کوردستانی

لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە


مەودا میدیا-

لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێك سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەردەكات و داواش هەموو كاندید و لیست و قەوارە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن دەكات پابەندی تەواوی یاسا و بڕیار و ڕێنمایی و ڕاسپاردەكان بن.

راگەیەندراوێک لە لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی:

ئەمڕۆ چوارشەممە 8-10-2025 بە سەرپەرشتی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگا كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵی بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دیوانی پارێزگای سلێمانی، لە كۆبوونەوەكەدا، جەخت لەسەر یاسا و ڕێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقی فیدراڵ و لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی كرایەوەو لەگەڵ پابەندبوون لەسەر یاسا و ڕێنمایی و ڕێكارەكانی پێشوو، ئەم ڕێنماییانەش پەسەندكران بەمەبەستی بەڕێوەچوونی بانگەشەیەكی ئارام و هاوسەنگ و هەڵبژاردنێكی دروست و تیوار:
ئاماژە بە فەرمانی وەزاریی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٢٢٢٧٣/ك) لە (٢٢/ ٧/ ٢٠٢٥) و، كۆبوونەوەی ڕۆژی (٥/ ٨/ ٢٠٢٥)ی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ و، فەرمانی كارگێڕیمان ژمارە (٩٦) لە (٢/ ١٠/ ٢٠٢٥) و كۆبوونەوەی ڕۆژی (٦/ ١٠/ ٢٠٢٥)ی لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ لە شاری هەولێر بە سەرۆكایەتیی بەڕێز وەزیری ناوخۆ و، كۆنووسی پەسەندكراوی كۆبوونەوەكە بە ژمارە (٣٠٩٤٩) لە (٦/ ١٠/ ٢٠٢٥) و، كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ بە سەرۆكایەتیی پارێزگاری سلێمانی لە ڕۆژی (٨/ ١٠/ ٢٠٢٥)دا، بڕیاردرا بە:
١) پێویستە هەموو فەرمانگا و دامەزراوە حكومییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئەندامانی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ، پابەندی تەواوی بڕیارو ڕاسپاردەكانی كۆنووسی پەسەندكراوی لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ، ژمارە (٣٠٩٤٩) لە (٦/ ١٠/ ٢٠٢٥) و بڕیار و ڕاسپاردەكانی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ و یاسا و بڕیارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقی فیدراڵ بن، بەپێی ئەرك و تایبەتمەندیی دیاریكراوی خۆیان.
٢) پێویستە هەموو كاندید و لیست و قەوارە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن، پابەندی تەواوی یاسا و بڕیار و ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی خاڵی (١)ی ئەم نووسراوە بن.
٣) سەرۆكایەتیی شارەوانیی شارەكان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، ڕێنمایی پێویست بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەردەكات، هەر كاندید و لیست و قەوارەیەك سەرپێچی ئەو ڕێنماییانە بكات، لەلایەن سەرۆكی یەكە كارگێڕی و بەتایبەتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی شارەكانەوە (غەرامە) دەكرێن.
٤) كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقی فیدراڵ و ئۆفیسەكانیان لە پارێزگاكاندا سزای یاسایی و غەرامەی دارایی هەر كاندیدێك دەكەن، كە دامەزراوە حكومیی و ئایینیەكان بۆ بانگەشە بەكاربهێنن، یان كەلوپەل و كەرەستەی دامەزراوە حكومییەكان بەكاربهێنن.
٥) وێنەگرتنی كارتی دەنگدان و بردنە ژورەوەی مۆبایل و هەر هۆكارێكی وێنەگرتن بۆ ناو ناوەند و وێستگەكانی دەنگدان لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیشدا بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.
٦) لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقی فیدراڵەوە بنكەی چاودێریكردنی بانگەشە لە سۆشیاڵ میدیاكاندا دیاریكراوەو سەرپێچیكار بەپێی ڕێنماییەكانیان تاڕادەی دورخستنەوەی كاندیدەكان لە كاندیدبوون دەڕوات، بۆیە پێویستە هەموولایەك پابەندی ڕێنماییەكان بن.
٧) هیچ كەس و دامەزراوەیەك لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا بەبێ باجی فەرمیی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقی فیدراڵ مافی چاودێریكردن و سەردانیكردنی ناوەند و وێستگەكانی دەنگدانی نابێت.
٨) پێویستە چاودێر و ڕاگەیاندنكار و نوێنەری وڵاتان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و دەرەكیی و نێودەوڵەتییەكان، باجی ڕێپێدانی فەرمیی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقی فیدراڵیان هەبێت.

ع
Qaiwan
Qaiwan