کەمپەینێک بە هاوکاریی چەند کەسایەتییەک بۆ کۆکردنەوەی پێداویستیی خوێندن و یاریی بۆ منداڵانی ئاوارەکانی کەمپی عەربەت، لە 24 و 26ی شوباتی 2015، کە پاشان گەیاندمانە کەمپەکە لەژێر دروشمی (با منداڵان لە ئاوارەییدا دڵخۆش بکەین).
-        لە 5ی ئازاری 2015دا هەمان بابەتی منداڵانمان گەیاندە قایمقامیەتی قەزای قەرەداخ، تا دابەشی بکەن بەسەر منداڵانی ئەو 50 خێزانە ئاوارەیەی لەوێ بوون.
-         لە 23ی ئەیلوولی 2017 رێکخراوەکەمان هەستا بە گەیاندنی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی لەلایەن رەوەندی کوردی لە شاری هۆدرسفێڵد لە بەریتانیا کۆکرابوونەوە و لە رێگەی بەڕێز هیوا ئەحمەدەوە، کە ناسیاوی منە، بۆمان پۆست کرا و ئێمەش گەیاندمانە بارەگای یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان لە سلێمانی و تەسلیم بە کاک سامان حسێنمان کرد، کە سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامان بوو.
-        لە 30ی تشرینی دووەمی 2018، کۆمەکێکی ترمان پێشکەش بە یەکێتیی کەمئەندامان کرد، کە لەلایەن خۆمان و ناسیاو و خزمانەوە کۆمان کردبووەوە و بۆمان بردن.
-        لە 5ی کانوونی یەکەمی 2020، وەکوو ئەندامانی رێکخراوەکەمان هەستاین بە رواندنی 100 نەمامی سنەوبەر لە شوێنی دارە سووتاوەکانی بناری گۆیژە، گرووپی شاخەوانانی سلێمانییش لەگەڵمان بەشدار بوون.
 ئەم چالاکیانە و تەواوی کاری رۆژانەی رێکخراوەکەمان بە وێنە و دۆکیۆمێنت لە پەیجی رێکخراوی مۆردا پارێزراون، کە ئەمانە تەنیا چەند وێستگەیەکی دیاری کار و چالاکییەکانمان بوون. 

هۆکاری چی بوو رێکخراوەکەتان هەڵوەشاندەوە؟
  پاش هاتنی کۆرۆنا و دوورکەوتنەوەی بەشێک لە ئەندامان، بۆ نموونە؛ گواستنەوەی راژەی من بۆ هەولێر، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2022 بەشێوەیەکی فەرمی و بەیەکجاری، رێکخراوی مۆرمان هەڵوەشاندەوە.

پێش ئەوەی کۆتایی بە چاوپێکەوتنەکە بهێنین، پێم باشە کەمێکیش باسی ئەوە بکەین کە چۆن بوو چوویتە ناو بزووتنەوەی گۆڕانەوە و چالاکییەکانت لە بزووتنەوەکەدا چی بوون؟
 لەگەڵ دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009، لەو قەناعەتەوە کە حزب ئامرازە نەک ئامانج، چوومە ریزی بزووتنەوەکەوە. لەگەڵ دروستکردنی یەکەم لیستی بزووتنەوەکەش بۆ پەرلەمانی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی 25ی تەمووزی 2009دا، کار و چالاکیم بۆ سەرخستنی لیستەکە بوو لە چوارچێوەی بنکەکانی هەڵبژاردن و راگەیاندنەکان و کۆمەکی مادیی بەپێی توانا، تا لیستەکە سەرکەوت و 25 کورسی بەدەست هێنا و بووە حزبی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان. 
دوای ئەو سەرکەوتنە، لە ساڵی 2010، ئەو ئەندامانەی کە پەیوەندیمان بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە هەبوو لەناو فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانمان جیا کردەوە، کە لە 14 ئەندام پێک هاتبووین.
پاشان لە مانگی ئازاری 2010 خۆم کاندید کرد لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بزووتنەوەی گۆڕان هەشت کورسی هێنا، بەڵام من سەرنەکەوتم. 
دواتر لە ئۆرگانەکانی بزووتنەوەی گۆڕاندا درێژەم بە کاری سیاسیی خۆم دا و بووم بە ئەندامی ژووری حکومەت و پەرلەمان، کە لەو ژوورەدا سەرپەرشتیی حکومەتی خۆجێیی بە من سپێردرا، چونکە دوای هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری کرد لە حکومەتە خۆجێییەکانی پارێزگاکاندا و بەپێی ژمارەی کورسییەکانی پۆستی ئیداریی زۆری وەرگرت، بەتایبەتی لە سلێمانی.
 دیسان لە ساڵی 2018 خۆم کاندید کردەوە بۆ ئەندامێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی 30ی ئەیلوولی 2018، کاندیدی ژمارە سێ بووم لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان و بە یەکەم ئەندامی یەدەگی ژنان دەرچووم. 
هەر لە ژووری حکومەت و پەرلەمان، لە کاری حزبیی خۆم بەردەوام بووم تا لە مانگی ئەیلوولی 2020 کاندید کرام بۆ وەرگرتنی پۆستی راوێژکار لە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم و لە رۆژی 4ی تشرینی یەکەمی 2020 لە هەولێر لەو پۆستە دەستبەکار بووم. 

لە وەزارەت چ کارێکت دەکرد؟
لە وەزارەتی پلاندانان، کاری ئاساییم، کاری راوێژکاری بوو، کە بەپێی یاسای وەزارەتی پلاندانان دیاری کرابوو. بەشدار بووم لە داڕشتنی پلانی ساڵی 2020 بۆ 2030ی وەزارەتی پلاندانان، کە هەموو وەزارەتەکانی تر تیایدا بەشدار بوون، بە سەرپەرشتیی یو ئێن دی پی، نوێنەرایەتی وەزارەتی خۆمانم دەکرد بۆ دانانی پلانی ستراتیژیی رووبەڕووبوونەوەی کۆلێرا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، نوێنەرایەتی وەزارەتی خۆمانم کرد بۆ داڕشتنی پلانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان و ئافرەتان، نوێنەری وەزارەتی پلاندانان بووم لە پرۆژەکانی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، کە گرنگترینیان ئەو پرۆژەیە بوو کە لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی بوو بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ژنان و کارکردنیان لە کەرتی تایبەتدا. 

تا کەی لە وەزارەتی پلانداناندا مایتەوە؟
تا 30ی تشرینی دووەمی 2022، کاتێک یەکێک لە ئەندامە ژنە پەرلەمانتارەکانی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان، خاتوو شایان عەسکەری دەستی لە کار کێشایەوە، من لە شوێنی ئەو وەکوو پەرلەمانتار سوێندی یاساییم خوارد و بووم بە ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان. 

لە پەرلەمان لە چ لیژنەیەکدا بوویت؟
د. شایان، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی بوو، بە دەنگدان هەمان ئەرکی ئەو بە من سپێردرایەوە. 

پێم وایە کاری پەرلەمانتاریت ئەوەندە درێژەی نەکێشا و دادگای فیدڕاڵی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە؟
بەڵێ، بەهۆی دۆخی ناوخۆی پەرلەمان و رێکنەکەوتنی هەردوو فراکسیۆنی زۆرینە (پارتی و یەکێتی) لە پەرلەمان لەسەر پرۆژەیاسای تازەکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، کێشە دروست بوو و دانیشتنەکانی پەرلەمان راگیرا، تا سەرەنجام دادگای فیدراڵی ئەو یاسایەی هەڵوەشاندەوە کە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە 6ی تشرینی دووەمی 2022دا دەنگی لەسەر درابوو، لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023دا خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی بەتەواوی لە کار وەستا و ئەندامانی پەرلەمان بەفەرمی دەستلەکارهەڵگرتنیان بۆ کرا.

دوای ئەوە چیت کرد؟
گەڕامەوە بۆ سلێمانی و وەکوو هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان درێژەم بە کاری حزبیی خۆم دایەوە. 

مەبەستم کاری ئیدارییە، خانەنشین کرایتەوە؟
نەخێر، لە مانگی تەمووزی 2023وە تا مانگی تەمووزی 2025، واتە دوو ساڵی رەبەق، لە تەمەنی 63 ساڵیدا، کە بەپێی هەموو یاساکان تەمەنی خانەنشینیم تەواو کردبوو و 32 ساڵی تەواو خزمەتی کاری ئیداریم هەبوو و دەبوو خانەنشین بکرێمەوە، بەڵام لەم ماوەیەدا خۆم و هیچ کەسێکیش نەماندەزانی چارەنووسم چییە و چی دەبێت لە پشتی دەرگا داخراوەکانی سەرۆکایەتی حکومەتەوە، کە کەس دەستی پێی نەدەگەیشت، تەنانەت هیچ پارێزەرێک نەچووە ژێر باری ئەوەی ببێتە بریکارم و بەدواداچوون بۆ کارەکانم بکات، تا لە کۆتایی مانگی تەمووزی 2025 ئەوەلیات و نووسراوەکانم گەیشتە وەزارەتی پلاندانان و بە پلەی راوێژکار خانەنشین کرام. 

لە کۆتاییدا ئەگەر قسەیەکتان هەیە، بفەرموون؟
بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەنتەری توێژینەوەی نارین بکەم بۆ ئەم ئەرکە مێژوویەی گرتوویەتییە ئەستۆ بەرانبەر بە ژنان، بەتایبەتی ژنانی بابان، لە رێگەی بەسەرکردنەوەی خەبات و مێژووی ژنان و ناساندنی بە کۆمەڵگە و جەختکردنەوە لەو راستییەی کە ژن هیچی کەمتر نییە لە پیاو؛ لە ئێستا و لە رابردوو و لە داهاتووشدا رۆڵی گرنگیان هەیە لە خەبات و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەی کوردیدا.

 سوپاسی تایبەتم بۆ جەنابتان، کە خاتوونێکن خاوەنی مێژووی پرشنگدارن و هەردەم لە خەبات بەردەوام بوون وەکوو ژن، پێشمەرگە، سیاسەتمەدار، وەزیر، خاوەنقەڵەم... کە بە هەموو توانایەکتانەوە خزمەت بە ژن و کۆمەڵگە دەکەن و سەلماندووتانە کە ژنان دەتوانن هەموو کار و چالاکییەک بە جوانترین شێوە لە کەناڵە جیاجیاکاندا ئەنجام بدەن. 

ئەم کارەی ئێستاشتان، هەوڵێکی ترە بۆ درێژەپێدانی خزمەتکردنی ژنان و تیشک خستنە سەر مێژووی چالاکییەکانیان. هیوای سەرکەوتن بۆ خۆتان و سەنتەری نارین و هاوکارانتان دەخوازم.

هەروەها رۆڵی خاتوو ژیان کەمال بابانیش بەرز دەنرخێنم وەکوو ژنێکی هەڵسوڕاوی چالاکی بابانیی شاری سلێمانی، کە هەمیشە خزمەتی بە مێژووی بابانەکان و سلێمانی کردووە و رۆڵی زۆری هەبووە لە دامەزراندنی سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی باباندا، ئێستاش لە هەوڵی ناساندنی خەبات و ژیانی ژنانی باباندایە لە رێگەی سەنتەری توێژینەوەی نارینەوە. 

 

 * ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە

ر.س


 

Qaiwan
Qaiwan